ناو: عەلی
نازناو: عەلی هاواری
ناوی باوک: ڕەحیم عەلی کەرەم
ناوی دایک: زولەیخا کاکەوەیس
ساڵی لەدایکبوون: 1943
ڕۆژی شەهیدبوون: #24-05-1969#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی هاواری سەربە شارەدێی #بیارە#ی پارێزگای #هەڵەبجە#
شوێنی شەهیدبوون: چیای شنروی، هەڵەبجە
$ژیاننامە$
عەلی ڕەحیم عەلی کەرەم ناسراوە بە عەلی هاواری لە ساڵی 1943 لە گوندی هاواری سەربە شارەدێی بیارەی پارێزگای هەڵەبجە لە دایکبووە، قۆناغی خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە، گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری جووتیاری بووە، ڕەحیم عەلی باوکی و کەمال هاواری برای شەهیدی شۆڕشی ئەیلوول بوونە.
ساڵی 1977 تەواوی ئەندامانی بنەماڵەکەیان لە ئەمنی #سلێمانی# زیندانی سیاسی دەکرێن، خێزانی عەلی هاواری ناوی حەمدیە بەکرە و ناوی دایکی زولەیخا کاکەوەیس و براکانی غەیدان، ڕەحیم، ئاغا، جوامێر، عەلوان، کەمالە.
ساڵی 1963 پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوی #خورماڵ# بە بەرپرسیارەتی کەمال هاواری برای سەربە لێژنە ناوچەی هەڵەبجەی پارتی دەکات، ئەو کات وەک شانەی نهێنی ناوشار ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری ناو شاری هەڵەبجەی پێدەسپێرن.
ساڵی 1965 بووتە پێشمەرگە لە بەتالیۆنی حەوتی هێزی خەبات بە فەرماندیی عەبدولوەهاب ئەتروشی.
ساڵی 1966 وەک دەستەی پارتیزانی چونەتە ناو شاری هەڵەبجە بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک کە تێیدا بریندار دەبێت و فیشەک بەر سەری دەکەوێت و ڕومەت و گوێچکەی ڕاستی دەبڕێت، دوایی چارەسەر وەرگرتن دەگەڕێتەوە و پلەی سەردەستە وەردەگرێت هەر لە لقی #بەرگەڵو#.
ساڵی 1967 لە دەڤەری بەردە چاڵانی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەربازانی ڕژێم و جاشەکان بۆ دووەم جار بریندار دەبێتەوە و فیشەک بەر قۆڵی دەکەوێت، دوای چارەسەر وەرگرتن و گەڕانەوەی بۆ ناو شۆڕش پلەی سەرپەل لە لقی بەرگەڵو وەردەگرێت.
لە ڕێکەوتی 24-05-1969 بە فەرمانی سەرکردایەتی شۆڕش پۆلێک پێشمەرگە کە پێکهاتبوون لە #عەزیز ئەتروشی#، #عەلی ڕەشاش#، #مەنوچەربەگی ئێناخی#، #ئەحمەد بەکراوایی# دەچنە چیای شنروی، سەرەتا دەچنە گوندی هاوار بۆ سەردانی باوکی عەلی هاواری بۆ ئەوەی هاوکارییان بێت، باوکی عەلی هاواری وەک ڕێنیشاندەرێک و شارەزای دەڤەرەکە عەلی هاواریان لەگەڵ دەنێرێت و هەر ئەو ڕۆژە دەچنە سەنگەرەکانیان لە کەلی ئەشکەوتان لە چیای شنروێ، لەو کاتەدا هەواڵ دەچێت بۆ تاقمی #برایم ئەحمەد# کە لەو کاتەدا هەڵگەڕابوونەوە لە شۆڕش و #پارتی دیموکراتی کوردستان#، کە عەزیز ئەتروشی لە چیای شنروێیە، بۆیە تاقمەکەی برایم ئەحمەد پلانی هێرشێکی بەپەلە دادەنێن و دەستدەکەن بە ئامادەکاری و هێرش دەکەنە سەریان و لە ئەنجامدا عەزیز ئەتروشی و مەنوچەر بەگ شەهید دەبن و عەلی هاواری بەسەختی بریندار دەبێت و بەبرینداری خۆی لە سەنگەرەکان دووردەخاتەوە، دوای چەند خولەکێک لە نزیک سەنگەرەکانیان عەلی هاواری شەهید دەبێت و تەرمی ناکەوێتە دەست تاقمەکە، بەڵام #جەلال تاڵەبانی# تەرمی هەرچوار شەهید عەزیز ئەتروشی، مەنوچەر بەگی ئێناخی، ئەحمەد بەکراوایی، عەلی ڕەشاش لە چیای شنروێوە بە وڵاخ ڕادەکێشێتە ناو شاری هەڵەبجە و جەستەکانیان تەواو دەشێوێنێت، لەناو شاری هەڵەبجە لەلایەن پیاوانی ئایینی و کۆمەڵیک کەسایەتی شارەکەوە دەچنە سەر ڕێگەی، دوایی داواکاریەکی زۆر تەرمەکانی لێ وەردەگرنەوە و هەر ئەو کات پارچە زەویەک لە دەروازەی شاری هەڵەبجە دەکڕن بە کۆمەڵ بۆ بەخاک دەسپێرن و ناوی دەنێن گۆرستانی شەهیدان، بنەماڵەی عەلی هاواری دوایی دۆزینەوەی تەرمی عەلی هاواری لە چیای شنروێ دەبردرێتەوە بۆ گوندی هاوار و لەوێ بە خاکی دەسپێرن.[1]