قرژاڵ یان قرژانگ (بە ئینگلیزی: crab) گیانەوەرێکی ئاوییه، بەڵام بە یەکێک لە سەیرترین گیانەوەرە ئاوییەکان دادەنرێت، چونکە بە ئاڕاستەی تەنیشتەکانی دەجووڵێت نەک بۆ پێشەوە، یەکێکە لە گیانەوەرە بێ بڕبڕەکان پەیوەستی و پەیوەندی هەیە بە ڕۆبیانەوە، بەڵام پەرەسەندووە و توانای مەلەکردن و هەڵکۆڵین و ڕێگەکردن و ڕاکردنی هێواشی هەیە، نزیکەی 7000 جۆری جیاوازی هەیە، کە لە 93 خێزانی جیاوازدا پۆلێنکراون، نشینگەکەی هەموو وڵاتەکانە و بە نزیکەیی هەموو دەریا و زەریاکان دەگرێتەوه، بە تایبەتیی لەسەر شیلانەکان و کەناری دەریاکان، وەک کەناراوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسی، هەندێک لە جۆرەکانیشی لە ئاوی سازگار و بیرەکاندا دەژین، هەروەها ئەو جۆرانەی کە قەبارەیان کەمێک گەورەیە شیاون بۆ خواردن.
=KTML_Bold=شێوەی دەرەوەی=KTML_End=
قرژاڵ گیانەوەرەێکی قەبارە بچووکە، ڕەنگەکەی لەنێوان سوور بۆ پرتەقاڵییە، قەبارەکەی لە چەند سانتیمەترێکەوە دەست پێ دەکات بۆ نزیکەی 3.6 مەتر، توێکڵێکی کیتینی فراوانی هەیە و لێوارەکانی پێشەوەی زبرن هەتا پەلەکانی سنگی و بۆ جووتە پەلەکەی دواوەی، کە بۆ کاتی مەلەکردن سوودی لێدەبینێت، لەبەر ئەوەی قاچەکانی چەماوەن بۆیە شێوازی ڕۆشتن و جووڵەکردنی بە ئاڕاستەی تەنیشتەکانییەتی، قرژاڵەکان چنگیان هەیە و بۆ مەبەستی جیاواز بەکاریدەهێنن، بۆیە ئەگەر لە کاتی شەڕکردن و تووشبوونی بە ڕووداوێک چنگەکانی لەدەستدا ئەوا دووبارە درووستدەبێتەوە، هەروەها قرژاڵەکان پەیکەرێکی پارێزەریان هەیە کە جگە لە پاراستن ئەوا پاڵپشتی جەستەشی دەکات و ڕاگیریدەکات، هەروەها ددانی قرژاڵ لەنێو سکیدایە، هەروەها چنگی نێرینەکان گەورەترە لە مێینەکان، کە لە وەرزی زۆربووندا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان بەکاریدەهێنن، شێوەی سکی نێرینەکان تەسک و سێگۆشەییە، بەڵام سکی مێینەکان فراوانتر و بازنەییە، کە بۆ هەڵگرتنی بێچووەکان گونجاوە، بەڵام قەبارەی قرژانگەکان بەگشتی بە گوێرەی جۆرەکان جیاوازە، لە هەندێکیاندا مێینەکان گەورەترن لە نێرینەکان و لە هەندێک لە جۆرەکانی دیکە نێرینەکان گەورەترن، بچووکترینەکان دەکرێت تەنیا چەند ملیمێک درێژ بن لە کاتێکدا جۆرە گەورەکانی دەگاتە زیاتر لە مەترێک.
=KTML_Bold=خۆراک=KTML_End=
قرژاڵ یەکێکە لە ئەو گیانەوەرانەی کە لە هەمان کاتدا گۆشتخۆر و گیاخۆریشە، بۆیە سەرچاوەیەکی دیاریکراوی خۆراکیان نییە، بەڵام بەگشتی خواردنی بێ بڕبڕە و هەڵواسراوەکانیان بۆ پەسەندە، بەتایبەتیی هێلکەی ماسییەکان و توێکڵدارەکانی دیکە، یان دەکرێت قرژاڵەکان ماسییە مردووەکان یان گیانەوەرە مردووەکانی دیکە بخوات، هەروەها هەندێکێشیان دەتوانن سەوزە و میوەکانیش بخۆن.
=KTML_Bold=یەکگرتن و زۆربوون=KTML_End=
قرژاڵی نێر سەرنجی مێینەکانیان ڕادەکێشن و ئاگاداریان دەکەنەوە، بە دەردانی ماددەی فیرۆمۆن یاخود لە ڕێگەی بینین یان دەرکردنی دەنگ یاخود لە ڕێگەی لەرەلەرەوە، جۆرە ئاوییەکان ڕێگەی فیرۆمۆن بەکاردەهێنن، بەڵام ئەوانەی لە وشکانی دەژین بە جووڵاندنی چنگیان هەوڵی ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان دەدەن، وەک قرژاڵی کەمانچەژەن کە چنگە بەرزەکەی نیشانی مێینەکان دەدات، شێوازی یەکگرتنی قرژاڵەکان لە سکیانەوە دەبێت، مێینەکان لە بەشی ناوەوەی جەستەیاندا جێگەیەکی تایبەتیان هەیە بۆ خەزنکردنی تۆوی نێرینەکان، کە دەتوانن هەتا کاتێکی ماوە درێژ هەڵیگرن پێش بەکارهێنانیان بۆ پیتاندن، پاش پیتاندن هێلکەکان لە سکی مێینەکەوە دەردەچێت بۆ بەشی خوارەوەی توێژاڵی کلکی، دواتر بە ماددەیەکی لینج ڕووپۆشدەکرێت و بە پارێزراوی دەمێنێتەوە لە ماوەی قۆناغەکانی گەشەسەندنی کۆرپەلەکەی، پاشان بێچووەکان لە هێلکەکانیان هەڵدێن و بە هەڵواسراوی لە ئاودا دەمێننەوە هەتا بە تەواوەتی پێدەگەن.
=KTML_Bold=جۆرە سەرەکییەکانی قرژاڵی دەریا=KTML_End=
=KTML_Bold=-قرژاڵی کەمانچەژەن:=KTML_End= جۆرێکی ئاوە سازگارەکانە، بەئاسانی ڕاگیردەکرێت و پەروەردە دەکرێت، تەنیا پێویستی بە ئاوی خاوێن و خۆراکە لە کاتی گونجاودا.
=KTML_Bold=-قرژاڵی چنگ سوور:=KTML_End= ئەم جۆرەش لە ئاوە سازگارەکاندا دەژی، بۆ پەروەردەکردن و ماڵی کردنی پێویستی بە گرنگی پێدانی زۆر نییە.
=KTML_Bold=-قرژاڵی شەیتانی تایلەندی:=KTML_End= سەرەڕای ئەوەی ناوەکەی بە ئەو جۆرەیە، بەڵام لە ڕاستیدا جۆرێکی زۆر بێ زیان و خۆشەویستە، چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە.
=KTML_Bold=-قرژاڵی چنگ ئاڵتوونی:=KTML_End= چنگێکی گەورەی تایبەت و ئاڵتوونی هەیە، قەبارەی گەورەیە، هەروەها چاڵ هەڵدەکۆڵێت و لەنێویدا خۆی حەشاردەدات.
=KTML_Bold=-قرژاڵی خوێنمژ:=KTML_End= یەکێکە لە دەگمەنترین جۆرەکان، بەهۆی ڕەنگە جوانەکەیەوە ئەم ناوەی لێنراوە، جەستەی وەنەوشەییە و چاوەکانیشی زەردن، قەبارەی زۆر بچووکە و جۆرێکی گۆشتخۆرە.
=KTML_Bold=-قرژاڵی پڵنگی:=KTML_End= ڕەنگی پرتەقاڵییەکی کراوەیە و خاڵی ڕەشی تێدایە، جۆرێکی خۆشەویست و بێ زیانە، تەنیا لە کاتێکدا نەبێت کە خۆراکی گونجاوی پێنەدرێت، کە هەڵسوکەوتی شەڕانگێزانەی دەبێت. [1]