پڕ نەبێ جامی بەتاڵم تا کەی؟
نەشەکێ باڵی خەیاڵم تا کەی؟
هاوسەر و دەستەملانی ژانم
گیانەکەم! نایەوە باڵم تا کەی؟
شەو لە تاریکی و بێدەنگیدا
ڕۆژەکەم! بۆ تۆ بناڵم تا کەی؟
هەر لە یادی سەری بسکت دابم
گیانە! ئاشوفتە بێ، حاڵم تا کەی؟
هەر منەتباری شەراب و مەی بم
حەسرەتی چاوی کەژاڵم تا کەی؟
هەر لە ماچی دەمەکەت بێ بەش بم؟
لێوی وشک و دەمی تاڵم تا کەی؟
هەوەسی گەستنی کوڵمەم تا چەند؟
ئارەزووی مشتنی خاڵم تا کەی؟
شینە میوانی شەوانی دووریم
شادی، ڕوو ناکەیە ماڵم تا کەی؟
من لە دووڕەنگی بەدڵ بێزارم
ڕەنگی زەرد، دیدەیی ئاڵم تا کەی؟
من وەکو هەنگێ هەڵاڵەم مشتوون
ژینی نێو گەند و هەڵاڵم تا کەی؟
من بەشێلانی چەمەن ڕاهاتم
هاتوچۆی نێو دڕ و داڵم تا کەی؟
بۆ سەرینچاوە و کانیاوی ڕوون
هەڵوەرێ ئەشکی زوڵاڵم تا کەی؟
من هەڵۆ بووم و چیا هێلانەم
ژێر چەپۆکی قەل و داڵم تا کەی؟
قەفەزی دژمنی بەدخوودی دڵڕەق
هەڵوەرێنێ پەڕ و باڵم تا کەی؟
سەرە نێزەی ستەم و زۆرداری
بنجنێ سینگی مەتاڵم تا کەی؟
گورگی بێدادی لە گیانم بەربوو
ئێشی جێ گاز و قەپاڵم تا کەی؟
من پەلەقاژە و هاوارێ نەکەم
ئەو بڵێ زاڵم و زاڵم تا کەی؟
کوتکی بێدادی هەر بکوتێ کاسە سەرم
کار نەکا دەست و زوخاڵم تا کەی؟
ئەو کە زاری ڕقی دەرکێشاوە
من زمان بەستە و لاڵم تا کەی؟
پۆشتە و تێر و پڕ و خۆش لەوەڕە
برسی و ڕووت و ڕەجاڵم تا کەی؟
تەم و مژ، بەندەن و دەشتی گرتم
هەڵنەکا سروە شەماڵم تا کەی؟
بەس نەبێ دەسبەسەری و دەربەدەری
نەچمەوە نێو کوڕ و کاڵم تا کەی؟
باخەوانانی جیهان پێم ناڵێن
بۆ وەری میوەیی کاڵم تا کەی؟
مانگ و مێریخی دەپێوێ ئینسان
منی کورد، زیندە بەچاڵم تا کەی؟
چاوەڕێی تیشکی هەتاوی هیوام
نەڕەوێ هەور و گەواڵم تا کەی؟
هۆزانەوان: #هێمن موکریانی#
سەرچاوە: #بارگەی یاران# [1]