لە درێژەی سەردانەکانی بۆ گوندەکان، #قوباد تاڵەبانی#، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام #جەلال تاڵەبانی#، شارەدێی #بنگرد# و گوندی #شارستێنە#ی بەسەر کردەوە و کۆبوونەوەی جەماوەری ئەنجامدا.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی باسی لە جیاوازی هەڵبژاردنی ئەم جارە و هەروەها جیاوازی یەکێتیی ئێستا لەگەڵ چەند ساڵی ڕابردوو کرد و ڕایگەیاند، یەکێتی بەتەواوی بەو قەناعەتە گەیشتووە کە ناکرێت حکومڕانی بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت و دەبێت گۆڕانکاری بنەڕەتی بکرێت تا هەم بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچە جیاوازەکان بکرێت و هەم بە گەڕاندنەوەی هیوا و متمانە بۆ خەڵک دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلەکەمان بپارێزین.
ڕوونیشی کردەوە کە پێشتر یەکێتی بەهۆی باڵباڵێن و فرە ئاڕاستەیی نەیدەتوانی سیاسەتێکی ڕوون و شەفافی هەبێت و بە جۆرێک لاواز بووبوو کە کەرەستەی پێویستی نەبوو بۆ گۆڕانکاری و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەڵام لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە سەرۆکایەتی #بافڵ تاڵەبانی#، یەکێتی بە بەردەوامی خەریکی ڕێکخستنەوەی ناوماڵی خۆی و خۆبەهێزکردن بووە و ئێستا بووەتەوە بە هێزێکی خاوەن بڕیار و یەک ئاڕاستە و لەسەر ئاستی کوردستان و ئێراق و ناوچەکە حیسابی تایبەت بۆ بڕیار و سیاسەتی یەکێتی دەکرێت.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد کە یەکێتی ئەم جارە دەیەوێت بە تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورە لەم هەڵبژاردنەدا ڕێڕەوەی حکومڕانی ڕاست بکاتەوە و کۆتایی بە خۆسەپێنی بهێنێت و حکومەت و هەموو دامەزراوەکانی حکومڕانی بخاتە خزمەتی خەڵکەوە.
وتیشی، وەک چۆن لە سەردەمی شۆڕشدا گوندەکان پشتوپەنای یەکێتی بوون، ئەم یەکێتییەی ئێستاش گەڕاوەتەوە سەر هەمان ڕێچکە و چاوی لەوەیە بە پشتبەستن بە دەنگ و ئیرادەی گوندنشینەکان و چینە جیاوازەکانی دیکەی کۆمەڵگە، هەنگاوبنێت بەرەو ئەو گۆڕانکارییە مەزنەی کە چەندین ساڵە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی دەکەن و داوای دەکەن. [1]