ناو: عارف
نازناو: شەهید هیوا
ناوی باوک: حەمەدئەمین عەزیز کاکەوڵا
ساڵی لەدایکبوون: 1964
ڕۆژی شەهیدبوون: #28-11-1988#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #شەمامک# سەربە دەشتی قەراج و کەندێناوە، #مەخموور#
شوێنی شەهیدبوون: گوندی #شێخ وەسان#ان لە دەڤەری #بالیسان#، #شەقڵاوە#
$ژیاننامە$
عارف حەمەدئەمین عەزیز کاکەوڵا، لە ساڵی 1964 لە گوندی شەمامکی سەربە دەشتی قەراج و کەندێناوە لە دایکبووە. دانیشتووی شاری #هەولێر# بووە، پێشەکاری دار و تەختە بەستنی بانی خانوو بووە، تا قۆناغی ناوەندی خوێندوویەتی، خێزاندار بووە و خێزانەکەی ناوی مەعتەر تۆفیق بووە، خاوەنی دوو کچ بەناوەکانی ڕێناس و بەڵێن بووە.
ساڵی 1981 پەیوەندی بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی پارتی کردووە و بووەتە ئەندام لە بنکەی دایکی شەهید عەبدولڕەحمان لە ناوشاری هەولێر کە سەربە ڕێکخستنەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# بووە، عارف حەمەدئەمین لەم بنکەیە نازناوی شەهید هیوای وەرگرتووە، لە چەندین چالاکی چەکداری و کاری ڕێکخراوەی ئەم بنکەیە بەژدار کردووە.
ساڵی 1986 دوای ئەنجامدانی چالاکییەک لەناو شاری هەولێر ئاشکرا بووە و شار بەجێدەهێڵێت، لەو کاتەدا بنەماڵەکەی خێزان و دووکچەکەی لە شار دەبەنە دەرەوە تا دەست ئەمنی ڕژێم نەکەون.
شەهید هیوا خۆی دەگەیەنێتە دەڤەری بادینان و چووەتە ماڵی مشیر ئاغا و دواتریش هەر لە ڕێگەی مشیر ئاغاوە دەچێت بۆ لای شێخ ستار و لە بەتالیۆنی ئەو بووەتە پێشمەرگە، هەر لەو بەتالیۆنە پلەی سەرپەل و یاریدەدەری فەرماندەی بەتالیۆنی وەرگرتووە.
ساڵی 1988 لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ سوپای ئێراق چەند سەربازێکی ڕژێمی #بەعس#یان بە دیل گرتووە، دەستەیەک پێشمەرگە کە شەهید هیوا فەرماندەیان بووە دیلەکان دەگوازنەوە بۆ گرتووخانەی شۆڕش لە گوندی شێخ وەسانان لە دەڤەری بالیسان، دواتر هەرخۆیان بۆ پاسەوانی گرتووخانەکە ماونەتەوە.
لە ڕێکەوتی 28-11-1988 کۆپتەرێکی ڕژێم لە نزیکی گرتووخانەکە چەند خولەکێک دەسووڕێتەوە و شەهید هیوا بە چەکی ئارپیجی گولەیەک ئاڕاستەی کۆپتەرەکە دەکات، بەڵام بەری ناکاوێت و کۆپتەرەکە فیشەک بارانی شەهید هیوای دەکات و بەهۆی سەختی برینەکەی شەهید بووە، دواتر لەلایەن خەڵکی گوندی شێخ وەسانان شەهید هیوا لە گوڕستانی گوند بە خاک دەسپێرن.[1]