ئەوا هات مانگی خۆشی خاکەلێوە
نەما سەرما و بووران و کڕێوە
پەڵەک ڕەش کەوتە کوێستانی وڵاتمان
بە با و باران و لەنگێزە و شڵێوە
لە کێو و کەژ گیاو و گژ بەبارە
ئیتر دەرچوو مەڕوماڵات لە لێوە
لە لێوی جۆگەلە مێلاقە ئەوڕۆ
لە گوین سەربازی سوور وێستا بەپێوە
نەوەک کاکۆڵی یارم بەڵکە سونبوڵ
وەکو ژاپۆن و ئەڵمانی پەشێوە
نە هەر دێوانە بۆ سەیر و تەماشا
ئەوێستا عاقڵ و زاناش لە کێوە
تەماشای مامی جووتێر کە لە دەشتا
بەدڵگەرمی خەریکی وەرد و شێوە
بەهارە گوڵ سەری هێنا دەرێ تۆش
هەڵستە کوردە چیدی سەرمەنێوە
هەموو قەومێک وەسەرکەوتووە لە هەوراز
بەشی تۆ کوردە تاکەی هەر نشێوە
بخوێنە فێری زانست و هونەربە
لەلای کوللی کەسێ جاهیل دزێوە
وەرە فێری تەمەدون بە عەزیزم
هەتا خەڵکی نەبێژن کوردە دێوە
مەبە مەئیووس و ئومێدت قەوی کە
فریشتەی جوانی سەربەستیت بەڕێوە
ئەوەندەت فەرقە ئازاد نیت وەکو خەڵک
دەنا فەرقت نییە زەڕێک بەشێوە
ئەوەش موژدەت دەمێ هەر بەو زووانە
دەبی ساز، هەڵپەڕە جا تۆش لە جێوە
هەتا پێیێک لە بێرلین بچنە پێشی
سوپای سوور، دێتە پێش ئازادی ئێوە
بژی مارشال ستالین پێشەوای ڕووس
کە ئازادی لە گێتی دابەشێوە
هۆزانەوان: #هێمن موکریانی#
سەرچاوە: #سەرجەم بەرهەمەکانی مامۆستا هێمن#. [1]