هێشتا لاو نا، مێرمنداڵ بووم، لە کۆنە بەیازێکدا پارچە شێعرێکی فارسیم خوێندەوە و لەبەرم کرد، ئێستاش لەبیرم ماوە، چونکە بەدڵمەوە نووساوە، ئەگەرچی بەداخەوە، نازانم شاعیرەکەی کێیە؟ ڕاستە ئەم پارچە شێعرە لەچاو سەنعەتی شێعرییەوە زۆر پوخت نییە و شاعیری سەنعەتکار هیچ کاتێک «جست» و «گفت» ناکاتە قافیە و «افغان» و «شتابان» بە قافیەی «شایگان» دەزانێ، بۆ خۆشم ئەگەرچی وەک جاری دیکەش گوتوومە و دەڵێم قافیە لە شێعردا مەرج نییە، بەڵام کێش مەرجە و ئەوە کە شێعر لە نەسر هەڵداوێرێ. پێم وایە ئەم شاعیرانەی، شێعری عەرووزی دەڵێن دەبێ بەتەواوی ڕیعایەتی قافیە و ڕەدیف بکەن. ئەمما ئەم پارچە لەباری نێوەرۆکەوە گەلێک پڕ و دەوڵەمەند و بەهێز و هەست بزوێن و کورتە:
شنیدستم که مجنون دل افگار
چو شد از مردن لیلی خبردار
گریبان چاک زد با آه و افغان
به سوی تربت لیلی شتابان
درآنجا کودکی دید ایستاده
به هر جا چشم عبرت برگشاده
سراغ قبر لیلی را از او جست
همان کودک بخندید و بدو گفت
که ای مجنون تو اگر عشق بودی
ز من کی این تمنا می نمودی؟
میان قبرها را جستجو کن
ز هر خاکی کفی بردار و بو کن
ز هر خاکی که بوی عشق برخاست
یقین دان تربت لیلی در آنجاست
بەناوبانگترین چیڕۆکی دڵداری لە ڕۆژهەڵاتدا داستانی لەیلی و مەجنوونە، کەم شاعیری عەرەب، فارس، تورک و کورد دەبینی کە یادی ئەم گراوی و دڵدارانەی نەکردبێ. کەم کەس هەیە قەیسی عامیری کە بە مەجنوون ناوی دەرکردووە، نەناسێ و نەزانێ ئەو لاوە عەرەبە ئاشقی کچە عەرەبێک بووە، باوکی کچەکە کە لە عێلێکی بەدەسەڵات و زۆردار و دەوڵەمەند بووە، کیژەکەی نەداوە بە مەجنوون و داویەتی بە پیاوێکی وەک خۆی دەوڵەمەند. قەیس لە سوێیان شێت بووە، خێڵ و هۆبەی بەجێ هێشتووە و ڕووی لە چۆڵ و بێروونان کردووە و لە ئینسانان بێزار بووە و خووی بە گیانداران و دڕندە و وەحشییەکان گرتووە و شێعری بە گراوییەکەی خۆی هەڵگوتووە.
داستانی لەیلی و مەجنوون بۆتە هەوێنی شێعری زۆربەی شاعیرانی ڕۆژهەڵات و، لەڕێگای ئەدەبی شەرقییەوە چۆتە نێو ئەدەبی غەربییەوە. بەبڕوای ئەدەبدۆستان و شێعرناسان مامۆستای مەزنی ئەدەبی فارسی نیزامی گەنجەوی گۆی هونەری لە هەموو کەس ڕفاندووە و گرەوی بردۆتەوە و ئەو داستانەی لە گشت شاعیران باشتر داڕشتووە.
قەومییەتی نیزامی تا ئێستا بۆ کەس ساغ نەبۆتەوە و کێشەی لەسەرە. فارس دەڵێ فارسە و بەڵگەی بەدەستەوە: «پنج گنج» و شوێنەوارەکانی دیکەی نیزامی وەباڵی بۆ دەکێشن. تورک دەڵێ بەم دەلیلەی کە گۆڕی پیرۆزی دەنێو ئێمەدایە و لە شێعرەکانی ڕا دەردەکەوێ ئافاق خانمی ژنی لە جنسی ئێمەیە دیارە تورکە، هەر بۆیەش گومبەزمان لەسەر دروست کردووە و ڕازاندوومانەتەوە. کوردی دۆ نەدیوی هەژاریش دەڵێ خوشکەزای خۆمە و ئەم شێعرەش بە بەڵگە دێنێتەوە:
چون مادر من رئیسهٔ کرد
مادر صفتانه پیش من مرد
درێژدادڕی دەکا و دەڵێ ئەم پەندەی پێشینیان ڕاستە کە گوتوویانە: «خاڵان خوارزا مەزن کرد، مامان برازا بزر کرد». نیزامی لەژێر سێبەری خاڵۆ عومەریدا، پەروەردە بووە و پێگەییوە کە وا بوو کوردە. منیش دەڵێم کابرا گوتەنی هیچیان پیاوی درۆیە نین. هەرسێک دەلیلیان هەیە و کەیخودایییان لەنێوان دەکەم و دەڵێم:
نیزامی لەوەی مەزنترە لە چوارچێوەی تەنگی نەتەوایەتیدا بگونجێ و پەیوەندی بە مرۆڤایەتییەوە هەیە: هونەرەکەی مایەی شانازیی ئینسانییەتە و بە شاعیرێکی مەزن و پیاوێکی گەورەی بناسن و کێشەی لەسەر مەکەن.
نیزامی بۆ خۆشی هەستی نەتەوایەتی و بەرچاوتەنگی بە شێعرەکانییەوە دیار نییە. بەو هەموو شوێنەوارە جوانە فارسییەوە منەت لەسەر فارس ناکا و ناڵێ: «عجم زندە کردم بدین پارسی». ئەوینی بەتینی ژنەکەی کە دیارە چەندی خۆش ویستووە و پاش مردنی چ شینێکی بۆ گێڕاوە بەرەو «پان تورکیزمی» نەبردووە. ناز و نەوازیشی دایکی و نان و نمەک و جلوبەرگ و پەروەردە کردنی خاڵی نەیکردۆتە کوردێکی ڕووت. ڕەنگە هەرسێک زمانی زانیبن، شێعرەکانی شاهیدن کە نەک هەر فارسی زانیوە بەڵکوو لە ڕێزی گەورەترین شاعیرانی فارسدایە. ئەدی بە چ زمانێک دەگەڵ ئافاق خانم دواوە؟ دەزانین تورک زۆر بەزەحمەت فێری کوردی و فارسی و زمانی دیکە دەبن، ئەو ژنە خۆشەویستەشی خۆ کەڕ و ڵاڵ نەبووە، دواندن و لاواندنەوە و نازکێشانی ویستووە. ئەم چیڕۆکانەی دایکی بە منداڵی بۆی گوتوون بە ئاشکرایی لە شێعرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە وەک لەم شێعرەدا دەردەکەوێ:
کردی خرکی به کعبه گم کرد
خر باز بجست و اشتلم کرد
کە وا بوو کوردیشی زانیوە.
خانی شاعیری مەزنی ئێمەش داستانی بەناوبانگ و دڕامی کەم وێنەی مەم و زینی لەسەر ئوسوولی نیزامی داڕشتووە، شێعرەکانی لەسەر کێشی لەیلی و مەجنوونەکەی ئەون و دیارە لەژێر تەئسیری نیزامیدا بووە. بەڵام جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئەم دوو داستانەدا هەیە. لەباری ڕواڵەت و شێوەدا، نیزامی لە پێشترە، هەرچەندە نەزمی خانی چەپی دەبەر نەزمی نیزامیدا نییە، کێش و قافیەی هەردووکیان تا دەستی لەسەر دابنێی سوار و ڕەوان و پاراوە. ئەمما زمانی نیزامی لە زمانی خانی سواوتر و لێک و لووستر و لەبەر دڵانترە. بەداخەوە کوردییەکەی خانی وشەی عەرەبی ڕەقی نامۆی وای تێدان کە قامووسی فێروزابادیش نەیگرتوون. ئەوەش هەروا بێ بنۆس و عیللەت نییە. خانی لە سەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی سەفەویدا ژیاوە و هەموو فارسیزانێک دەزانێ لەو سەردەمەدا زمانی فارسی تووشی چ پاشەکشە و تەنگانەیەک بووە و دیارە زمانی کوردیشی دەگەڵ خۆی بەرەو هەڵدێر بردووە. دەنا زمانی کوردی ئەوەندەش هەژار و کەم وشە نییە، هێندە قەرزداری زمانی دیکە بێ.
بەڵام لەباری نێوەرۆکەوە بێ تەعەسووب، دەڵێم: «خانی لە پێشترە» ئەوەش لە خۆڕا ناڵێم. قارەمانی چیڕۆکی لەیلی و مەجنوونی نیزامی هەردووک عەرەب بوون. ئەویش هەرچەند زۆر زانا بووە، تەبیعییە نەیتوانیوە وەک عەرەبێک شارەزای ڕێوشوێن و چلۆنایەتی ژیان و فەرهەنگی عەرەبی بێ. خانی چیڕۆکە نایابەکەی لە بەیتێکی کوردی وەرگرتووە و قارەمانی کوردی هەڵبژاردووە. بۆیە هەتا پێی کراوە خۆی لە ئەفسانە پاراستووە و بەرەو واقیع چووە. تەنانەت ئەگەر بەوردی سەرنج بدەنە دڕامی مەم و زین بۆتان دەردەکەوێ لە زۆر جێگایان کە هاتووە لە واقیع دوور بێتەوە لەئەستۆی خۆی داڕنیوە و دەڵێ: «بیستوومە، بۆیان گێڕاومەوە و یا خەونیان دیوە». خانی هەژارپەروەری و دیفاع لە بێدەسەڵات و چەوساوانی گەیاندۆتە ڕادەیەک کە هێندێک کەسی دیارە نەزانی هێناوەتە سەر ئەم بڕوایە کە ئەو سێسەد و پەنجا ساڵ پێشتر بیروباوەڕی چەپی بووە!!!
خانی وێدەچێ خەریک بووبێ وەک نیزامی پێنج گەنج بنووسێ. جا توانیویەتی و شوێنەوارەکانی جگە لە مەم و زین بزر بوون و لەنێو چوون، بۆمان ڕوون نییە. هەر ئەوەندە دەتوانم بڵێم ئەو کە لە چل و چوار ساڵیدا مەم و زینی تەواو کردووە، دەبێ پێش ئەو بەم دڵە پڕ هەستە و بەو تەبعە ڕەوانەوە، شتی دیکەشی نووسیبێ، نەوبەهار بەشی ئەوەندەی مەحتەل نەکردووە تا چل و چوار ساڵی هەر ئەو دوو شوێنەوارەی بێ. چل و چوار ساڵ تەمەنێکی نێونجییە، ئەگەر پتر ژیا بێ کە هیچ ڕوون نییە پاشانیش دەبێ شتێکی دی لە پاش بەجێ مابێ. ئەمما چمان بە دەستەوە نییە دیسان وەک کوردێک شوکرانەبژێرم، ئەوەندەشمان لەدەسدا هەیە.
بێگومان خانی لە نیزامی فێر بووە کە لەدوایی مەم و زیندا ساڵی تەواوکردنی کتێبەکەی و تەمەنی خۆی بکاتە شێعر و بڵێ:
لەوڕا کو دەما ژ غەیب فەک بوو
تاریخ هەزار و شێست و یەک بوو
ئیسال گەهشتە چل و چاران
وی پیشرەوێ گوناهکاران
پێم وایە مامۆستای خوالێخۆشبوو سەججادی کە پاش مردووان هەر ڕەحمەت باشە، خراپ لەم دوو شێعرە گەییوە بە بۆچوونی من، خانی لە 1061دا مەم و زینی تەواو کردووە و ئەودەمیش خۆی چل و چوار ساڵی تەمەن بووە. ئەو کەسانەی بە گۆترە شت نانووسن و کەمێکی بیر لێ دەکەنەوە و مێژوو دەخوێننەوە دەزانن ئەو سەردەمە ڕەشترین سەردەمی مێژووی کوردە. چونکە سەردەمی کێشە و شەڕی نێوان دوو دەوڵەتی بەدەسەڵات و زۆردار و لەکنەخۆ مسوڵمانی ئەو کاتە بووە. شەڕی بەینی سەفەوی و عوسمانییەکان زیاتر لە کوردستان و لەسەر زگی کوردی بەستەزمان و لێقەوماو کراوە. زوڵم و زۆری ستەمکاران و لێقەومان و بێهێز و بێدەسەڵات لەو سەردەمەدا هەستی نەتەوایەتی خانی بزاوتووە کە لە دیباچەی مەم و زینەکەیدا دەری بڕیوە و دەڵێ:
ئەز مامە د حیکمەتا خودێدا
کورمانج د دەولەتا دنێدا
ئایا بە چ وەجهی مانە مەحرووم
بیلجوملە ژ بۆ چ بوونە مەحکووم
هەستی نەتەوایەتیی خانی هەستی کوێری ناسیونالیستی نییە. هەستی ئینسانی شاعیرێکی حەساس و بەشەردۆستە کە نەتەوەکەی خۆی خۆش ویستووە و بە مەحرووم و مەحکوومی دیوە و زگی پێی سووتاوە و دیفاعی لێ کردووە. خانی ئینسانی خۆش ویستووە و ستەم و ناحەقی ئەم هەستەی تێدا بزواندووە کە لە بەدبەختترین و مەزلوومترین ئینسانی کورد پشتیوانی بکا.
نیزامی و خانی وەک دوو شاعیری موسڵمان لە پێشەکی کتێبەکانیاندا حەمدی بینایی چاوان و ئاودێری دێمەکاران، خودای مەزنیان کردووە و بە خۆشەویستیی خودا و پێغەمبەری گەورە و نازدار و پیاوچاکیان هەڵگوتووە و هەردووک لەو باسەدا سەرکەوتوون.
بەڵام کە وەک شاعیرەکانی پێشوو هاتوونە سەر باسی میر و مەزنان، بەتەواوی لێک جوێ بوونەوە، نیزامی پێی هەڵگوتوون یا ئەوپەڕی گلەیی لێ کردوون، بەڵام خانی بە ئازایەتی کوتاونی و تاوانی کوێرەوەری و چەرمەسەری هەژارانی بێدەرەتانی خستۆتە ئەستۆی ئەوان.
لە باقی مەبەستەکانی پەراوێزی داستانەکەیدا خانی وەک عاریفێکی لێزان و دڵسۆز دواوە و ئەوەندە بەخشندە و بەڕەحم بووە کە تەنانەت بەکرە مەرگەوەڕی بەدفەڕی، پاش کوژران و بوون بە چەقڵی مەم و زینان، بەخشیوە و بە خەونی پیاوچاکێک کردوویە بە دەرکەوانی دەرکی کۆشکی بەهەشتی مەم و زینان. ڕەنگە خوێنەر وەڕەز بووبێ و پێی وا بێ زۆرم درێژدادڕی کردووە. بەڵام من پێم وایە زۆرم مێشکی خۆم کوشیوە تا ئەم باسە کورت بکەمەوە و بچمە سەر باسی عەلی ئاشق. ڕاست بێ یا ئەفسانە «دەگێڕنەوە زەمانی زوو لە ئاوەدانییەکی ئەم کوردستانەدا لاوێک ژیاوە کە ناوی عەلی بووە. عەلی گیرۆدەی داوی ئەوینی کچی مەلای ئاوەدانی بووە. مەلازادەی شۆخ و شەنگیش دڵی بە عەلییەوە بووە. ئەوینی ئەو کوڕ و کچە وەک ئەوینی لەیلی و مەجنوون و مەم و زین، ئەوینێکی پاک و خاوێن و ئاسمانی و دوور لە هەوا و هەوەس بووە. خوازبێنیکەری ناردوونە سەر کیژی مەلا. بەڵام شۆفار و ڕیاباز و دووزمان کە هەمیشە بوون و وا زووش بنەبڕ نابن، چوون دەکەڵیشەی مامۆستاوە و نەیانهێشتووە کچەکەی بداتێ و پێیان سەلماندووە مەلازادە بۆ بۆرەپیاو نابێ.
کوڕی سەوداسەر وەک قەیسی عامیری لە سوێی گراوییەکەی کە بەداخەوە ناوی نازانین شێت و دین دەبێ و ئاوەدانی بەجێ دێڵێ و دەس رەکێوان دەدا. نەمبیستووە دەگەڵ کێویان ببێتە هاودەم. بەڵام شەو و ڕۆژ بە شاخاندا گەڕاوە و بەیت و باو و لاوک و حەیرانی کوردانەی بە یارەکەی هەڵگوتووە.
جێی داخە لەوانە چمان وەدەس نەکەوتوون. بە چەقالە، بەڵاڵووکە کێویلکە، گێوژ و کرۆسک و گیا و گوڵی کوێستانان ژیاوە، جاروبار شوان و گاوان و ڕەوکەوان نانی ڕەقیان بە خێرا خۆیان داوەتێ، چەند وا ماوەتەوە ڕوون نییە. کچە مەلاش هەموو حەڵاڵی دونیای لە خۆی حەرام کردووە و قەت لە ژوور نەهاتۆتە دەر و کەسی نەدواندووە و شەو و ڕۆژ گریاوە.
مەلای موسڵمانی کورد زگی پێیان سووتاوە و بەزەیی پێدا هاتوون و کچەکەی بە زۆرەملێ نەداوە بە کوڕی ئاغا یا کوڕە مەلایەکی وەک خۆی، یا بازرگانێکی دەوڵەمەندی شار، بۆ خۆی وەبەندەنان کەوتووە و عەلی کە ئیتر بە عەلی ئاشق ناوبانگی ڕۆییوە و بە هەزار زەحمەت دۆزیویەتەوە، دڵخۆشی داوەتەوە و بەڵێنی داوەتێ چیدی بە قسەی دووزمان و شۆفاران نەکا و کچەکەی بداتێ. عەلی ئاشق هاتۆتە ئاوەدانی، مەلا نوشتەی بۆ نووسیوە، دایکی سەری دەپڵاو و گۆشتی گرتووە، دەستە براکانی دەوریان داوە و قسەی خۆشیان بۆ کردووە تا ژیوەڵە بۆتەوە و هۆشی هاتۆتەوە سەرەخۆ. مەلاش بۆ خۆی کچەکەی لێ مارە کردووە و بە جلوبەرگ و جیازی خۆی بۆی سوار کردووە. سواری کورد ڕمبازێنیان لەپێش کردووە، تەقڵەیان داکوتاوە و جلیتیان هاویشتووە. دەستە خوشکەکانی سەمایان لەپێش کردووە، دایکی زاوا و پیرێژنەکان ئاوێنەیان بەرەو ڕووی ڕاگرتووە، بەربووک سواری ئەسپی بارگە بووە، خزم و کەسوکاری پیاوی عەلی لە سەربانەوە شاباشیان بەسەردا هەڵاویشتووە، منداڵ تێک وەرووکاتوون و شاباش و نوغڵ و نەباتیان کۆکردۆتەوە، بووکیان لەسەر کورسی دابەزاندووە. دوو برازا پیلیان گرتووە و بەرەو پەردوویان بردووە. لەو حاڵەدا عەلی لەبەر بێڵایە ڕاوەستاوە و دەستی لە بناگوێ ناوە و ئەم بەندانەی پێ هەڵگوتوون:
مەجلیسی ئاشقان گیراوە
ساقی لەنێو ڕاوەستاوە
پیاڵەی عیشق نۆش کراوە
بەخێر هاتی پەریزادە
بەخێر هاتی
بەسەر چاوی دەمن هاتی
بە چیم زانی کە تۆ هاتی
بە دەنگی تۆق و خرخاڵان
عەلی عاشق!
ئەگەر عیشقت زمانی بێ
سەدجار عومرت زوو فانی بێ
حەیفە ئیخلاس پەنهانی بێ
مەلازادە بەخێر هاتی!
موتریب! لێ دە بینای سازت
بەختت سووتێ لەبۆ نازت
جووتێ ساقی گوارە زێڕن
مەی لە مەیخانان دەگێڕن
ئاشقان لەڕێ وەردەگێڕن
قوربانت بم ئەی بای وادە
تارا لەسەر لەیلم لادە
بە دەستووری حاکم زادە
مەجنوون یەکی دەردەدار بوو
بە تیری عیشق گرفتار بوو
چونکە لەیلی وەفادار بوو
مەجنوونەکەی لە کێوانم
دایم دڵ پڕ لە هیجرانم
بۆ خاڵی لەیل پەرێشانم
خۆزگەم بە فەرهادی چینێ
خەریکە لە سەنگ تاشینێ
ئەویش بۆ عیشقی شیرینێ
قوربانت بم شەماڵ وەرە
ئەو کاغەزەم لەبۆ بەرە
بیدە بە دەستی دڵبەرە
ساقیم دەوێ شەراب بێنێ
عەکسی خۆی تێدا بنوێنێ
ئیننالیلای لێ بخوێنێ
بەو چاوە گیانم دەستێنێ
کە دەگاتە ئێرە شادی مەرگ دەبێ و گیانی پاکی بە خودا دەسپێرێ و لەبەر دەرکی پەردوو دەکەوێ.
ئەوە بوو سەرگورشتەی عەلی ئاشق مەجنوونی کوردەواری. لە بەیتەکانی کوردیدا زیاتر گراوی شینی بۆ کوڕە حەیران گێڕاوە، وەک شینی زین بۆ مەم، شینی خانزاد و خەزاڵ بۆ لاس، شینی خەج بۆ سیامەند، شینی سنجان و ئایشەگوڵ بۆ سواری خۆیان لێرەدا شینی کچە مەلا بۆ عەلی دیار نییە. دەزانن دەبوو چ شینێکی بۆ بگێڕێ؟ بەئاواتەوەم کە دەنگ خۆشە کوردەکان ئەم بەندانە وێڕای ئاهەنگی شمشاڵێکی مەحزوون بڵێن و شاعیرە لاوەکانمان ئەم چیڕۆکە بکەنە داستانێکی شێعری درێژ. بۆ سەرچاوەی داستانی مەم و زین و لەیلی و مەجنوونی نیزامی هەر بەیتێکی وا نەبووە؟
نووسەر: #هێمن موکریانی#
سەرچاوە: #هەواری خاڵی# [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=