مێشوولە (بە ئینگلیزی: Mosquito)، جۆرێک مێرووی کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە کە تەنیا مێینەکەی دەتوانێت خوێن بمژێت، نشینگەکەی هەموو وڵاتە جیاوازەکان لە هەموو کیشوەرەکاندا دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵەکی باشوور، جێگەی ژیانکردنیشیان هەموو ناوچەکانە بەتایبەتیی جێگە گەرمەکان ئەوانەی کە لە ناوچەکانی باکوور و جێگە ساردەکاندا دەژین لە زستاندا لەنێو درەخت یاخود ماڵەکاندا خۆیان دەپارێزن، شێوازی ژیانکردنی هەر تاکێک بە تەنیایە واتە لەگەڵ ئەندامی دیکەدا کۆمەڵە و خێزان درووستناکەن، هەرچەندە ژمارەی دیاریکراویان نییە بەڵام تێکدانی نشینگەکانیان گەورەترین مەترسی لەناوچوون و کەمبوونەوەی ژمارەیانن، مێشوولەکان 3500 جۆری جیاوازیان هەیە کە لە کۆمەڵەی سەرەکیدا پۆلێنکراون، لەناویشیاندا تەنیا چەند جۆرێکیان توانای مژینی خوێنی مرۆڤیان هەیە و زۆرینەی جۆرەکانی تریان بێ زیانن.
هەندێک لە مێشوولەکان هەڵگری نەخۆشین و دەتوانن بیگوازنەوە بۆ مرۆڤەکان، وەک نەخۆشی تا و مەلاریا کە ساڵانە دەبنە هۆی کوشتنی ژمارەیەک لە خەڵکی، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە مێرووانە بۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کارێکی بێزارکەرە، بەهۆیەوە مرۆڤەکان پەنا دەبەن بۆ ژمارەیەکی زۆر لە دەرمانی قڕپێکەری مێروو بۆ کوشتن و لەناوبردنیان، بەڵام سەرەتا پێویستە دڵنیاببنەوە لە درووستی و ڕێکی ناوماڵ و پەنجەرەکان بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە هاتنی بەردەوامیان، کاتێکیش خەڵکی دەچنە دەرەوە دەتوانن بە بەکارهێنانی دەرمان و زەیتی تایبەت بۆ ماوەی زیاد لە 10 کاتژمێر خۆیان لە مێشوولەکان بپارێزن، بەڵام کاتێک ژمارەیان زۆر و بەلێشاو دەبێت ئەوا پێویستە سەرچاوەی ئاو و خۆراکیش بپارێزرێت چونکە دەکرێت مێشوولەکان بەکاریبهێنن.
=KTML_Bold=شێوەی دەرەوەی=KTML_End=
جەستەی مێشوولە بە ئێسکە پەیکەرێکی دەرەکی ڕەق داپۆشراوە کە چەند ڕەنگێکی هەیە وەک سوور، ڕەش، سپی یاخود قاوەیی، قەبارەیەکی بچووکی هەیە و کێشی دەگاتە نزیکەی 5 میلیگرام، درێژییەکەشی لەنێوان 2-38 میلیمەتر دەبێت لە کاتێکدا هەندێکیان بەڕادەیەک بچووکن کە بینینیان قورسە، بە جۆرێکن کە دەکرێت گوێبیستی دەنگی بیت بەڵام نەتوانی بیبینیت، تاکە پێگەیشتووەکانی مێشوولەکان بە ئەوە جیادەکرێنەوە کە جەستەیەکی درێژکۆلەیان هەیە لەگەڵ شەش قاچی درێژ و بەهێز، جووتێک باڵی درێژیان هەیە کە لە ناوەڕاستی سنگییانەوە درێژ دەبێتەوە لەگەڵ لمۆزێک کە بەشێکی دەمی پێکهێناون، درێژی و تیژی لمۆزی هاوکاری دەکات لە بڕینی پێستی مرۆڤ بۆ هەڵمژینی خوێن یاخود بۆ هەڵمژینی بڕی زۆر لە شیلەی گوڵ، هەروەها لە لیکی دەمیدا ماددەیەکی دژە مەین هەیە بۆ ئەوەی میشوولەکە بتوانێت بڕێکی زۆرتر لە خوێن هەڵمژێت، بەڵام کاتێک لیکەکە بەر پێستی مرۆڤەکان دەکەوێت دەکرێت ببێتە هۆی درووستکردنی هەستیاری لە هەندێک لە خەڵکیدا، لە قۆناغەکانی تری مێشوولەکاندا شێوازی جەستەیان جیاوازی زۆری بەسەردا دێت و هەر قۆناغێک تایبەتمەندی خۆی هەیە.
$خۆراک$
مێشوولەکان بوونەوەری هەمووشتخۆرن دەتوانن هەریەک لە شیلەی گوڵ و شەربەتی ڕووەکەکان لەگەڵ گەزۆ و خوێنیش بخۆن و بیانکەن بە ژەمی خۆراکی، بەڵام ئەم جۆرە مێرووە خۆشی دەبێت بە نێچیر و خۆراکی ژمارەیەکی زۆری گیانەوەرەکان وەک، مەمکدار، خشۆک، باڵندە، ماسی جیاواز، وشکاوەکی و مێرووەکانی تر، مێشوولەکان خێران و لە کاتژمێرێکدا زیاتر لە دوو کیلۆمەتر دەبڕن، بەهۆیەوە دەکرێت هەندێک جار بتوانن دەربازببن لەدەست ڕاوچییەکانیان، هەروەها ئەگەر ژمارەیان زۆر کەم ببێتەوە ئەوا دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر پاراستنی هاوسەنگی ژینگەیی، چونکە ژەمی خۆراکی ژمارەیەکی زۆری گیانەوەرەکان پێکدەهێنن.
=KTML_Bold=زۆربوون=KTML_End=
مێشوولەکان دوای تێپەڕاندنی تەنیا چەند ڕۆژێک لە لەدایکبوونیان دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، مێینەکان خوێن دەمژن بۆ کەڵک وەرگرتن لە ئەو پڕۆتین و ئاسنەی کە تێیدایە، دواتر بەکاریدەهێنن لە درووستکردنی هێلکەدا، پاش یەکگرتن مێینەکان لە هەرجارێکدا دەتوانن 100-200 هێلکە بکەن کە بە گوێرەی جۆرەکانیان دەگۆڕێت، هێلکەکانیش لە ناوچەی قوڕی شێدار و ئاودا دادەنێت، هەر مێشوولەیەک بە چوار قۆناغی جیاوازدا تێدەپەڕێت، کە بریتین لە هێلکە، کرمۆکە، قۆزاخە لەگەڵ تاکی پێگەیشتوو، ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکان لە هێلکەکانیان تەنیا چەند ڕۆژێکی کەم دەخایەنێت، پاشان دەبن بە کرۆمەکە، بە گەشەسەندنی پێویست دەگاتە قۆناغی قۆزاخە و لە کۆتاییدا تاکی پێگەیشتوو، هەر قۆناغێک ماوەیەکی کەم و کورت دەخایەنێت و لە هەر جارێکدا شێوازی مێشوولەکە گۆڕانی بەسەردا دێت، هەروەها تەمەنی ئەم جۆرە مێرووە بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت و زۆرینەیان لەنێوان چەند ڕۆژێک هەتاکوو چەند مانگێک دەژین، بەگشتی ناوەندە ڕێژەی تەمەنیان تەنیا 10 ڕۆژ دەخایەنێت.
=KTML_Bold=جۆرە سەرەکییەکان=KTML_End=
-مێشوولەی فیلی ئوستوڕالی.
-مێشوولەی تا.
-مێشوولەی پڵنگی ئاسیایی.
-مێشوولەی مەلاریا.
-مێشوولەی ماڵی باشوور.
-مێشوولەی کوپەڵەی ڕووەک.
-مێشوولەی ڕۆژهەڵاتی. [1]