جێگری سەرۆکی پارتی، ڕایگەیاند، ڕابردووی پارتی پڕە لە شانازی و بەرگریی. جەختی لەوە کردەوە، هەڵبژاردن تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی شێوازی حکوومڕانی لە وڵاتەکەمان دیاری بکەین.
#مەسرور بارزانی#، جێگری سەرۆکی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، بە مەبەستی پشتیووانیکردن و سەرخستنی لیستی 190ی پارتی، لە شاری #هەولێر#، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتی لە سەندیکاکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، پارتی ئەو حزبە بووە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئامادە نەبووە کە دان بەوە دابنرێت بستێک خاکی کوردستان جیا بکرێتەوە، هاوکات ئامادەبوو شۆڕشێکی لەسەر ئەو پرسە دابنێت.
هاوکات دەڵێت: پارتی ئەو حزبەیە کە لەژێر سەرکردایەتی بارزانی نەمر ئامادە نەبوو واز لە #کەرکووک# بهێنێت، چونکە پێی وابوو هیچ بەشێکی خاکی کوردستان لە کوردستان جیا ناکرێتەوە.
ئاماژەی بەوە دا، ئەجێندای پارتی هەمیشە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان بووە، پارتی شانازی بەوە دەکات کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سازشی لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کورد نەکردووە، پارتی هەمیشە خۆی کردووەتەوە قوربانی نەتەوە و خەڵکی کوردستان. [1]