=KTML_Bold=حزبی دەوڵەت و حزبی دوو لەت=KTML_End=
#بەختیار شاخی#
پارتە سیاسییەکان ئامانجی یەکەمیان ئەوەیە بگەنە دەسەڵات، کە دەسەڵاتیشیان وەرگرت، بەشی ئەوەندە کاری باش بکەن ڕوویان هەبێت داوای متمانە لە دەنگدەران بکەنەوە. ئامانجی دیکەی حزب برەودانە بە دیموکراسی، هەوڵدان بۆ باشترکردنی بژێویی خەڵک و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئەمە ڕەوتی کاری سیاسییە.
تەنیا بە هەڵسەنگاندنی دروشمی حزبەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بێ سێ و دوو، دەبینیت جگە لە پارتی، هیچ حزبێکی دی کار بۆ ئەو ئامانجانە ناکات و ئەوانی دی جگە لە گوتارێکی عەوامخەڵتێنانەی هەرزان، هیچی دیکەیان لە هەگبەدا نییە و بەجیاوازیی بیروباوەڕ و پاشخانی کاری سیاسییانەوە، دروشمیان وەک ئەوەیە لە دەرەوەی حوکمڕانی بووبن و ئێستا خوولیای گەیشتن بە دەسەڵاتن.
با لەوانەی دیکە بگەڕێین کە هەمیشە پێیەکیان لەناو دەسەڵاتدا بووە و ئەوی دی لەناو ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام لەکاتی دروێنەدا لەسەر پشکی خۆیان لە برای خۆیان خۆش نەبوون و تا پێیان کرابێت ئیمتیازاتیان وەرگرتووە، قسەی من لەسەر بەشدارێکی سەرەکی و خاوەنی نیوەی دەسەڵاتی هەرێمە، کە بە دروشمی ڕووخێنەرەوە دەیهەوێ سەرنجی دەنگدەران بۆخۆی ڕابکێشێت.
یەکێتیی نیشتیمانی، لەیەکەم هەڵبژاردنیشدا پلەی دووەمی هەبوو کەچی لەوساوە تا ئێستا، سەرەڕای دۆڕانی بەردەوامی لە هەڵبژاردنەکاندا، وەک برابەش، نیوەی حکوومەتی هەرێمی بەدەستەوە بووە، تەنانەت، کاتێک لە بەرانبەر گۆڕان تا ئاستی ڕووخان چوو، هانایان بۆ پارتی برد تا لەو کۆستە دەربازیان بکات و نەک هەر لە بەشی خۆیان زیاتر، بگرە سەرۆکایەتیی حکوومەتیشیان وەرگرت. ئەو حزبە کە 32 ساڵە هاوبەشی حکوومەت و حوکمڕانی موتڵەقی نیوەی هەرێمە، بە کام لۆژیک دێت و خۆی وەک نەیاری دەسەڵات بە دەنگدەر دەناسێنێت؟
گرووپی خۆسەپێنی ئەو حزبە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە زۆنی ژێر دەسەڵاتیان، جگە لە برەودان بە گوتاری ڕق و بوغزاندن و هەڕەشە، بە ڕەفتاری نابەجێ و سەرکێشانەی دژە دیموکراسی و تەنانەت دژە ئارامی، وێنەیەکیان نمایش کردووە کە هەرگیز لەگەڵ دروشمەکانی سەردەمی تاڵەبانی یەک ناگرێتەوە، ئاخر (کۆتایی پێ دەهێنین) لە کوێ و (دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسین) لە کوێ؟ هەرچەند دوای 16ی ئۆکتۆبەر و ڕێککەوتنە نهێنی و ئاشکرایەکانیان لەگەڵ نەیارانی کوردستان، ئیدی هیچ دروشمێکی کوردایەتی لەوان ناوەشێتەوە.
پارتی شانازیی بە ئەزموونی حوکمڕانیی کوردستانەوە دەکات، بوێرانە پلانی بنبڕکردنی گەندەڵی و چارەسەری کێماسییەکانی ڕاگەیاندووە و کاریشی لەسەر کردووە، لەو شوێنانەی حکوومەتی هەرێم بەتەواوی دەستی کراوە بووە، پڕۆژەی نایاب ئەنجام دراون و کاری زۆر باش کراون. بەڵام لە سنووری پارێزگای #سلێمانی# و ئیدارەکانی #گەرمیان# و ڕاپەڕین، کە یەکێتی خۆی بەسەریاندا سەپاندووە، سەرەڕای ئەوەی داهاتێکی زۆر هەبووە و هەیە، گۆڕانکارییەکی بەرچاو نابیندرێت و ڕێگری لەو پڕۆژە باشەکانیش دەکەن.
بە کورتی پارتی پڕۆژەی حوکمڕانی و دەوڵەتی هەیە، ئامانجیشی ڕوونە و دەست لە خەباتی کوردایەتی بەر نادات، پارتی حزبی پلان و کردارە، نەیارەکانیشی، حزبی پیلان و فەوزا و پەرتەوازەکردنن و لە ئارامیدا گەشە ناکەن. بۆیە لە دەستیان بێت، وەک چۆن حزبەکەی خۆیان لە یەکێتیی نیشتیمانییەوە کردە یەکێتیی ڕەییانی و درزیان خستە وتار و هێزی یەکگرتووی کوردستان، هەموو ماڵێکی کوردستانیش دەکەنە دوو لەت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=