=KTML_Bold=خەڵاتێکی 28 دەفتەر دۆلاری=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
بە گوڕوتینێکی زۆرەوە چاوەڕێی بینینی بەڕێوەبەری پڕبینەرترین تەلەڤزیۆنی کوردیم دەکرد، پرۆپۆزەڵێکم ئامادەکردبوو و لە بەرگێکی جوان دا ئەم دەست و ئەو دەستم پێدەکرد.
لەنێو خەیاڵیشمدا هەموو ئەو منداڵ، ژنی دووگیان، مام حاجی و دایە حاجییانەم دەهاتەوە بەرچاو کە بەهۆی نەبوونی هۆشیاریی تەندروستییەوە لە نەخۆشخانەکان گیان لەدەستدەدەن، ئەو گەنجانەم بیردەکەوتەوە کە چۆن لە تەمەنێکی زوودا جەڵتەی دڵ یان مێشک لێیدابوون و بە نیوەییەوە دەیانهێنانە بەردەممان و نەماندەتوانی رزگاریان بکەین. ئەو خەڵکانەم بیر دەکەوتنەوە کە تەنانەت بە یەک وشەش زانیاری و هۆشیاریی تەندروستییان پێنەدرابوو و هێندە کۆڵەوار بوون، دڵم ژانی دەکرد بۆیان.
بانگیانکردم و چوومە کۆبوونەوە، پرۆپۆزەڵەکەمم خستە بەردەستی جەنابی بەڕێوەبەر و کەوتمە باسکردنی خراپیی هۆشیاریی تەندروستی لەنێو کورد و بەراوردم کرد بە بەرزیی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، پێیمگوت من لە نەخۆشخانەم و دەزانم دۆخەکە چەند خراپە. مرۆڤ هەیە دەمرێت و دەتوانین تەنیا بە یەک وشە رێگری لە مردنی بکەین، بەڵام کەس نییە ئەو وشەیەی پێبگەیێنێت پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت، بە بەرنامەیەکی تەندروستیی باش دەتوانین خەڵک هۆشیاربکەینەوە و کوالێتیی ژیانیان سەربخەین، هاوکات شەڕی نەخۆشی ببەینە دەرەوەی دیواری نەخۆشخانەکانمان.
وەڵامی گەرم و جۆش و خرۆشە پزیشکییەکەمی بە سارد و سڕییەکی زۆرەوە دایەوە، ئێمە نابێت بەرنامە و هەواڵی سیاسیمان نەبێت، بەڵام یەک وشەی تەندروستیمان نەشبێت کەس پێمانناڵێت بۆ نیتانە؟
بەڵام لەبەرئەوەی تۆ گەنجیت و بە حەماسێکی زۆرەوە هاتوویت، سپۆنسەرێکی 280 هەزار دۆلاریی پەیدابکە و وەرەوە، من نەمدەزانی ئەو ژمارەیە دەکاتە چەند، زۆر سوپاسم کرد و هاتمەوە دەرەوە و خێرا تەلەفۆنم بۆ هاوڕێیەکەم کرد، ئەلوو، پیرۆزە سەرکەوتین، رازیبوو بەرنامەیەکی تەندروستی بکەن، تەنیا سپۆنسەرێکمان پێویستە بە 280 هەزار دۆلار، هاوڕێیەکەم گوتی ئینجا تۆ دەزانی ئەو پارەیە چەند دەکات، گوتم نەوەڵڵا، گوتی دەکاتە 28 دەفتەر!
ئەمە ساڵی 2011 روویدا، ئەوکاتە بەرنامە و هەواڵی تەندروستی لە تەلەڤزیۆنە کوردییەکاندا نەک لە دوای دواوەبوون، بگرە زۆریان هەر بەلایدا نەدەچوون، لەکاتێکدا ئەوسا و ئێستاش تەندروستی لە هەموو پرۆگرام و بەرنامەکانی دیکەیان گرنگتر و پێویستترە.
کاتێکی زۆر تێپەڕی و بیستم رۆژنامەی رووداو دەبێتە تەلەڤزیۆن، خێرا خۆم گەیاندە ئێرە، بەڵام ئەوەی بینیم تەواو جیاواز بوو لەوەی لە تەلەڤزیۆنەکانی دیکە بینیبووم، ئەوانەی لە رووداو لەگەڵم دانیشتن وردتر و جیاوازتر بیریان دەکردەوە، نەک هەر ئەوەندە، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو پێیگوتم دەبێت هەواڵی رۆژانەی تەندروستیشمان هەبێت، دەبێت تەندروستی لە هەموو تۆڕەکە هەبێت، دێسکی تەندروستیمان هاوشێوەی وەرزشی، ئابووری و بەشە سیاسییەکان دروستکرد و هەمان بایەخی پێدرا، کەسیش باسی پەیداکردنی سپۆنسەریی لەگەڵ نەکردم.
ڕووداو لە هەموو بوارەکاندا ناوازە و بێ هاوتایە، بەڵام ئەزموونی رووداو لە تەندروستی دا هێندە دەگمەنە کە دەکرێت راگەیاندن بە گشتی و هۆشیاریی تەندروستی بەتایبەتی دابەشبکەین بۆ سەردەمی پێش رووداو و دوای رووداو.
ماڵپەڕ، سۆشیاڵ میدیا، رادیۆ، رۆژنامە، بەرنامە لە تەلەڤزیۆن و رادیۆ، هەواڵە تەندروستییەکان و چەندین پڕۆژە و بەرهەمی دیکەی میدیایی و هۆشیاری لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا لەلایەن رووداوەوە پێشکێشی بینەرانی کورد لە هەموو جیهان کران، ئەوەی رووداو لەم لایەنە کردی بووە مۆدێڵ و ئێستا هەمووان بە هەر شێوازێک بێت بەرنامەیەکی تەندروستی هەر دەخەنە سەر شاشە!
ئێستا لەڕووی بینەر، ژمارەی پێوانەیی لای بەرنامە تەندروستییەکانی رووداوە، هەر بە نموونە، بەرنامەی رەمەزاندروستی لە 24 رۆژدا 21 ملیۆن بینراوی تەنیا لە سۆشیاڵ میدیای رووداو هەبوو، ئێستا هەمووان لاسایی دەکەنەوە و بە هەمان کۆنسێپت لەگەڵ هەمان کەسایەتی بەرنامە دەکەن و لە هەمان یاریگەدا دووگۆڵی دەکەن!
پێشتر بەرنامەی نۆڕین لە هەفتەیەکدا پێنج ملیۆن بینراوی هەبووە، بەڵام بەرنامەی دکتۆر ئاراس ئەو ریکۆردەشی شکاند و ئێستا لە هەفتەیەکدا حەوت ملیۆن بینەری تێپەڕاندووە، ئەوەشتان لەبیربێت کە ئێمە تەنیا بۆ ڤیو بەرنامە ناکەین، ئامانجەکە کاریگەرییەکەیە، ئەنجامەکەشی بە چاوی خۆمان دەبینین.
نۆ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پەخشی رووداو تێدەپەڕێت و لە کاژێری پێنجەمی تەمەنی تەلەڤزیۆنی رووداوەوە تاوەکو ئێستا بەرنامەی تەندروستی لە شاشە دانەبڕاوە، ئینجا ئەو بەڕێوەبەرەی کە داوای 28 دەفتەر دۆلاری لێکردم و بێباکانە وەڵامی مردنی خەڵکی بەهۆی نەبوونی هۆشیاریی تەندروستی بە سارد و سڕی دایەوە، نە ئەوکاتە و نە ئێستا و نە داهاتووش ناتوانێت بەرنامەیەکی هاوشێوەی بەرنامە تەندروستییەکانی رووداو رێکبخات، ئەگەر توانی یەک ئەڵقەی بەرنامەیەکی وا بەرهەم بێنێت، 280 هەزار دۆلاری وەک خەڵات پێشکێش دەکەم. خەمتان نەبێت، سواڵیشم کردبێت پەیدای دەکەم. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=