ناو: ئەحمەد
ناوی باوک: جەرجیس حەسەن محەمەد
ساڵی لەدایکبوون: 1941
ساڵی شەهیدبوون: 1969
شوێنی لەدایکبوون: گوندی جوجەلی گچکەی سەربە شارۆچکەی #بەردەڕەش#
شوێنی شەهیدبوون: شەڕی خڕە و هەرشەم لە دەڤەری سوورچیان، #ئاکرێ#
$ژیاننامە$
ئەحمەد جەرجیس حەسەن محەمەد لە ساڵی 1941 لە گوندی جوجەلی گچکەی سەربە شارۆچکەی بەردەڕەش لە دایکبووە. دانیشتووی شاری #هەولێر# بووە و سەرقاڵی کەسابەتی ناو بازاڕی هەولێر بووە، خێزاندار بووە و خێزانی ناوی زوڵێخا ڕەمەزانە و خاوەنی یەک کوڕە بووە بەناوی عەبدوڵڵا.
$خەباتنامە$
شەهید ئەحمەد جەرجیس لە ساڵی 1963 بووەتە ئەندام لە شانەی نهێنی سەید ئەحمەد باداوان، کە سەربە #فارس باوە# فەرماندەی بەتالیۆنی دەشتی هەولێری #پارتی دیموکراتی کوردستان# بووە، ئەم شانەیە ئەرکیان کاری ڕێکخستن و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دوژمن و ئەنجامدانی چالاکی چەکداری بووە لەناو شاری هەولێر، هەروەها ئەم شانەیە پێکهاتووە لە 11 ئەندام بەناوەکانی سەید ئەحمەد بەرپرسی شانە، سەید قادر، ئەحمەد جەرجیس، سەید شوکری، سەید دارا، محەمەد سلۆ، عەلی عومەر، سەید هاشم، سەید جاسم، عەبدوڵڵا و ساڵح.
دوای هەڵگەڕانەوەی #جەلال تاڵەبانی# و جەلالییەکان لە شۆڕشی ئەیلوول، پلانی شەهیدکردنی کادرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەناو شاری هەولێر دادەنرێت. لە یەکەم کاریاندا لە ساڵی 1966 لە گەڕەکی #تەیراوە#ی شاری هەولێر سەید جاسمیان شەهید کردووە. دوای بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە ئەحمەد جەرجیس و چەند ئەندامێکی شانەکەیان هەر ئەو ڕۆژە هەولێر بەجێ دەهێڵن و پەیوەندی دەکەن بە فارس باوە فەرماندەی بەتالیۆن و بوونەتە پێشمەرگە.
لە دوای دامەزراندنی هێزی دەشتی هەولێر لە ساڵی 1967 شەهید ئەحمەد جەرجیس پلەی سەرپەلی لە لقی یەکی بەتالیۆنی سێی هێزی دەشتی هەولێر وەرگرتووە، کە لەو کاتەدا مەلا عومەر محێدین پلەی سەرلقی یەک و شەهید ئەحمەد حاجی پلەی فەرماندەی بەتالیۆنی سێیان وەرگرتووە.
لە ساڵی 1969 لە شەڕی خڕە و هەرشەم لە دەڤەری سوورچیان، کە ڕووبەڕووی سەرباز و جاشی ڕژێمی ئەو کاتی ئێراق بوونەوە، ئەحمەد جەرجیس فیشەک بەر سینگی کەوتووە و بەسەختی بریندار بووە، هاوسەنگەرانی هەوڵیان داوە بیگوازنەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام کە گەشتوونەتە نزیک گوندی ڕەزگە ئەحمەد جەرجیس بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بووە. [1]