=KTML_Bold=خواردنەوە کحولییەکان سوودیان هەیە یان زیان؟ قورئان و زانست چی دەڵێن؟=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
ئەو پرسیارەی نێوەندە زانستی و ئەکادیمییە پزیشکییەکانی بۆ چەندین دەیە سەرقاڵ کردبوو، بەڵام لە کۆتاییدا یەکلابووەوە.
لە جیهانی زانستی و ئەکادیمیدا، کاتێک بابەتێک چەندین توێژینەوەی لەسەر دەکرێت و ئەنجامەکان بەتەواوی وەکوو یەک نین یان جیاوازیی زەق لەنێوانیاندا هەیە، هەندێک جار توێژینەوەیەکی شیکاریی گەورە دەکرێت بۆ کۆکردنەوەی داتای هەموو ئەو توێژینەوە زانستییە بەهێزانەی کە بەردەستن، ئەویش بە لێکدانەوە و شرۆڤەکردنی داتاکانی توێژینەوەکان و گەیشتنە ئەنجامێکی دیاریکراو و یەکلاکەرەوە، بەمە دەڵێن Meta Analysis Study.
سەبارەت بە خواردنەوە کحولییەکان، توێژینەوەی گەورە هەن کە دەیسەلمێنن زیانی گەورەیان هەیە، بەڵام توێژینەوەش هەیە کە دەیسەلمێنێت سوودی هەیە، بەڵام هەر یەکێک لەو توێژینەوانە بەشێکی ڕاستییەکەت پێدەڵێن نەک هەمووی.
تاوەکوو ساڵی 2018 لە زانستی پزیشکیدا یەکەی سنووردار بۆ خواردنەوە کحولییەکان دیاریکرابوو کە ئەگەر کەسێک هەفتانە لەم ڕێژەیە زیاتر نەخواتەوە، هەندێک سوودی دەبن بۆی.
بەڵام توێژینەوەیەکی شیکاریی گەورە لەسەر ئاستی جیهان کرا کە ئەم پرسەی یەکلاکردەوە، هەموو ئەو 492 توێژینەوەیەی کۆکردەوە کە لە ماوەی 26 ساڵدا 1990_2016 لە 195 وڵات ئەنجامدرابوون و شیکاریی بۆ کردن، توێژینەوەی وای تێدایە کە زیاتر لە 100 هەزار کەس بەشداربووە تیایدا. ئەنجامەکە بابەتی کەڵک و زیانەکانی خواردنەوە کحولییەکانی تا ڕاددەیەکی بەرز یەکلاکردەوە و لە جۆرناڵە زانستییە گەورەکانی دنیا وەکوو The Lancet بڵاوکرایەوە، ئێستا توێژەر، زانستخواز و ئەکادیمیستەکان دەزانن ئەمە چ جۆرناڵێکە و چ قورساییەکی زانستیی گەورەی هەیە.
ئێستا وەرە و بێ خۆبارگاویکردن بە بابەتی ئایینی و دژەئایینی سەیرکە، بزانە جیاوازیی نێوان ئەم دوو پەیامە چییە؟
(يَسْأَلُونَکَ عَنِ الْخَمْرِ وَالْمَيْسِرِ ۖ قُلْ فِيهِمَا إِثْمٌ کَبِيرٌ وَمَنَافِعُ لِلنَّاسِ وَإِثْمُهُمَا أَکْبَرُ مِن نَّفْعِهِمَا)
ئەمە ئایەتی ژمارە 219ی سوورەتی بەقەرەیە، بە سادەیی و پوختی مەبەستی ئایەتەکە لە ئاماژەدان بە خواردنەوە کحولییەکان سەرخۆشکەرەکان بەڕوونی ئەوەیە کە سوودی هەیە، بەڵام زیانەکەی گەورەترە، پێشتر لە باسی مەنافیعدا زیاتر وەک سوودی بازرگانی لێکدراوەتەوە، بەڵام دەکرێت مەبەستی سوودی تەندرووستیش بێت کە هەندێک توێژینەوەی زانستی پشتڕاستیان کردووەتەوە.
The conclusion of a meta-analysis study in 195 countries between 1990-2016;
alcohol is a colossal global health issue and small reductions in health-related harms at low levels of alcohol intake are outweighed by the increased risk of other health-related harms, including cancer.
پوختەی ئەنجامی توێژینەوەیەکی شیکاریی گەورە کە لە زمانی ئەکادیمی و زانستیدا بە مێتا'' ناسراوە، شرۆڤە و لێکدانەوەی داتای هەموو ئەو توێژینەوانەی لە 195 وڵاتدا لە ماوەی نێوان ساڵانی 1990_2016 ئەنجامدراون، مانا پوخت و سادەکە کە بابەتەکەمان پێویستیی پێیەتی بە نزیکەیی ئاوایە:
خواردنەوە کحولییەکان کێشەیەکی جیهانیی گەورەن، کەمکردنەوەیەکی بچووکی هەندێک گرفتی تەندرووستی لە کاتی بەکارهێنانی ڕێژەیەکی کەمی کحول بەرانبەرە بە بەرزکردنەوەی مەترسیی گرفتی دیکەی تەندرووستی، لەوانەش شێرپەنجە.
لێرە لێکچوونێکی گەورە لەنێوان گەورەترین توێژینەوەی شیکاری و دەقی ئایەتە پیرۆزەکە هەیە، چونکە بەڕوونی ئاماژە دراوە بەوەی زیانەکانی کحول لە سوودەکانی زیاترن، تووشبوون بە شێرپەنجە لە زیانە گەورەکانە.
تاوەکوو ئێرە پەیامی ئایەتەکە و توێژینەوە مێتاکە نزیکن لەیەکەوە، بەڵام زانست تووندتریش دەڕوات کاتێک لە توێژینەوەکەدا هاتووە:
There is strong support here for the guideline published by the Chief Medical Officer of the UK who found that there is “no safe level of alcohol consumption
لێرەدا توێژینەوە مێتاکە پاڵپشتییەکی بەهێزی ئەو بیرۆکەیە دەکات کە دەڵێت هیچ بڕێکی کحول سەلامەت نییە، بەمەش جەدەلێکی گەورەی زانستی تاڕادەیەکی زۆر یەکلابووەوە.
بەڕێزان؛
یەک توێژینەوە لە بابەتێکی وا هەستیاردا کە باسی سوودی کحول دەکات هەرگیز بەس نییە، بەڵکوو پێویستە کۆی هەموو ئەو توێژینەوانەی لەو بارەیەوە کراون شرۆڤەیان بۆ بکرێت، هەر وەک لە مێتا ستەدییەکە ئەنجامدراوە.
ئینجا ئەوە بزانن من ئامانجم لایەنە ئایینییەکە نییە، ئەی بۆ باسی ئایەتێکم هێناوەتە نێو بابەتێکی زانستی؟ چونکە بەدوای هەموو دەرفەتێکەوەم کە پەیامە تەندرووستییەکەم باشتر بگەیەنێت، بەدوای هەموو یەکانگیرییەکم لەنێوان هەر کایەیەک و کایەی تەندرووستیدا، بەڵکوو ئێوە تەندرووستتر و خۆشبەختتر بژین.. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!