ناو: ئیسماعیل
ناوی باوک: عەوڵا حەمەد ئیسماعیل
ساڵی لەدایکبوون: 1954
ڕۆژی شەهیدبوون: #01-01-1983#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی ئاشۆکانی سەربە دەڤەری بەڕانەتی پارێزگای #هەولێر#
شوێنی شەهیدبوون: #بەغدا#
$ژیاننامە$
ئیسماعیل عەوڵا حەمەد ئیسماعیل لە ساڵی 1954 لە گوندی ئاشۆکانی سەربە دەڤەری بەڕانەتی پارێزگای هەولێر لە دایکبووە، گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری جوتیاری بووە، قوتابی قۆناغی ناوەندی بووە، لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول تەواوی بنەماڵەکەی ئاوارەی وڵاتی ئێران بوونە و تا ساڵی 1991 دەرفەتی گەڕانەوەیان نەبووە و لە شارۆچکەی خانێ نیشتەجێ بوونە، ئیسماعیل عەوڵا خێزاندار بووە و خێزانی ناوی سێوێ ڕەسوڵ عوسمان بووە و خاوەنی یەک کوڕ و دوو کچ بووە بەناوەکانی بارزان، هەدیە و غەزال.
$خەباتنامە$
شەهید ئیسماعیل عەوڵا لە ساڵی 1969 بووەتە پێشمەرگە لە پەلی عەلی ڕەزا لە #حاجی ئۆمەران#، ئەم پەلە لە ساڵی 1961 دامەزراوە و ڕاستەوخۆ پەیوەندیان لەگەڵ بارەگای بارزانی هەبووە و بارەگایان لە دەڤەری بارزان و حاجی ئۆمەران بووە.
لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و ئاوارەیان لە وڵاتی ئێران، شەهید ئیسماعیل عەوڵا و بنەماڵەکەی چەکیان دانەناوە و بەردەوام بوونە لە خەباتی چەکداری خۆیان، دوای بەستنی کۆنگرەی نۆیەمی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە ساڵی 1979 و دامەزراندنی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەلەکەی عەلی ڕەزا کە شەهید #فەرهاد عەلی# سەرپەلی بوو، کرانە مەفرەزەی پارتیزانی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و شەهید فەرهاد عەلی کرا فەرماندەی ئەو مەفرەزەیە و شەهید ئیسماعیل عەوڵا لەم مەفرەزەیە درێژەی بە خەباتی چەکداری خۆی داوە، ئەم مەفرەزەیە لەسەر سنووری نێوان ئێراق و ئێران ئەرکیان پێ سپێردرا.
لە مانگی 6ی 1982 ئیسماعیل عەوڵا و دەستەیەک لە هاوسەنگەرانی ویستوویانە بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکی پارتیزانی بچنە دەشتی قەراج و کەندێناوە، بەڵام کە گەشتوونەتە نزیک گوندی #قۆریتان#ی سەربە پارێزگای هەولێر، کەوتوونەتە بۆسەی سەرباز و جاشی ڕژێمی #بەعس# و ڕووبەڕوویان بوونەتەوە. دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دوو کاتژمێری لە ئەنجامدا ئیسماعیل عەوڵا و بەشێک لە هاوسەنگەرانی بەبرینداری دەستگیر کراون و گوازراونەوەتەوە بۆ شاری بەغدا و دادگای سەورەی بەغدا سزای لەسێدارەدانی سەربازی فیشەک باران بۆ ئیسماعیل عەوڵا و هاوسەنگەرانی دەرکردووە.
لە ڕێکەوتی 01-01-1983 بڕیاری لەسێدارەدانەکە جێبەجی کراوە و ئیسماعیل عەوڵا حەمەد، فەرهاد عەلی ڕەزا و #ئەسکەندەر عەلی ڕەزا# لەسێدارە دران و شەهید بوونە.[1]