خۆی کردیتە شێخی سەنعان
یاخود: خۆی کردووە بە شەریفی مەککە.
وتراویشە: خۆی کردووە بە شەریفی مەککە، شێخی سەنعان شاعیری گەورەی کورد #فەقێ تەیران# چیرۆکەکەی وەکوو هەڵبەست هۆنیوەتەوە و داستانی شێخی سەنعانی بەزیندوویی هێشتۆتەوە، بەم شێوەیە باسی کردووە:
شێخەک هەبوو سەنعانیان
سەرداری پانسەد سۆفیان
چووبوو مەقامی ئەولیان
کەسێکی بڕوادار و لە خواترس بووە، دواتر بۆ کچە گاورێک لە دین وەردەگەڕێت و #هێمن موکریانی# گەورە شاعیری موکریانیش فەرموویەتی:
شێخی سەنعان بۆ کچی گاور لەئیسلام وەرگەڕا
من خەریکە بۆ کچە شێخێ پەژیوان دەبمەوە
ئەوە کراوە بە ئیدیۆم و ئەگەر کەسێک واخۆی نیشان بدات کە زۆر باش و چاکەکارە کەچی لە بنەچەشدا وانەبێت بەتەوسەوە دەوترێت: خۆی کردیتە شێخی سەنعان.[1]