نوسینی: #وریا عومەر ئەمین#
لەم ڕۆژانە لاپەڕەکانی فەیسبووک کردوویانە بە هەرا لەسەر ئەو وتەیەی مامۆستا (#جاسم کەلاری# ) کە تیایدا دەڵێت: (لەو دونیا بە کوردی لەگەڵ خوا قسە دەکەم ...). هیچ لاری و نەنگییێک لەم قسەیەدا بەدی ناکرێت. ئەوەی بڕوای بەوە هەبێت کە خوا هەموو شتێکی ئەم سرووشتەی درووستکردووە، دەبێت ئەم بڕوایەشی هەبێت کە هەر خۆی هەموو زمانەکانیشی درووستکردووە و هەر خۆی ئەو جیاوازییانەی نێوان زمانەکانی خسووەتە ڕوو، وەک لە (سوورەتی ڕوم ئایەتی 22) دا دەڵێت: ( وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِکُمْ وَأَلْوَانِکُمْ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِکَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ). واتا خوا هەموو زمانەکانی جیهانی درووستکردووە و هەمووی دەزانێ.
شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە، ئەم وتەیەی مامۆستا (جاسم کەلاری) بەر لە شەست ساڵ (1964) (#هەژاری موکریانی# ) بە شیعر وتوویەتی. ئەوساش مەلاکان و ئایینداران بە کوفریان لە قەڵەم دا و هێرشێکی زۆریان کردە سەر هەژار موکریانی. لەم بارەیەوە (هەژار) ئەم ڕوونکردنەوەیەی بڵاوکردەوە:
«تەڵقینی بە عەرەبی کە لەسەر مردوانی دەخوێنن ئاوا دەست پێ دەکات (ئەی بەندەی خودا ...). منیش ئەم تەڵقینەم هەر لەو بارە هەڵخسووەتەوە. هێندێک لایان وابوو کە ئەم قسەیەم کوفرە؛ بەڵام ئەگەر تێگەیشتوانە سەرنج بدەن دەزانن چم وتووە و نیازم کفر و گوناح نییە. مەولەوی لە مەسنەویدا دەڵێت «گەر پیاوچاک وابێ نەحلەت لە پیاوچاک».
تەلقین بە کوردی
هەژاری موکریانی
ئەی بەندەی خودا کوڕی کارەکەر
گوێ بگرە لەناو گۆڕی تەنگەبەر
لە دنیای بێفەڕ کۆچت کردووە
لە ئەولای بێگەڕ خانووت گرتووە
تۆش وەک مردووی تر وەک هامفەردانت
دوو پەری خودا دێنە سەردانت
دووی ددان زەردی سووری چاوشینن
بە گورز و مەتاڵ، بە تەوەرزینن
تۆزێ مڕومۆچ، ڕووتاڵ و تفتن
بەڵام وەک دەڵێن «بە گفت و لفتن»
هەزار جار بڵێن «کوا مەڕنەمووکە»
بێدەنگ، قڕوقپ لێت نەیە جووکە
گەر تێشت هەڵدەن پێشت دادەن تف
بڵێ من کوردم، زمان مایەعرف
لە دار مەترسێ گوێ مەدەرە جوێن
ناچاریان بکە بە کوردی بدوێن
ئەمجار بە زمانی شیرینی کوردی
خۆت هەڵە مەکە، هێدی، بە وردی
بێژە: لالۆ، خوا و پێغەمبەر هەقە
کوردی هاسانە و عارەبی ڕەقە
باسی مردن و هەستانی دوایی
خۆ ماندوو نەکەن با بەخۆڕایی
بڵێ: کورد لەسەر دنیا مردووە
دەمێکە قیامەت لەوان ڕابووە
بێ بەرگ و پێڵاو، بێ نان و بێ دۆن
تورک و عەجەم و عارەب دەیانخۆن
کورد ژێرچەپۆکە و ئەو خاوەن زۆرن
برای موسوڵمان، موسوڵمانخۆرن
... هتد
مەڕنەمووکە: (من ربک)ەیە، کوردێنراوە
________
لە شیعرێکی تردا هەژار دەڵێت:
کوردم و لە ڕێی کورد و کوردستان
سەر لە پێناوم گیان لەسەر دەستان
بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم
بە کوردی دەیدەم وەرامی قەبرم
بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەو دنیایش بۆ کورد تێهەڵدەچمەوە
[1]