=KTML_Bold=حکومەت و پەرلەمان چی دەکەن بۆ خانەنشینی کەرتی تایبەت=KTML_End=
#ئاسۆ عەبدوللەتیف#
فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەعریفی و دینی ئێمە ئەوەندە بە حیزبی و ئایدۆلۆژیی کراوە بە ئاستەم دەتوانیت دەستکاریی بکەیت، فەزاکە تا بڵێیت ئاڵۆزو پڕکێشمە کێشە، بەتایبەت یاسا شارستانیەکان و یاسای سزادانی عێراقی و مافی خانەنشینکردن، دوای چوار خولی پەرلەمان و دەرچواندنی ئه و هەموو یاسایە، هێشتا یاساکۆنەکانی عێراق بەشێکیان لەناو فەزای ئێمەدا کاراییان هەیە.
ئەم فەزایە پێش ئەوەی وەک شاخی لێبێت دەبێت دەستکاریی بکرێت، دەستکاریەکە دەبێت لای خۆمانەوە بێت، فەرهاد بۆ شیرین چۆن لە شاخێکی بەردەڵانی رەق و وشکی وەک بێستووندا رەنجی فەرهادیانەی بەخشی و دەیان نیگارو نەخش و فەنتازیای بەردین و پەیکەریی هونەریی دروست کرد، دەبێت ئێمەش به و ئیرادەیەوە بەردەوامی بدەین بە دەستکاریی ریشەیی و جەوهەریی یاسا کلاسیکیەکان و نەریتە باوەکانی رابردوو.
قسەیەک هەیە دەڵێت گەر دەتەوێت پاره و سامانی وڵات بەهەدەرنەچێت ئەوا پارێزگاریی لە دەرماڵه و یاسای خانەنشینی بکە، خراپترین بەهەدەردان لەم وڵاتەی ئێمە بەهەدەردانە لە رێگەی موچەوە، نەبوونی یاسایەکی بەهێزی خانەنشینی بەشێکە لە سیستمی موچەی نارێک، ئەگەر موچە رێک بدرێت خانەنشینی کارێکی ئاسانە، موچە بەرانبەرە بە ئەرک، خانەنشینی بەرانبەرە بە خزمەت و ئەرکی رابردوو، خانەنشینی وەک نوکته و کۆمیدیای لێهاتووە لەم هەرێمه و لەلایەک ئەوەی پێویستی نییە بەدەر لە رێنماییەکان و یاساکان بە پلەی باڵاو بڕێک پارەی کاش و چەند ساڵێک فەرمانبەریی خانەنشین دەکرێت، بەشێک لەمانە رەهەندی شایستەبوونی داراییان ئەسڵەن نییە، هەندێک کەس هیچ راژه و فەرمانگه و دامەزراوەیەکیان نەدیوە ئێستا بە پلەی زۆر باش خانەنشینن، لەولاشەوە هەزاران کارمەند کە شایستەی ئه و موچەیەن بێماف و بێ جێ ماونەتەوە، لەکاتێکدا خانەنشینی مافێکی سەرەتایی و موچەیەکە بۆ پیری و کەنەفتی و یاسایەکە بۆ قوربانیان و کۆچکردوان و ئەوانەی لە تەمەنێکی کەمدا کۆچی دوایی دەکەن و چەترێک نییە میراتگر و منداڵی بەجێماو بپارێزێت لە برسێتی و بێ پارەیی و رەجاڵی.
خانەنشینی
وەک چەمک بریتیە لە مافێکی دەستەبەرکراوی شەرعی و یاسایی هەر فەرمانبەرو کارمەندو کرێکارو کارگوزارێکی حکومی یان ناحکومی، ئیتر دەوڵەمەندو هەژارو پادشاو گەداو خێڵەکی و کۆچەریی و ئۆرستۆکراتی شار جیاناکاتەوە لەیەکدی، کاتێک
ساڵەکانی راژەی کارکردنی تۆ لە فەرمانگەیەک کۆتایی پێ دێت، دەبێت خانەنشین بیت، بە کورتی بەرهەمی پایزی عومری خۆتە، ئەمەش بەپێی پراکتیک و سیستمی هاوبەشیکردنی سندوقی ساڵانەی خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی دیاری دەکرێت، دیارە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر جیاوازی هەیە، وەک پرۆژە یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2018، یاسای سندوقی خانەنشینی پارێزەرایەتی ژمارە17 و 18 ی ساڵی 1999 و چەند پرۆژە یاسایەکی هەموارکراوی تر، ئەگەر ئەم یاسایە بە نمونە وەربگرین دەکرێت بۆ کەرتی تایبەتیش سوودی هەبێت، پارێزەر کارمەندی حکومەت نیە بەڵام چونکە لە سەندیکای پارێزەران ئەندامه و بە چەند رۆتینێکی پارەدان و ئابونەی مانگانه و ساڵانە راستەوخۆ دوای پانزە ساڵ بەپێی ئەم یاسایە خانەنشین دەکرێت بە رێژەیەکی موچەکەی، کەواتە پێویستە یاسایەکی واش هەبێت بۆ ئه و کارمەندانەی لە کەرتە تایبەتەکان و کۆمپانیا ئەهلیەکان ساڵەهای ساڵە کاردەکەن و هێواش هێواش گەڵای سەوزی عومریان زەرد دەبێت و یاسایەک نییە پارێزگارییان لێ بکات، تەنانەت گرێبەستی کارکردن و ئه و بڕە پارەیەش کە مانگانە کارمەندانی هەندێ کۆمپانیای ئەهلی دەیدەنە فەرمانگەی زەمان بەرێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە و دوای سی ساڵ هێشتا روون نییە خانەنشین دەبن یان نا؟
لە ساڵی 2018 هەمواری یاسایەک کرا لە پەرلەمانی کوردستان و دەنگی لەسەر دراو دواتر گەڕێنرایەوە بۆ پەرلەمان و هێشتا یاساکە هەڵپەسێردراوه و کاری پێناکرێت، بەداخەوە نەیانتوانی کەرتی تایبەت جێبکەنەوە لەم یاسایەدا یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچه و دەرماڵه و بەخشین و ئیمتیازاتەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق، کەواتە پێویستە ساڵی 2019 کاتێک هەمواری ئەم یاسایە دەکرێت و دەبێتە یاسای کارپێکراو پاشان لە وەقایعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، بیر لەوە بکرێتەوە کارمەندانی کۆمپانیاو کەرتی تایبەتی بۆ زیاد بکرێت، ئەگەرچی پێویستە لەم بارەیەوە جوڵه و فشارێک دەست پێبکرێت لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی کەرتی تایبەتەوە بۆ ئەم مەبەسته و ئەوەندە خەم سارد نەبن لە ئاست مافی کارمەندەکانیان؟
لە فەسڵی یەکەمی یاساکەدا، ئامانجەکانی دەرکردنی یاساکە و چوارچێوەی پیادەکردنی، لە مادەی یەکەمدا چوار خاڵ ئاماژەی بۆکراوە، خاڵی چوارەمی مادەکە دەکرێت لە خولی نوێی پەرلەماندا هەموار بکرێتەوە کە دەڵێت: رێکخستنەوەی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلە تایبەتەکان لەسەر بنەمای گەیشتن بە تەمەنی یاسایی دیاریکراو بۆ خانەنشینی و ساڵانی خزمەت
ئەم خاڵی چوارەمە هەموار بکرێتەوە یان پێویستە خاڵی پێنجەمی بۆ زیادبکرێت بۆ کۆمپانیاو کارگە ئەهلیەکان، کە هەم تەمەنی کارکردن لە کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بۆ بیست ساڵ درێژ بۆتەوه و ناکرێت وەلابخرێت، هەم ژمارەی کارمەندان و کرێکارانی کەرتی تایبەت زیادی کردوە، بۆ ئەم مەبەستە حکومەت لە دوو رەهەندی
جیاوازی ستراتیجیەوە سوود لەم خاڵە وەردەگرێت و هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ حوکمرانیداهاتوو:
یەکەم/ دامەزراندن لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت وەک یەک خواستی لەسەر دەبێت و بەمەش فشارەکان و نارەزایەتیەکان لەسەر حکومەت کەم دەکرێتەوه و بوار دەرەخسێت دەرچوانی پەیمانگاو زانکۆکان ناوەندە پیشەییەکان بەیەکسانی لە دەرگای حکومەت و کۆمپانیاکان بدەن بۆ دامەزراندن، چونکە داهاتوویان مسۆگەره و یاسای خانەنشینی دەیانگرێتەوە.
دووەم/ گرنگیدانی حکومەت بە کەرتی تایبەت لەرووی خانەنشینیەوە وادەکات سەرمایەداران و وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکان باشتر پەیوەست بکرێنەوە بە حکومەتەوە وەک باج و رسومات و رێکارەکانی پابەندێتی کارو پرۆژەکان، کێبرکێی و هەماهەنگی شارستانی دروست دەبێت لە نێوان فەرمانگە حکومی و ئەهلیەکاندا، بۆ نمونە فەرمانگەیەکی پۆسته و گەیاندن لە حکومەت کاری چییه و ئەی ئۆفیسی کۆمپانیایەکی گەیاندن و ئینتەرنێت و تەلەکۆم ئیشیان چی دەبێت، کاتێک یاسایەکی خانەنشینی پارێزگاری لە هەردولا بکات، ئینتیماو نیەتی باش دروست دەبێت بۆ ئایندەی ئەم هەرێمە.
کەواتە پێویستە ئەمجارە بە تۆپزیی کابینەی نوێ کار لەسەر پرسی خانەنشینکردن بۆ کەرتی تایبەت و کۆمپانیا ئەهلیەکان بکاتەوە.
کەرتی تایبەت چییە؟
کەرتێکی تایبەت و ناحکومی خزمەتگوزاریی گشتیی سنوردارە لە زۆر بواری بیزنس و بەرێوەبردن و راوێژکاریدا، ستراکچەرو بونیادنەری ئاوەدانی و پێشکەوتنی کایە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگایه و هاوشانی کەرتی گشتی رۆڵی بەرچاوی هەیە لە بەرێوەبردنی دەوڵەتداریی و سیاسەتی کارگێڕیدا، لە ئێستادا کەرتی تایبەتی پێک دێت لە کۆمپانیای گەوره و بچوک، کارگەوکارخانه و فابریکه و ناوەندە بازرگانیەکان، کۆمپانیاکانی میدیاو دۆبلاژو کایە روناکبیری و پزیشکییەکان و ئەندازیارییەکان، ئەم کەرتە شادەماری جوڵەی بازرگانی وڵاتە، روبەرێکی هێجگار فراوانی رەنگ کردووە بۆخۆی و هەژمونێکی گەورەی دروست کردووە بەسەر کۆی سێکتەرە بازرگانیەکانی وەک گەشتوگوزارو گواستنەوه و گەیاندن و کۆمۆنیکەیشن و تەلەکۆم و کارەباو بیناسازیی و ئەلیکترۆنیات و تەکنەلۆژیای ئۆتۆمبیل و خوێندنی زانکۆیی و پیشەیی و چەندین بواری خزمەتگوزاری دیکە، تەنانەت لە هەندێک وڵاتی پێشکەوتووی مۆدێرن، کەرتی گشتی و حکومی ئەوەندە کاڵ بۆتەوە رەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا وەک کەرتێکی راوێژکاری و مەرجەعی یاسادانان سودی لێ وەربگیرێت، زۆر فەرمانگه و کارو پرۆژەی حکومی هەیە لە ئێستادا بەتەواوی خراوەتە خزمەتی راژەی کەرتی تایبەت و ئەهلی و ئەوان بەرێوەی دەبەن، لە هەندێک وڵات خەریکە کەرتی ئەمن و سلکی دەوڵەتی گەورە گەورە، ئاسایش و پۆلیسی چالاکیە مەدەنیەکان و بەرگری شارستانی و سەنتەرەکانی هەماهەنگی، وەک فریاکەوتنی خێراو نەخۆشخانە ئەهلیەکان
بەتەواوی برواتە ناو کەرتی تایبەت و کۆمپانیا ئەهلیەکان بەرێوەی بەرن، لە هەندێک وڵات ژینگەپارێزو کشتوکاڵ و سیکوریتی باڵەخانەکان و کارەبا کۆمپانیای ئەهلی لێی بەرپرسە، هەموو ئەمانە بۆ یەک مەبەستی سەرەکییە ئەویش شکۆبەخشینە بە سەروەری و یاساکانی وڵات و حومکرانی باش و فەزیلەتی تاک.
ئەوەی لە کوردستان باس ناکرێت فەزیلەتی تاک و خودی مرۆڤە، تەندروستی و ژینگەکەی، کارو پرۆژەکانی، ئارامی و ئاسایشە خۆراکی و کۆمەڵایەتیەکەی، هەموو ئەمانە کەرتی تایبەت دەتوانێت رۆڵێکی گەورەی تێدا بگێڕێت، بەڵام لە کوردستان چونکە هێشتا حیزب پێشرەوی کۆمەڵگایە ئه و فەزیلەت و گرنگیدانە بە تاک پێشناکەوێت، کەواتە ئەبێت رێزو ئیراده و کەرامەت بۆ خەڵک و هاوڵاتی بگێرینەوە ئەوجا قسە لەسەر ئیمتیازەکان بکەین، کەرتەکان لەیەک جیا بکەینەوه و وەک خۆی بە یاسا بیانپارێزین، بزانین کێ لە کەرتی گشتیه و کێش لە تایبەت، ئەی کێ لە هەردوولا کاردەکات و بۆچی؟ ئایا دەکرێت مرۆڤ دوو ناسنامه و دوو ئایدی نەمبەرو دوو ئیمتیازی هەبێت لە گشتی و تایبەت، یاساکانی ئەم چیرۆکانە لە کوێن و کێ لێی بەرپرسە، دەکرێت لە حکومەت خۆت خانەنشین بکەیت بە پلەیەکی باڵا، دواتر لە پەنجەرەی پشتەوە بێیتەوە بۆ ناو کەرتی تایبەت و کۆمپانیایەکی ئەهلی و بیت بە مەنیجەر؟ ئەمانە هەموو لە کوردستان بوونیان هەیە بۆیە ئەستەمە ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێزو گروپێکی پەرلەمانی چاونەترست نەبێت بتوانیت زاڵ بیت بەسەریاندا.
وردەکاری و ئیستیحقاق و رەهەندە جیاوازەکانی یاسای خانەنشینی زۆره و پێویستی بە پرۆژەی جددی هەیە، دەکرێت قۆناغی داهاتووی پەرلەمان کارکردن بێت بۆ یاسایەکی خانەنشینی راقی و دادپەروەر بۆ کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی، چیتر تەمەنی 63 ساڵ و 30 ساڵ پوختەی راژە بە ئیعتیبار وەرنەگیرێت کە یاسایەکی کۆن و کلاسیکیه و دەکرێت چاکسازی تێدابکرێت، با سندوقی خانەنشینی هەموار بکرێتەوه و هەموو فەرمانبەرێک سوودمەند بێت له و سندوقه و هیچ هێزێکیش نەبێت یاری به و سندوقەوە بکات، حکومەت پێویستە تیمی تایبەتمەند پێک بهێنێت بۆ تەتەڵه و وردبینی کەرتی تایبەت و تەنها لە رووی ئەمنیەوە ناونوسیان نەکات بەڵکو لە رووی خزمەتی شارستانی و یاساکانیشەوە پاڵپشتیان بێت و هەر لە بەرێوەبەرایەتییەکی لۆکاڵیدا کەرتی تایبەت جێنەکاتەوه و مانگانەیان لێوەربگرێت و بەس، کەرتی تایبەت هەزاران کارمەندو کرێکارو فەرمانبەری هەیه و لە چاوەروانی پرۆژە یاسایەکدان بیانپارێزێت، پرۆژە یاسایەک ماف و ئیمتیازی کۆتایی راژە ببەخشێت بە فەرمانبەران و کرێکارانی کۆمپانیا ئەهلیەکان و هیچ نەبێت پاش 15 ساڵ خزمەت و ئەرکی وەزیفی کردەنی (فعلی) خانەنشین بیانگرێتەوه و له و گرێ دەرونیە رزگاریان بێت و هاوشانی هەر تاکێکی ئەم وڵاتە هەست بە ئاسوودەیی بکەن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=