دوژمنی کوردی نییە ئەفلەقی دڵڕەق بەتەنێ
ڕیشەیی خەڵکی عێراقێ دەیەوێ هەڵبکەنێ
لە عێراق ناژی شتێکی بەری چاوی بگرێ
هەر بەتەورێ دەبڕێ زاڵمە نەخل و دەوەنێ
عەرەب و کورد و تورک، ئەرمەنی و ئاشۆری
دەگرێ، یا دەکوژێ، وەک بوتێ سوجدەی نەبەنێ
زێڕی چی؟ ئاسنی ژەنگاوی و تیژە سەددام
کۆنە ناسۆری ئەون ئێستەکە دێنن تەشەنێ
کوشتی، سووتاندی و بردی لە جنوبی ئێران
وەک مەغوولێ کە لە خۆی ڕازی بکا ئەهریمەنێ
ئەوی ئەو کردی بەنامەردی دەگەڵ کوردستان
شەختە نەیکرد بەگوڵ و نەستەرەن و یاسەمەنێ
مووشەک و بۆمی لە دێ و شاری وڵاتی هەڵکرد
خەڵکی ئاوارە بوو بۆ دەشت و تەلان و دەمەنێ
گوللە داباری وەکو تەرزە لەسەر پیر و جوان
تەرزە کوانێ بەزەیی دێ بەگوڵ و گیای چەمەنێ؟
وا بڵاو بۆتەوە جەیشی بەپەلاماری بەجێ
تازە کۆبێتەوە دژوارە بەبێڵ و بەشەنێ
خۆی بەنێرۆن و بەچەنگیز و بەهیتلێر زانی
نەیدەزانی دەدرێ مشتی گرانی لە چەنێ
دەستی بێگانە دنەی دابوو کە خۆی هەڵدێرێ
کەچی ڕاچوو لە پەڕەی جەرگی پەلی دارەبەنێ
لەوەتەی هەڵمەتی شێرانەیی خەڵکی دیوە
خەوی تۆراوە، بەشەو ڕادەپەڕێ، ڕادەچەنێ
ماوەیەک مەستی مەیی بەرزەدەماخی بوو، بەڵام
کاتی وەی هات کە خومار بێتەوە لووت دابژەنێ
ئەو کە نەیهات بەزەیی قەت بەهەژار و بێکەس
ڕۆژی تەنگانە ئەوان چۆن دەبێ دەستی نەکەنێ؟
کەس نییە جەرگی بەکوچکێوە نەنابێ سەددام
چۆن دەبێ جەرگی ئەویش خەڵکی بەکوچکێوە نەنێ؟
چۆن دەبێ باکی نەبێ ئەو لە «أخ» و «أخت»ی عەرەب
چۆن نەجاتی دێ لە دەس مامەڕەش و پوورە نەنێ؟
ئەو کەسەی هانی دەدا ئاگری شەڕ ڕۆشن کا
ناچتە هانای کە کەوت تێر و پڕیش، پێ دەکەنێ
تازە ڕزگاری لە دەس خەڵکی عێراق دژوارە
هێندە پێناچێ، هەموو دەوروبەری لێ دەتەنێ
چی لە دەس نایە ئەگەر خەڵکی عێراق ئەمڕۆکە
ڕاپەڕن، یەک بگرن، دەس دەنێ، ڕاماڵی دەنێ
ئەمەیە ئاقیبەتی شوومی لە خۆبایی بوون
چارەنووسی ئەمەیە دوژمنی خەڵک و وەتەنێ
هۆزانەوان: #هێمن موکریانی#
سەرچاوە: #بارگەی یاران# [1]