=KTML_Bold=ئایدۆلۆژیای عوسمانییە نوێکان؛ فڕین لەسەر باڵەکانی فاشیزم و ئایین=KTML_End=
#ئاسۆ عەبدوللەتیف#
خراپترین فاشیزم و ستەمکاریی ئەوەیە بەناوی ئایین و دیموکراسی و لەپشتی ئه و پەردەوە ئەنجام بدرێت، وەک ئەوەی ئێستا لەتورکیا روودەدات بەرانبەر بە فەزای ئازادی و تەڤگەری کوردی و بزووتنەوەی گویلەن و خودی یاسا و دیموکراسی.
دوایین ئەڵقەی ئەم فاشیزمە بە پشت بەستن بە فەوزای گشتی و یاسای باری نائاسایی و نەرمینواندنی پارتەکانی وەک جەهەپه و مەهەپە روو دەدات کە لەدوای کۆدێتای 15ی تەمموز/ یۆلیۆی 2016ەوە دەسەڵاتی ڕەهایان بەخشییە سەرۆک کۆمار کە بە ئارەزووی خۆی و بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و حکوومەت و دەزگا دەستووری و تەشریعییەکان کاری خۆی بکات دژی نەیارەکانی، بۆیە ئیتر رەخنەکانی کڵیجدار ئۆغلوی سەرۆکی جەهەپە و هەندێ سیاسی ئۆپۆزیسیۆن، کاریگەریی نابێت بۆ سەرچڵی و مۆنۆپۆڵگەرییەکانی ئاکەپە.
گرتنی هاوسەرۆکانی هەدەپه و هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد، نە کردارێکی عەفەوییه و نە پەرچەکردارێکی سادە و عاتیفی، بەڵکو بەرەنجامی خەیاڵدان و بەرمەبنای بیرکردنەوەی گرووپێکی ئایینی سیاسیین بەناوی عوسمانییە نوێکانەوە، کە خەون بە دیوێکی دیکەی خەلافەتی ئایینییەوە دەبینن هاوشێوەی #داعش#، بە پشتبەستن بە هەندێ وڵاتی عەرەبی و بزووتنەوەی ئایینی، هەروەک ئەمە بەرەنجامی ئایدیاڵی کەسێکی تینووە بۆ سەرپێخستنی ئیمپراتۆریەتێکی ئایینی رووکەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە برایانی وەک ئەربەکان و داودئۆغلو رەنگڕێژیانکرد و ئێستاش ئیخوان موسلیمین پشتگیری دەکات، واتە پلانەکە فراوانترە لەوەی دەبینرێت لەسەر شاشەکان، ئەم توندوتیژی و گرتن و سیاسەت و ستەمکارییە، بەشێکە له و دەسەڵاتە رەهایە کە بەدەر لە یاساکان دراوە بە ئەردۆغان و کۆمەڵگای ئەمریکی و ئەوروپیش بەرپرسن تێیدا ئەگەر ئاگاداری نەبن، ئەردۆغان بەهەر نرخێک بێت دەیەوێت دەموچاوەکانی سیستم بگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتییەکی تاکڕەو، ئەگەر بە خەرقی دەستووری و لێدانیش بێت لە دیموکراسی، ئاستەنگی سەرەکیش کوردەکانن چ لە باکوور و چ لە رۆژئاوا.
ئەوەی تورکیا لێی دەترسا سەڵاحەددین دەمیرتاش بیکات و پیشەسازی پێوە بکات، وێرای هەموو ئاستەنگ و ململانێ ناوخۆییەکان، بریتی بوو لە شۆڕشێکی نەرم و لۆبیکردنێکی عاقڵانەی هێزێکی کوردی بەرەو ئاساییکردنەوەی دۆخی باکوور لەگەڵ دەوڵەتی ئاکەپە، بێگومان ئاکەپە و ئەردۆغان بەوە رازی نەبوون و نین و رێگە بە ئارامبوونی باکوور نادەن، لەسەر حسابی ئاسایشی نەتەوەیی و بچووکبوونەوەی تورکیا، ئەردۆغان خوازیارە بەتەواوی هەدەپە وەک باڵێکی میانڕەوی پەکەکە جیابکاتەوە و بەتەواوی ئەم باڵە تەریک و لاواز بکات و چیتر پەکەکە خەون بە هێزێکی مەدەنی و پەرلەمانی وەک هەدەپەوە نەبینێت، بەواتایەکی تر ئەردۆغان دەیەوێت یەک جار شەڕبکات و شەڕەکەش لەگەڵ هەموو کوردبێت، واتە پاکێجەکانی هەدەپە و ئامەد و قەندیل بکاتە یەک پاکێج و دواتریش بە جیا گفتوگۆ بکات لەگەڵ پاکێجی ئیمرالی، بۆیە ڕاستەوخۆ خەریکی لێدانە لە رەمزەکانی کورد و راپێچکردنیان بۆ زیندان، بەبیانووی پشتگیرییان بۆ پەکەکه و نەچوونیان بۆ بەردەم یاساو بانگێشتی داواکاری گشتییەوە.
ئەگەرچی ئەم پرۆسەیە ئەوکاتە دەستیپێکرد کە ئاکەپە لە پەرلەمان یاسای لابردنی پارێزبەندییان بە تۆپزیی تێپەڕاند بە کۆی 376 دەنگ و هیچ جووڵه و خۆپیشاندانێکی لێنەکەوتەوه، کە دەبوو مانگرتنی گەورە ئەنجام بدرایە لە پەرلەمان وەک ڕاپەڕین و ئینسیاتیڤی مەدەنی، ئەردۆغان دەزانێت بۆ ئەم قۆناغە شەڕو توندوتیژی دەستکەوتی گەورە دەبێت بۆی و مەلەکردنە لە ئاوی لێڵدا، بەتایبەتی هێشتا داعش ماوه و ئەمریکاش سەرگەرمی هەڵبژاردنە و هاوپەیمانانیش لەشەڕی رەققه و موسڵ و دۆخی سوریا هێشا ئاتاجیان بە تورکیا هەیە وەک هێزێکی گەورەی ناتۆ.
دەمیرتاش و تیمەکەی دەزانن جەنگ مەترسیدارە بۆ دۆزی کوردی و لەم دوو ساڵەدا چەند زیانی گەورەی گەیاندووە بە تەڤگەری کوردی، تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نێوبانگی کوردی، بە دیوەکەی تردا ئاشتی چەند پاڵپشت و فاکتەری بنچینەییە بۆ سەربەخۆیی و خۆسەری دیموکراسی و جێبەجێکردنی تێز و بیرکردنەوەکانی ئۆج ئالان، بەتایبەتی مۆدێرنێتەی دیموکراسی، بۆیە هەمیشە لۆژیکی شەڕ لە تورکیا زاڵە بۆ لەباربردنی ئەم خەونە، ئەوەش ئەردۆغان و ئاکەپەی راگرتووە، لە ئێستادا پەلاماردان و لەشکرکێشی و فەزای میلیتاریزەکردنە تا کورد پرسە گرنگەکەی بیربچێتەوە، کەواتە دەمیرتاش نوێنەری ئاپۆیە لە دەرەوەی زیندان، بۆیە ئەردۆغان پەلاماری دەدات وەک سومبولێک بۆ کۆتاییهێنان به و هەستانەوە و هۆشیارییە نەتەوەییە، دەشزانێت دەمیرتاش دەستەکانی بۆ گوللە و فیشەک دروستنەکراون، بەڵکو ئەو دەستانە هی ئاشتی و کتێب و تەوقەی دانوستاندنە بۆ گەلێکی بەشمەینەت.
ئێستا تورکیا و باکوور لە دۆخێکی خراپدان، شتێک نییە و نەماوە بەناوی کرانەوە و دیموکراسی و ئازادی، تەنانەت دوای تێپەڕاندنی بەربەستی دەستووری %10 ی کەنعان ئیڤرەن بۆ رێگریی کاری پەرلەمانی کەمینەکان، کە #هەدەپە# ئەو بەربەستەی بڕی و لە دوو هەڵبژاردنی فەرمیدا سەرکەوتنی مسۆگەرکرد، لەگەڵ بردنەوەی زیاتر لە 100 سەرۆک شارەوانی، هەڵبژاردنەکانی 30 حوزەیران و 1 ی نۆڤەمبەری 2015، تا هەڵگیرسانەوەی ئۆپەراسیۆن و جەنگ و تەقینەوەکانی باکوور و لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارانی هەدەپە، بۆیە درێژەکێشانی جەنگ تورکیایەکی لاواز بەرهەمدێنێت و ئابووریی تورکیا بە تەواوی لاوازدەکات و هێز و نەیارەکانیش بەهێزتر لە جاران دێنەدەرەوە، بۆ نموونە هەدەپە، کە خاوەنی پێنج ملیۆن دەنگدەری حەقیقین، لە بنەرەتدا دۆزی کوردی دۆزێکی زیندووە و ئەزموونی رۆژئاواش لە پشتی ئەم دۆزەوە وەستاوە، بە گرتن و راوەدوونان و لێسەندنەوەی متمانەی نەک سەرۆک شارەوانییەکان کە بە دەنگ و دیموکراسی هاتن و بە شێوەیەکی ناشارستانییانە لێیان وەرگرتنەوە، بەڵکو بە دەرکردنی تەواوی پەرلەمانتارانی هەدەپە و کوشتن و کۆمەڵکوژیش، هێشتا دۆزی کورد ئەوەندە کاریگەری دەمێنێت، تورکیا بخاتە لێواری مەترسی یەکپارچەیی. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=