حاجی لەقلەق (بە ئینگلیزی: white stork)، باڵندەیەکی قەبارە گەورەی کۆمەڵەی لەقلەقەکانە کە چالاکییەکانیان بە ڕۆژدا ئەنجام دەدەن و پێکەوە و بە کۆمەڵە دەژین، نشینگەکەی ناوچەی زۆر و جیاواز دەگرێتەوە، وەک ئەوروپا و باکووری ڕۆژاوای ئەفریقا و باشووری ڕۆژاوای ئاسیا و باشووری ئەفریقا، هەروەها باڵندەیەکی ناهەرێمییە واتە جێگیر نییە و کۆچدەکات، لە زستاندا ئەو جۆرانەی کە لە ناوچە ساردەکاندا دەژین پێکەوە لە کۆمەڵەی گەورەدا کۆدەبنەوە کە دەگاتە سەدان و هەزاران دانە و کۆچدەکەن بۆ ناوچە گەرمەکانی هێڵی کەمەرەیی بە تایبەتیی ئەفریقا، بەڵام لە کاتی کۆچکردنیاندا مەترسییان لەسەرە، دەکرێت بە ڕێگەی نایاسایی ڕاوبکرێن لە ڕێگەی چەکەوە، هەندێک جاریش بەهۆی هێڵە بەرزەکانی کارەباوە دەمرن، لە سەدەی ڕابردوودا لە وڵاتەکانی ئەوروپا ژمارەی حاجی لەقلەقەکان کەمبوونەوە و مەترسییان لەسەر درووستبوو، بەهۆی لەدەستدانی نشینگەکانیان و چڕبوونەوەی کشتوکاڵکردن، بەڵام دواتر و لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا ژمارەیان بوژایەوە و بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.
=KTML_Bold=شێوەی دەرەوەی=KTML_End=
حاجی لەقلەقەکان تەواوی جەستەیان بە پەڕی سپی داپۆشراوە جگە لە ناوچەی قەراغی باڵەکانیان کە سپییە، دەنووکیان تیژ و درێژە و قاچەکانیان باریک و پرتەقاڵییە، هەروەها جگە لە پرتەقاڵی دەکرێت ڕەنگەکەی ڕەش و ڕەساسی بێت، زۆرینەیان ڕەنگی پەڕەکانیان سپییە بەڵام هەندێکیان دەکرێت ڕەساسی تۆخ و سوور و ڕەش بن، ناوەندە ڕێژەی بەرزییان لەنێوان 100-115 سم دەبێت و کێشی لەنێوان 2.5-4.4 کگم دەبێت.
=KTML_Bold=خۆراک=KTML_End=
ئەم جۆرە باڵندەیە گۆشتخۆرە، ژمارەیەک جۆری جیاوازی گیانەوەرەکان دەکات بە ژەمی خۆراکی کە لە لیتاو و سەر زەویدا دەژین، وەک ماسی و #مار# و بۆق و قرتێنەر و مارمێلکە و جاڵجاڵۆکە و توێکڵدارەکان و #قرژاڵ# لەگەڵ مەمکدارە بچووکەکانیش، هەروەها مریشک و هێلکەی ئەو باڵندانەش دەخۆن کە هێلانەکانیان لەسەر زەوییە، لە هەمان کاتدا خۆشی دەبێت بە خۆراکی باڵندە ڕاوکەرەکانی دیکە وەک باز و هەڵۆکان، بە تایبەتیی بێچووەکانیان.
=KTML_Bold=یەکگرتن و زۆربوون=KTML_End=
بە گشتی لە کاتی وەرزی زۆربووندا پێکەوە لە کۆمەڵەی گەورەدا دەژین، بەڵام کاتەکانی دیکە کۆمەڵەکانیان بچووکە و لە ناوچەی دوور لە یەکدی هێلانەکانیان بنیاد دەنێن لە جێگەیەک کە بیانپارێزێت لە گیانەوەرە دڕندەکان و تێڕوانینێکی گونجاویان پێبدات بۆ دەوروبەریان و بەئاسانی خۆراک بدۆزنەوە، پێکهاتەی هێلانەکەشی تەنیا لق و چڵی درەختە کە دەکرێت لەسەر دارەکان و باڵەخانە بەرزەکاندا بێت، بەڵام ئەوانەی کە یەکگرتن ئەنجام نادەن و تەنیان، پێکەوە کۆمەڵەی 40-50 تاک پێکدەهێنن، لە کۆمەڵەی حاجی لەقلەقەکاندا فرەژنی نییە و هەموو تەمەنیان تەنیا یەک هاوبەشیان دەبێت، وەرزی زۆربوونیشیان لە بەهاردایە، بە دیاریکراویش لەنێوان مانگی 3-4، پێش چەند ڕۆژێک لە دەستپێکی وەرزەکەیان دەگەڕێنەوە بۆ هێلانەکانی وەرزی پێشویان بۆ فراوانکردن و نوێکردنەوە هێلانە بەجێماوەکە، دوای یەکگرتن مێینەکە 2-5 هێلکە دادەنێت و هەردوو نێرینە و مێینەکە لەسەر هێلکەکان دەنیشن، کە 33-34 ڕۆژ دەخایەنێت و کاتێکیش بێچووەکان هەڵدێن هەردوو نێرینە و مێینەکە بە نۆرە خۆراکیان پێدەدەن، سەرەتای لەدایکبوونیان بێچووەکان پەڕیان نییە، بەڵام بەخێرایی پەڕی نەرم دەردەکەن کە ڕەنگێکی تۆخی هەیە و دەبێتە هۆی پاراستنی گەرمی جەستەی و دوای 7-20 ڕۆژ لە هەڵهاتنیان دەبنە لەقلەقی جێگیربوو و دوای چەند مانگێکیش پەڕەکانیان بەتەواوی گەشە دەکات و لە تەمەنی 58-64 ڕۆژیدا بە تەواوەتی هێلانەکانیان جێدەهێڵن، هەروەها لە تەمەنی 3-5 ساڵی دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت.
=KTML_Bold=تایبەتمەندییە گشتییەکانی=KTML_End=
ئەم باڵندەیە تا ڕادەیەکی زۆر بێدەنگە و بە نزیکەیی هیچ دەنگێک دەرناکات، لە کاتێکدا هەندێک جۆری دیکەیان دەنگی زۆر بەرز دەردەکەن بۆ پەیوەندیکردن، هەورەها حاجی لەقلەقی سپی ئەورووپی لە کاتی کۆچکردندا دەتوانێت زیاتر لە 19312 کم ببڕێت و حاجی لەقلەقەکان دەرکەوتنێکی جوان و کەشخەیان هەیە، ئەمەش بەهۆی درێژی و باریکی و ڕەنگی قاچەکانیانەوەیە.
=KTML_Bold=جۆرە سەرەکییەکانی=KTML_End=
دوو تیرەی سەرەکی لە حاجی لەقلەق هەیە، بەم شێوەیە:
=KTML_Bold=-تیرەی لەقلەقی سپی:=KTML_End= ئەوانەی کە لە ئەوروپا و باکووری ئەفریقا و ڕۆژاوای ئاسیا هەن، وەرزی زستانیان لە باشووری ئەفریقادا بەسەردەبەن.
=KTML_Bold=-تیرەی لەقلەقی سپی ئاسیایی:=KTML_End= ئەو جۆرانەی کە لە ناوەڕاستی ڕۆژاوای ئاسیا دەژین و وەرزی زستانیان لە هیندستان بەسەردەبەن. [1]