=KTML_Bold=وەهمی زانکۆییەکان!=KTML_End=
#ئاسۆ عەبدوللەتیف#
زانکۆییەکانی کوردستان، زۆر بوون، فرە چەشنن، دواتر لە خوارەوە باسی دەکەم کێن، ئەوان بۆچی بە کۆڵێک بڕوانامەوە مەیدانی پڕکێشه و ئاریشەی زانکۆ بەجێدەهێڵن بۆ بەدەستهێنانی پۆستێکی پەرلەمانی کاتی عێراقی یەکگرتوو؟.
ئەمە راکردنە لە بەرپرسیارێتی مێژوویی و پەروەردەیی، ئاخۆ ئەگەر زانکۆکان وەک پەرلەمان، تێرکەری حەزو خواستە مادیەکانی کاراکتەری پاڵێوراو بووایە، کەس رێگای هات و هاواری بەغدای هەڵدەبژارد، بێگومان نەخێر، کەواتە سیستمە پەرلەمانیەکه و ئیمتیازەکان و نادادی لە موچه و پلە زانستی و سیاسی و کارگێریەکان لە بنەرەتدا بێماناو داڕزاوە.
مۆدێلی هێنانە پێشەوەی زانکۆییەکان سەرکەوتوو نیە بۆ ئایندەی ئەم وڵاتە، لە داهاتووشدا سەرکەوتوو نابێت، هەڵۆ دەبێت هێلانە لە جێگایەکدا بکات، کە جێگای خۆی بێت، بەرزو سەرکەش و عاسی، دۆزینەوەی شوێنگای خۆت زۆر گرنگە، بکەری زانکۆیی وڵاتی من هەر دەمه و لە شوێنێک هێلانه و شوێن خۆش دەکات، گەریدەیەک نییە بەشوێن مەعریفه و پرسیارو گومان و کەڵکەڵەی زانستی ئەوەندەی گەریدەیەکە بۆ شوێن و پۆست و ئارامشی نەرجسیانەی خۆی، بۆیە هەرگیز بێچوەکان نابنە هەڵۆو هەمیشە لە نزمیدا دەنیشنەوه و چۆلەکەیەک زارەترەکیان دەکات، ئەم زانکۆییانە ناتوانن کێشه و قەیرانەکانی ئەم وڵاتە بە ئاراستەی ریفۆرمدا بەرن، بنەرەتی کێشەکە ئەوەیە ناوەندی زانکۆیی عێراق بە کوردستانیشەوە خۆی وێرانەیه و هەر خۆی درووستکەری بەشێکی قەیرانەکانە، باشە زانکۆیەک خۆی قەیران بێت چۆن دەتوانێت قەیران چارەسەربکات؟.
مامۆستایانی زانکۆ، ئێستا کە به و قەبارەیەوە هاتوونەتە ناو کایەی سیاسی و ژێر پەرچەمی حیزبەکانەوه و سیڤیەکانیان کردۆتە کاڵاو تەبلیغات و ریکلامێکی سیاسی هەرزان، ئەمە خۆی پەیوەندی بە سایکۆلۆژیەتی روخاوی ناوەندی زانکۆییەوە هەیە، کە رێگە دەدات ئاوا رەمزەکانی خۆیان بخەنە بازاڕ، ئاخر خۆت سایکۆلۆژیەتت رووخاو بێت و پلیشاوەی ژێر سیستمێکی کۆن و کلاسیکی بێ بەرهەم و دەغەزار بیت، چۆن دەتوانیت سیستمێک به و بیماری و کێشە زۆرانەوە قوتار بکەیت، یان هیچ نەبێت چۆن بەڵێن دەدەیت به و خەڵکە کە دەزانیت بەڵێنەکان نایەنەدی؟.
ئەوە فاکتێکی چەسپاوە لە عێراق، سیستم دامەزراوە نیە، پەرلەمان تەوافوقی و مەزهەبی و ئیتنیە، حکومەت خۆی حکومەتێکی تائیفی مەزهەبی نیمچە زۆرینەی شیعییە، کۆمار، کۆمارێکی تەشریفاتی خۆشڕەفتییە، یاساکانیش لاستیکیه و دادگاکانیش کارتۆنی، سوپاش بەناو سوپایە ئەگینا بریتیە لە میلیشیات و عوساتی ئەهلی سوننه و شیعە و حەشدەکانیان، ئیتر ئەم دۆخە بە مامۆستایەکی زانکۆ، چۆن دەگۆڕێت ئاخر چۆن؟.
باشە ئەم مامۆستایانەی زانکۆ چۆن دەتوانن ئه و هەموو بەڵێنە خۆشخەیاڵ و فەنتازیا پرتەقاڵیانە بدەن بە گوێی دەنگدەری کوردیدا لەکاتێکدا ئەوە دۆخەکەیه و باش دەزانن گۆرانکاری ریشەیی و چاککردنی دۆخی سیاسی عێراق لە دەستی ئەواندا نیه و ناشبێت، یان لەکاتێکدا دەزانن ئەکادیمیەت و مەعریفه و ئەبستمۆلۆژیا، شوێنێکی نیبە لە هەیکەلی سیاسی عێراقی نوێدا، ئەمە لە دوای ئیمپراتۆریەتی بابلی و کۆتایی سەردەمی حەمورابیەوە درێژبۆتەوە تا ئێستای عەبادیی، ئێستا ئه و سەردەمەیە دوکتۆرایەکت بۆ دێننە ماڵەوە بە شێوەیەکی ئاسان و دراماتیکی و هیچ فەلسەفەیەک نەماوە بۆ خوێندن و زانست و وێژە لە عێراقدا، ئەوەی هەیە روکەشێکه و بەس.
لە باشترین حاڵەتدا واباشتربوو ئەم زانکۆییانە گروپی فشاربوونایە لەسەر دەسەڵات، بەمانایەکی تر رێنماییکاری سیاسیەکان بوونایە، پاشان کاریان بکردایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و مەعریفی زانکۆکان و لە دەستێوەردانی حیزبی رزگاریان بکردایە، زانکۆیان بکردایەتە مۆدێلی نارەزایەتی و فشاری مۆدێرن و روبەرێک بۆ دیبەیت و سیمپۆزیۆم و رەخنەی جددی و بەرههەمهێنانی فیکرو ئاراستە درووستەکە، کەچی لەبری ئەمە دێن تەنها خۆیان رزگاردەکەن لە دۆخی خراپی زانکۆو لە دەرەنجامیشدا بەدەستی بەتاڵ دەگەرێنەوە زانکۆکان و ئەوکات کەسێک نیە گوێ بگرێ بۆ داواکانیان و ئیدی زانکۆ لە خراپەوە بۆ خراپتر دەڕوات.
هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم هەموومان سیاسی بین و سیاسەت بکەین، ئەگەرچی کەس سیاسەتی بە شێوە درووستەکە نەکردووە، تەنانەت هەڵەیە دادوەرەکانیش بێنە مەیدانی خۆپاڵاوتنی جەماوەریی و ناو کایه و کاری سیاسی و پارلەمانی، چونکە ئەوانیش دەسەڵاتی خۆیان هەیە کە دەسەڵاتی دادوەریه و هەرگیز نابێت تێکەڵ بکرێت بە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، بەڵام لە عێراقدا ئەمەش ئاسایی بۆتەوە.
ناکرێ وابزانین ئەوەی دوکتۆری زانکۆ بوو ئیدی دەتوانێت رەوشی سیاسی و ئابووری چاک بکات، تیۆری مەعریفی و ئەکادیمی زانکۆیی شتێکه و فاکت و واقیعی سیاسی و ئیداری شتێکی دیکە، بەخۆرایی ئەم رەمزە زانکۆییانە ناکرێ بخەینە خزمەتی پرۆژەیەکی سیاسی و ململانێیەکی ناشیرینەوە، مامۆستایانی زانکۆ زۆر کایە هەیە ئیشی تێدا بکەن، زۆرکاریان هەیە تەواوی بکەن، زۆر رووبەر هەیە دەتوانن چاکی بکەن، زۆر برینیش هەیە سارێژی بکەن، یەکەم رووبەر کە ئەوان پێویستە دەستی بۆ ببەن، روبەرە نزیکەکەی خۆیانە نەک چوونە بەغداد، بەخشینەوەی ئیراده و چاککردنی سیستمی پەروەردەیی خوێندکاران، پاککردنەوەی زیهنیەت و فیکرو جیهانبینی خۆیان لەدەستی کەلتوری باوی حیزبی، مرۆڤ کە توانی باش بیر بکاتەوه و بدوێ و بنوسێت، دەشتوانێت خاوەنی روانگه و تیۆرو تێزی سۆسیۆلۆژی و ئەنترۆپۆلۆجی خۆی بێت، پرۆژه و روبەرەکان بۆ کاری زانکۆییەکان زۆرن بۆچی دەبێ کورتی بکەینەوە لە پۆستەکانی پەرلەمان و وەزارەتخانەکاندا کە لە ماوەکانی رابردوودا دەرکەوت ئەم ئەکادیمیانە نەیانتوانی لە کایەکانی حوکمرانیدا روانگەی سەربەخۆی خۆیان بچەسپێنن و کاربکەن بەپێی پێوەرە زانستیەکان.
ڕووبەرەکە خەریکە بەجارێک دەدرێتە دەست زانکۆییەکان و هەموو دروشمەکانیش بۆتە مۆدێلی چاککردنی ئاینده و دونیابینی داهاتوو بە کۆمەڵێک پرۆژه و رستەی کەم ئەزموون کە چانسی جێبەجێکردنیان ئەستەمە، مەبەست لە زانکۆییەکان، خوێنکاران و قوتابیانی بێ پشت و پەناو هەژارو بێ خزمەتی زانکۆیی نییە کە دەیان کێشه و ئاریشەیان هەیه و کەسێ نیە بەدەم خواست و داواکاریەکانیانەوە بڕوات.
هەروەک مەبەستمان ئه و نەوە گەنج و بەتوانست و رەخنەگرە زانکۆیی و ئەکادیمیانەی سەر شەقامیش نیە کە هەمیشە ئامادەن بۆ ناڕەزایەتی و هەڵکردنی ئاڵای ریفۆرمی ئەم دۆخە خراپ و ناچیزە، بەڵکو زانکۆییەکان لەم وتارەدا، مامۆستای زانکۆیە، ئەوانەن لە چەند ساڵی رابردوو هەموو خەمیان بەدەستهێنانی دال و پێ بوو ئەمەش لە پێناو نەک پێشخستنی زانکۆکان و کایەی مەعرفی و ئەکادیمی زانکۆیی، بەڵکو بۆ پۆست و دەستکەوتی ماددی کاتی، لەکاتێکدا کایەی زانکۆیی و مەعریفی کوردی ئێستا لە هەموو کات زیاتر بێدەنگ و کارەساتبارو بێ پرۆژەیە بەدەست نوخبەی دەسەڵاتداری حیزبیەوه و کراوەتە ناوەندی پێگەیاندنی نەوەیەکی نەخوێندەوار، کەچی مامۆستایانی ئەم زانکۆیانە لەبری هەوڵدان بۆ چاککردنی دۆخ و ئاستی زانکۆیی و کایەی ئەکادیمی کوردیی، گۆرەپانەکە بەجێدەهێڵن و تووشی پەتای سیاسەت و حیزبایەتی بێ فیکربوونی دەکەن.
ئەمساڵ زۆرترین مامۆستاو دوکتۆری زانکۆ خۆیان پاڵاوتووە بۆ هەڵبژاردن، بەجۆرێک دنیایەک بەڵێن بە هاوڵاتیان دەدەن بەبێ ئەوەی لە دەرەنجامە نەگەتیڤەکانی جێبەجێنەکردنی بکۆڵنەوە، مامۆستایانی زانکۆ لەبری ئەم پەرتەوازەبوون و سەرلێشێوانە، دەبوو ئازایانە پەنجەیان بخستایەتە سەر برینە گەورەکەی زانکۆ، ئاخۆ ئەم زانکۆیانە بۆچی لە دەزگایەکی مەعریفی ئەکادیمیەوە بۆتە دەزگایەکی مردووی حیزبی و ناوەندی بەرهەمهێنانی بروانامەی زۆر و کادری بێ بەرهەم، دوای ئەم هەموو ساڵە زانکۆکان بۆچی نەیانتوانیووە سەرکردەی مەیدانی و سیاسی راقی پەروەردە بکەن و خۆیان سەرقافڵەی گۆرانکاریەکان بن، بۆچی دەبێت ئەم تایپە لە مامۆستای زانکۆ هەمیشە خۆیان بخزێننە بنمیچی ئایدۆلۆژیاکانەوە، بۆچی خۆیان نەیانتوانیوە بەرەیەکی گشتگیری ئەکادیمی سەربەخۆ دروست بکەن و بەڵێنەکانیان بۆ زانکۆو چاکردنی رەوشی زانکۆیی و گوزەرانی هاوڵاتیان بێت؟
دواجار لە عێراق تۆ دەزانیت هەڵبژاردن دیکۆرو کەڤەرێکە بۆ سیستمێکی دیکتاتۆرو فاشیی و بەتاڵانبردنی هەموو شتێک، چیت پێ دەکرێت لەناو ئه و گەڤەرەداو بۆچی خۆت دەخەیتە ناو ئه و گەمە کوشندەوە؟!. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=