=KTML_Bold=هەدەپە بۆچی لێرە بوون؟=KTML_End=
#ئاسۆ عەبدوللەتیف#
پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە هەفتەی پێشوو بە سەردانێکی فەرمی و شاندێکی باڵای هاوسەرۆکایەتی هاتنە هەولێرو دواتر #سلێمانی#، بەمەبەستی رێکخستنەوەی گوتاری سیاسی خۆیان و هەندێک ئامانج، کە دیارترینیان رەنگە گوشاری سیاسی و دیبلۆماسی بێت بۆ سەر ئەنکەرە، تا دەست شلکەن لە سیاسەتی قەیوم و ئاڵوگۆڕپێکردنی زۆرەملێی سەرۆک شارەونیەکان، دواتریش دەشێت کارکردن بێت تاوەکو هەرێمی کوردستان وەک دیفاکتۆیەکی سیاسی و ئابوریی بەهێز رۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕن لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی، بەتایبەتی دەیانەوێت سود له و دەرفەتە وەربگرن کە ئەردوغان خۆشی رەخساندویەتی بۆ سەردانیکردنی ئیمراڵی و لابردنی گۆشەگیری سەر ئۆج ئالان و هەندێک هەنگاوی سەرەتایی بۆ ئاشتەوایی.
هەدەپە ئێستا لە هەموو کات زیاتر خۆیان بە براوەی هەڵبژاردنەکانی 23 ی حوزەیرانی 2019 دەزانن لەگەڵ پارتی گەلی کۆماریی چەهەپە CHP، ئەوەش دەزانن پارتی فەرمانرەوای تورکیایان دوچاری شکست و ئیحراجیەکی گەورە کردەوە لە ئەستەنبوڵ و ئەنکەره و شارە گەورەکان، بەڵام ئەم سەرکەوتنە بێ دەستکەوت دەمێنێتەوە ئەگەر سەپۆرتی سیاسی و یاسایی و ئابوری دەرەکی نەکرێت، باشترین سەپۆرتی سیاسی بۆ ئەم سەرکەوتنەش بێگومان ستاتۆی باشوری کوردستانه و لە سەرو هەموشیەوە کاراکتەرێکی بەهێزی وەک بارزانیە کە دەتوانێت رۆڵێکی گەورەی هەبێت و ئارگۆمێنتێکی گەورە دروست بکات لەم نێوانەدا، هەرێمی کوردستان نەک وەک نەتەوە، هەم وەک جیۆستراتیجی و هەم وەک بلۆکێکی خاوەن یەدەگی نەوت و پاڵپشتی ئابوری و ئاڵوگۆرە بازرگانیەکانی تورکیا کە بە ناو باکوری کوردستانەوە تێپەڕدەبێت بۆ شادەمارەکانی ئابوری ئەنکەرە هەمووکات زیاتر بەهێزە بۆئەم جوڵەیە.
هەدەپە نایەوێت بەتەنها سیاسەت بکات وەک جاران کە هیچی نەچنیەوه و بگرە زیانیشی بەرکەوت بە زیندانیکردنی هاوسەرۆکانی پێشویان و دەیان پەرلەمانتاری پێشوو، دەیەوێت ئەم سەرکەوتنەی وەک لۆجیک بۆ مانەوە دابەشبکات و سەرمایەگوزاریی پێوە بکات و چیتر بە ئایدۆلۆژیی نەکات لە نێوان قەندیل و ئیمراڵی و ئەنکەرە، دەزانن هێشتا ئاسۆی چارەسەرەکان روون نین و پارتی فەرمانرەوای تورکیاش AKP، هێزی خۆی هەیه و دەسەڵاتەکانی لەدەست نەداوە، بۆیە هەدەپە HDP بەتەنها شەڕی ناسنامەی نەتەوەیی و زمان و مانەوه و بەشداری لە کایە سیاسی و ئابوریەکان ناکات، بەڵکو دەیەوێت شەڕی ئه و سوڵتانیزمه و سیاسەتەکانی بکات کە ساڵەهایە گەمە بە چارەنوسی ناسنامەی دینی گەلی کوردەوە دەکات و هێشتا لەباریدا هەیە دۆخی باکور تێک بدات و رای گشتی تێبگەیەنێت کە کورد بەشێک نییە لە جەستەی کەس بەڵکو بەشێکە لە جەستەی گەورەی تورک.
وەک زانراوە دۆخێکی خراپ لە باکوری کوردستان هەیە، تادێت ئاکپارتی دەرگاکانی دانوستان دادەخات و قەیوم زیاد دەکات و باری نائاسایی درێژە پێدەدات، سەرباری ئەمە بەناوی پاراستنی ناسنامەی دینی و تیرۆرەوە شەرعیەت بەم پرۆسەیە ئەدات، ئەردوغان خۆی وا دەنوێنێت خەلیفەیەکی نوێی عوسمانیەکانە، هەدەپە رەنگە بیەوێت ئه و تەقس و سیاسەتە تێک بشکێنێت بە دیبلۆماسیەتی نەرم و پەنابردن بۆ دۆستانی خودی ئەردوغان لە ناوەوه و دەرەوەی تورکیاو تراژیدیاکانی رابردوو دووبارە نەبنەوە، بە کورتی ئه و هێڵە نەتەوەیی و لیبراڵ و چەپ و نارازیانە کە لە خولگەی هەدەپه و چەهەپە هەن، کە وەک بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی گەورە خۆیان مانیفێست کردوە، درێژبکەنەوە بۆ پارچەکانی تری کوردستان و خۆیان له و پەراوێزە بەرتەسکە قوتاربکەن و چیتر دوچاری زیان نەبنەوە لەسەر دەستی ئەردوغان.
سەرباری ئەمانە ئێستا هەدەپە قەبارەیەکی پەرلەمانی گەورەی هەیە تا رادەیەک هاوسۆزی هەندێک لە تورکە عاقڵمەندەکانیشی لەگەڵدایە، هەدەپە دەیەوێت رای گشتی دروست بکات لەسەر هەموو ئه و پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ و تەسکردنەوەی ئازادی سیاسی و دیموکراسی و سیاسەتی قەیوم راگیرێت، نایانەوێت بە ئاسانیی سەری خۆیان نەوی بکەن بۆ زیندان و نکوڵیکردن و فاشیزمی ئاینی و نەتەوەیی، ئەوەش دەزانن ئەم خەلافەتە توانستی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکانی باکوری کوردستان و گەلی کوردیان نەماوە، بەڵام هەمیشە دەرگایەک هەیە بۆ کردنەوە، کوردیش لە رێگەی هەدەپەوە هۆشیاریی و ئیرادەیەکی گەورەتری بەدەست هێناوە جیاوازە له و فۆرمەی پێشوو، دەبێت ئیدی ئەردوغان هەرسی ئەم دۆخە تازەیە بکات ئەگینا تورکیا چیتر بەرگەی قەیرانی ئابوری و ناوخۆیی ناگرێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=