شیری بە دەستێکەوە بوو هەتاوی بە دەستی دیکەوە؛ نووسینی: دوکتۆر سادق جەلالی
چیرۆک لە ماڵێکەوە لە کۆڵانی «دو دختران» لەبن پیرە چنارێکدا کە گەلێک مۆمی سووتاوی لە دەورە کەوتبوون دەس پێدەکا.
«هۆمیرۆس» تەنیا هەر حەماسە بێژێک بوو، بەڵام فیردەوسی حەماسە بێژی فەلسەفە، مرۆڤایەتی و مێژووی گەلێک بوو. حەماسە بێژی بیری پاکی ئینسانان: پاڵەوانەکانی مێرخاس بوون لە سەرانسەری ئیلیادیدا هەرگیز تووشی قسەیەکی ئەوەندە ئینسانانە نابین:
شەرابی ئاڵ بخۆوە خوێنی خەڵک مەڕێژە
تۆ خاکی، وەک ئاگر توند و تیژ مەبە
ئەم ئاوە ڕەنگینەی بخۆیەوە باشترە
لەوەی پیرێژن تووکت لێ بکا
نەزەری «برتراند ڕاسیل» لە هەڵسەنگاندنی شانامە و ئیلیادەدا.
ناوی مەنسوور کونیەی ئەبولقاسم فیردەوسی بووە: لە هەڕەتی لاوەتییەوە دوو هەتاو لە دڵیدا بە جووت تیشکیان داوێشت. خۆشەویستیی نیشتمان و ئەوینی کتایونی ئێرانی دەپەرست کە نیشتمانی لە مێژینەی بوو، کتایونی خۆشدەویست کە وەک گورد ئافەرینی ڕۆستەم نەشمیل و شێردڵ بوو.
زەردەپەڕی ڕۆژێکی بەهار بوو لە بەستێنی ڕووباری «باژ» لەسەر گابەردێک دانیشتبوو. هەتاوی جەنگەی زەردەپەڕی تەماشا دەکرد. خوێنی خوڕ دەڕژایە نێو ڕووبارەوە. لاوی خوراسانی لەبن لێواندا دەیپرتاند:
- دەڵێی خوێنی سیاوەشە لە تەشتی زێڕیندا.
ئەمجار لە ڕێگایەکی چۆل و پێچاوپێچ کە بە کێوەکەوە دیار بوو ڕاما. نەسوارێک ڕادەبرد، نە هەستی پێی ڕێبوارێک دەهات. ڕێگا چۆل و بەتاڵ بوو، لاوکۆڵەی خوراسانی کە مێزەرێکی سپی بە سەرەوە بوو و لفکەکانی بەنێو شاناندا بەردابۆوە، لەبەرخۆیەوە گوتی:
- ئەدی بۆ مێرخاسان و شۆڕەسواران بەو ڕێگایەدا بە پرتاو لێ ناخوڕن؟ بۆ کوڕژنی ئەسپان لەو شێو و وەرد و لانەدا دەنگ ناداتەوە؟ بۆ هەرا هەرایان کپە؟
پرسیارەکانی بێ وەڵام مانەوە، لەباتی وەڵام دەنگێکی ناسک و ژنانە گوێی زرینگاندەوە:
- ئیتر مێرخاس و شۆڕەسواران نابینی، پاڵەوانان لە شیرینی خەودان، هەڕەتی لاوەتی بەفیڕۆ مەدە شێعرت پێشکەشی بەژن و باڵای من بکە.
فیردەوسی ڕووی وەرگێڕا کیژێک بە کوڵمەی ئاڵەوە، بە برۆی کەوانییەوە، بە چاوی ڕەشی وەک چاوی کارمامزەکانی «دەشتی ئاهوان» بەرەو ڕووی پێدەکەنی، دڵی گەشایەوە:
- ئیتر مێرخاسێک نەماوە.
- کتایون چەند تەنیا بووم!
کتایون دەستی لەژێر چارشێو دەرهێنا، دەسبەندێکی زێڕ لە مەچەکە سپی و قەڵەو و پڕەکانیدا دەبریسکایەوە:
- ها مەنسوور ئەمە ئەو کتێبەیە کە دەتویست.
فیردەوسیی لاو بە پەلە کتێبەکەی لە دەستی ڕفاند، بەرگێکی چەرمی کۆنی تێ گیرابوو، لەبەر پرشنگی مانگ کە تازە سەری لەکەل دەرهێنا بوو و دارستانی چڕ و پڕ و چیای بەرز و سەوزی دەنگاوت. چاوێکی بە لاپەڕە زەردەکانیدا خشاند، بە زەحمەت چەند دێڕی بۆ خوێندرایەوە:
«کاتێک بیژەنیان لە چاڵاوا هاوێشت
مەنیژەی کچی ئەفراسیابی پیر
ئاگادار بوو - و...
بە خەم و ئەسرینەوە هاتە سەر چاڵاو، شەو تاریک بوو. تاریک و بێ مانگ بوو. ئەفراسیابی پادشای تووران لە غوڕابی خەودا بوو».
کتایون گوێی هەڵخستبوو، دەیەویست بزانێ پاش ئەوەی مەنیژە چووە سەر چاڵاو چ ڕوویدا؟ لەسەرەخۆ گوتی:
ئەم کتێبە چیرۆکی چەند خۆشی تێدا هەن.
فیردەوسی لە چاوە پڕشنگ تێ چەقیوەکانی کچەکە ڕاما:
- چاوڕەشی خۆم! ئەم کتێبە چیرۆکی ژیان و ئازایەتی و تێکۆشانی کەسانێکە کە لەسەر ئەم خاکە ژیاون. تۆ نازانی زوو ئەم خاکە هەڵاڵە و شلێر و سوێسن و بەیبوونی لێ دەڕوا، ڕۆستەم لە سیستانەوە بەرەو مازندەران ئەسپی ڕا دەدا ئارەش لەسەر ترۆپکی ئەلبورز زێی کەوانی دەکێشا ئاگری ئاورگەکان نێڵەیان دەهات و...
کتایون بە پاڵ لاوی سەوداسەری خوراسانییەوە ڕوونیشت:
- دەزانی ئەمڕۆ خەڵک چییان دەگوت؟
فیردەوسی دەستە نەرمەکانی لەنێو دەستی خۆی گرت و گوتی:
- ئاسکۆڵەی دەستەمۆی من دەبڵێ! بزانم خەڵک چییان دەگوت؟
- دەیانگوت باوکت لە خەودا دیتوویەتی تۆ لە سەربانێکی بڵند هاوار دەکەی و دەنگت دەگاتە هەر چوار لای جیهان.
فیردەوسی دەستی بەرەو ئاسمان هەڵێنا و گوتی:
- سەیرە، دەی چی دیکەش؟
- تۆ بڕوا ناکەی؟ باوکت لە مزگەوتی گەورە تەعبیری خەونەکەی لە «نجیب الدین» پرسیوەتەوە، ئەویش وەڵامی داوەتەوە و گوتوویە:
«ئەبولقاسمی تۆ ناوبانگ دەردەکا لە هەموو جیهاندا و لە هەموو ڕۆژگارێکدا». لاوەکە گوێی لەو قسانە گرت و کەوتە بیرکردنەوە.
لەو ڕۆژەوە کە دەچوو بۆ فێرگە ئاگرێک لە دەروونیدا بڵێسەی ئەستاندبوو. ئەم ئاگرە دەیسووتاند، دەیبرژاند، دەیکردە ژیلەمۆ، ئەم ئاگرە ئەستێرە بارانی دەکرد، ئەستێرە و ئەستێرە...
فیردەوسی خۆی دەخواردەوە، ڕەنجی دەکێشا، هەستی ئاگرینی دەمێک دانەدەمرکا. لاو بوو، داوێن پاک بوو، نیشمانپەروەر بوو، زانا و بەرزەفڕ بوو.
ئەگەر لەنێو شاعیرەکانی ئێراندا بگەڕێین، کەس لە فیردەوسی مەزنتر نادۆزینەوە. حەماسە بێژێک بوو کە تابلۆی دڵپاکان و مێرخاسانی دەکێشا. شیری بە دەستێکەوە بوو و هەتاوی بە دەستی دیکەوە. شیرەکەی جەرگی ناپاکانی دەنجنی و هەتاوی دەروونی پاکانی ڕووناکتر دەکردەوە.
وەنییە هەر من و تۆ بیناسین، کتێبە نەمرەکەی فیردەوسی لە سەرانسەری جیهاندا ناسراوە. لێرەدا کە برتراند ڕاسیل، پاش لەبەر یەک ڕانانی حەماسەکانی فیردەوسی و «هۆمیرۆس» ڕاستگۆیانە دەڵێ:
«هۆمیرۆس تەنها حەماسە بێژێک بوو، بەڵام فیردەوسی حەماسەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەژیاندەوە».
فیردەوسی فەلسەفەی گەورەی ئینسانی دەڕازاندەوە لەپێناوی ژیاندنەوەی مێژووی گەلێکدا تێ دەکۆشا و دەگەڵ جەبری زەماندا بەربەرەکانی دەکرد.
با بچین لەسەر گۆڕە پیرۆزەکەی فرمێسک بڕێژین، کوڵوکۆ دامرکێنین. لەبەرامبەر ئەودا چۆک دابدەین. بە پیاوێک هەڵبڵێین کە پاک بوو، مەزن و لە دواییی ژیانیدا تەنیا و دەستەنگ بوو، داخدار و ملتەبار بوو کەچی بەو حاڵەوە گەورەترین حەماسەی خوڵقاند.
فیردەوسی بەوپەڕی ئەوینەوە خەریکی هۆندنەوەی شانامە بوو. هەرچەند پێش ئەو «دەقیقی» دەستی بەو کارەی کردبوو. بەڵام تازە دەستی پێ کردبوو کە بە دەستی کۆیلەکەی خۆی کوژرا و کارەکەی بە ناتەواوی بەجێما و فیردەوسی درێژەی بەو کارە دا.
ئیتر کەم کەس ڕۆڵە وەرزێری تووسی لە کووچە و کۆڵانان دەدی ئەو لە دەریایەکی قووڵ و بێ بندا، لە باوەش شەپۆڵان باسکی داویشتن. هەرچی لە کاری شانامەدا پتر دەچووە پێش وەک پشکۆیەکی شنە بیگەشێنێتەوە زیاتر گڕی دەگرت، بڵێسەی بەتینتر دەبوو، دنیا و ژیان و هەبوون و نەبوونی ئەو لە وشەیەکدا کۆکرابۆوە ئەویش «ئێران» بوو...
ڕۆژێک کتایون کچی چاوڕەشی خوراسانی کە کوڵمەکانی خڕ و خاڵ و چاوەکانی بادامی بوون و دوو گۆی بلوورین لەسەر سینگی دەلەرینەوە بە ئەسپایی لە پلیکانی ئەو باڵاخانەی فیردەوسی تێ خزابوو سەرکەوت. پەردەی هەڵداوە کەمێکی تێفکری. فیردەوسی خەریکی کاری خۆی بوو هیچ ئاگای لە دەوروبەری خۆی نەبوو، کتایون بە تەوسەوە گوتی:
- تۆ...؟! خۆزگە قەت ئەم کتێبەم بۆ نەدەهێنای. فیردەوسی بەو دەنگە ناسک و شیرین و پڕ توانجە ڕاچەنی و گوتی:
- ئاخ کتایون ئەوە ئەتۆی؟ گوڵی سەد ڕەنگم، دەگەڵ ئەم کتێبە کۆنە کە دوو هەزار ساڵ لە تەمەنی دەگوزەرێ وا خەریکم کە بڕوا بکە خۆشم لە بیرچۆتەوە. ئاخ تۆ نازانی چ خەزنەیەکی دارماڵە؟
شادی لە ڕوخساری فیردەوسیدا بەدی دەکرا. کتایون سوور هەڵگەڕابوو، بە شیرینی لێوە ئاڵەکانی دەگەست و بە ناز گوتی:
- مەنسوور، بەهار دەشتی «تابران»ی گوڵباران کردووە. شینکە دەڕوێ، گوڵ دەپشکوێ، هەور دەگری، هەموو لایەک پڕ لە جوانی و لە چریکە و گۆرانی و سترانە، بەڵام تۆ تەنانەت ئەوین و دڵداری و ژوانیشت لەبیر کردووە.
کتایون ئەم قسانەی دەکرد و هات لەکن دۆشەکچەی فیردەوسی دانیشت و بە تووڕەیی و نازەوە کاغەزەکانی تێک وەردان، دیار بوو ئیرەیی پێ دەبردن. دیسان بە تەوسەوە پێی گوت:
- تۆ لە بیرت چۆتەوە بەهار هەڕەتی شادی و دڵداری و خۆشی و ئاهەنگە.
فیردەوسی لە چاوە ڕەشەکانی کیژۆڵەی تووس ڕاما و بە ئارامی گوتی:
- گوڵەکەم! سوێند دەخۆم بە خاڵی ڕەشی گۆشەی لێوت کە دەڵێی جادووە لەسەر کانیی ژیان ڕۆنیشتووە. دنیا لەبەر پێی تۆدا دەبینم، سەرتاپات بە زێڕ و زیو دەڕازێنمەوە، تۆ نازانی شەوی ئەو شەو خەو بێ و لە چاوی من نەکەوتووە، چاوم وەک چاوی ئەستێران خەوی نەدیوە ئەوینێکی بەتین لە مندا دەگوورێ، حەماسەیەکی نەمر لە مندا چەکەرەی دەدا. ئەی کچی باڵابەرزی بەژن باریک تۆ نازانی، تۆ نازانی.
کتایون ئارام ئارام سەری فیردەوسی لەسەر ڕانی خۆی دانا، دەستێکی بە کاکۆڵە ئاڵۆزەکانیدا هێنا و گوتی:
- ئێستا ئارام بگرە بنوو سەر وەسەرینی ڕانە نەرمەکانی من بکە.
فیردەوسی بە نارە نارە گوتی:
- کە پەردەیان لەپێش هەتاو لادا.
- بەیان ئەنگوت و خەو زڕا،
دیسان گوتی:
- کتایون ئەو کتێبە تۆ دات بە من دەریایەکی مەند و قووڵە ئەو شانامەی بە دەستی منەوە، ئاسمانێکی بەرزی پڕ ئەستێرەیە.
ئاگری ئێرەیی لە چاوە جوانەکانی کتایوندا بریسکایەوە و بە تووڕەیی گوتی: ئەدی ئەستێرەکانی چاوی من؟
فیردەوسی کەزیە نەرم و درێژەکانی لە چەنگی گرت و بۆ لای خۆی ڕاکێشا و گوتی:
لە ئاسمانی چاوە ڕەشەکانی تۆدا هەزار ئەستێرەی گەش دەدرەوشێتەوە. ڕووناک، پاک و بێگوناﮪ.
چاوەکانی تۆ دوو چرای ڕۆشنی منن کە لەبەر ڕووناکی ئەواندا مروارییە نەسماوەکانی شانامە دەسمم و دەیانهۆنمەوە و بەرموورێکی نایاب دروست دەکەم و لە ئەستۆی بووکی شێعر و خەیاڵ نا، لە ملی مێژووی ئێرانی دەکەم.
کتایون بە ناز و شەرمەوە گوتی:
- ئەدی بووک و زاوایەتی ئێمە؟
فیردەوسی پێکەنی:
- بیست ڕۆژی دیکە مانگی محەڕڕەم دوایی دێ، جا پەنجە بلوورینەکانت لە خەنە دەگرم، تارایەکی حەریری، سووری تەنکت بەسەر دادەدەم، پەردووت بە گوڵ و وەنەوشە دەخەمڵێنم.
کتایون لە خۆشییان وەک منداڵان شاگەشکە بوو و گوتی:
- دەی قسان بکە دەی، ئەو قسانەی تۆ چەند جوانن چەنە شیرینن.
فیردەوسی لە دوورە دەستەکانی دەشتی خوراسان ڕاما و گوتی:
- چاوە جوانەکەی تۆ دەڕوانێتە بەرەبەیانێکی دوور، دوور دەڕوانێتە ئەو ڕۆژانەی کە گزنگ کەوت. ئیتر من نەماوم مەنسووری تۆ ئیتر بۆتە خاک و خۆڵ، بۆتە تۆزی ڕێگای ئەو کاروانانەی کە شەودرەنگان لە دەروازەی تووس دەردەکەون بەڵام شانامەی من نەمرە. نا کتایون من نامرم، نامرم لە دواڕۆژدا دەزانن ئەو پیاوەی لە خوراسان ڕابوو، مەشخەڵێکی لە ئاگری زەرتەشت بڵێسەدارتری داگیرساند، لەبەر ڕووناکی ئەو مەشخەڵە، تۆوی ئەدەب، نا مێژووی ئێرانی چاند. هەتا هەتایە زیندووە و نامرێ.
کتایون! ئەو کاتی خەڵک دەڵێن: ئەو پیاوە لە ساڵی 229ی کۆچی هاتە سەر دنیا. ڕۆڵە وەرزێرێکی پاک بوو. نیشتمانی خۆی دەپەرست بای نەورۆزی لە شنەی بەهەشت پێ خۆشتر بوو. بێپەروایانە لە دەریای شێعردا مەلەی دەکرد، بە ئیرادەیەکی مەحکەم، مەحکەمتر لە چیا بە دۆڵ و شێو و ڕکە و بەردەڵاندا ڕادەبرد، لە سەرما و گەرما لە دێو و درنج نەدەترسا: نەبەزی تا گەنجینەی شێعری دۆزیەوە و پێشکەشی خەڵکی جیهانی کرد!
- من ئیدی نامرم زیندووم، تۆوی شێعرم چاندووە.
ڕۆژ هاتن و ڕابردن، ساڵ بەسەرچوون، چۆن ساڵانێک؟ ئەو ساڵانەی ژیان و تەمەن و ماڵ و سامانی فیردەوسییان وەک حەزیا هەڵدەلووشی.
ماڵ و سامان و زێڕ و زیوی نەمابوو، بەرەو پیری دەچوو بێهێز و کەنەفت بوو، گنج و چین ڕوخساریان داگرتبوو. بەڵام بە دەستی ئەو شوورەی کۆشکێکی بەرز داڕێژرابوو کە بە خەتێکی نوورانی لەسەر دەرکەکەی نووسرابوو:
«کۆشکە بەرزەکان وێران و خاپوور دەبن، بەری با و باران و گەرما و سەرما ناگرن، من کۆشکێکی بەرزم لە نەزم دامەزراند کە با و باران زیانی پێ ناگەیەنن».
وردە وردە تەمەنی فیردەوسی بەرەو ژوور دەچوو، پیری پەلاماری دەهێنا، هیچی نەمابوو، بەڵام بەو حاڵەشەوە شەو و ڕۆژی لەکن نەبوو هەمیشە سەری بەسەر شانامەی «ئەبو مەنسوور»دا دادەگرت و چیرۆکە کۆنەکانی دەخوێندنەوە و دەیهۆندنەوە تا پیری و دەستەنگی بە جارێکی شپرزەی کرد:
- ئەی ئەوەی ئەو چەرخە بەرزەت ڕاگرتووە!
- بۆچی بەسەری پیری منت هەژار کرد.
- تا لاو بووم چاکترت بەخێو دەکردم.
- بە پیری سووکت کردم.
- ڕۆژگار لەباتی جڵەو، وەکازی لەدەست نام.
- ماڵەکەم بڵاو بوو و حاڵەکەم شێوا.
فیردەوسی پەنجا و هەشت ساڵە بوو کە بیستی سوڵتان مەحموودی غەزنەوی چۆتە سەر تەختی پادشایەتی، بەبیریدا هات شانامەی بە ناوی ئەوەوە بکا، بەڵام نەیدەزانی ئەو پادشایە زۆر بەدفەڕ و خراپ و هەق نەناسە.
لەو سەردەمەدا ئاسمانی بەرزەفڕی فیردەوسی بەرەو تاریکی دەچوو، ئەستێرەکانی یەک یەک ڕادەخوشان بەردەبوونەوە و دەکەوتنە سەر خاکی نەهاتی و داماوی.
کارەساتێکی تاڵ و ناخۆش بوو، پیرە وەرزێری خوراسانی لەسەر ترۆپکی ناوبانگ ئەوەندە هەژار و نەدار ببوو کە ئیتر دووکەڵی لە ماڵی هەڵنەدەستا و ئاورگی لە دڵی ناهومێدان ساردتر بوو، لەپێناوی نیشتماندا تۆزکاڵ تۆزکاڵ دڵ و گیانی خۆی خستە ژێر پێی مێژوو و حەماسەوە تا تواوە.
لە کاتێک کە زمان لووسی بێمایە، لە بارەگای سوڵتاندا زێڕ و زیویان وەسەر یەک دەنا، ئەو لە ئاگری نیشتمانپەروەریدا دەسووتا و جگە لە خەم و فرمێسک و هەناسە بەشێکی نەبوو، بەو حاڵەشەوە هێشتا دوودڵ بوو:
- چ بکەم ئایا شانامەی بەدیاری بۆ سوڵتان مەحموود بەرم؟
- ئایا داچێندراوی سەوز و شین و جوانی خۆم بە کێ بسپێرم؟ ئەوانە نە قەدری زانست دەزانن و نەهەست دەکەن چ ئاگرێکی نەمر لە دڵی مندا بڵێسەی ئەستاندووە.
لەو سەروبەندەدا دەردێکی گرانی دیکەی وەک نەشتەر لە دڵ ڕاچوو. ڕۆڵە سی و حەوت ساڵەکەی نەخۆش کەوت. نەخۆشییەکەی درێژەی کێشا، لەسەر سەرینی ئەو لاوە دوو دڵ دەکوڵین و دەیانکورکاند. دڵی کتایون و دڵی ئەبولقاسمی فیردەوسی.
شەوێکی ڕەش و تاڵ و گرژ و مۆن بوو، سێبەری مەرگ بەسەر سیمای لاوەکە کشابوو، کتایون یەک بە خۆی قیژاندی:
- تەماشای کە هیچ دەنگ نایە، هەموو بێدەنگن هەموو خامۆشن، هەموو مردوون، ئێمە برسین، تەواوی ماڵ و سامانی خۆت دانا تا چیرۆکی ڕۆستەم و سوهراب و بیژەن و مەنیژە و سوودابە و سیاوەش و کیومەرس و هۆشەنگت کردە شێعر، تۆ چت پێگەیشت؟ چت بۆ ماوەتەوە؟
فیردەوسی هیچی نەگوت هەر چاوێکی لێ کرد، لە نیگای ئەودا تێشکان و لێقەومان و دەرد و ژان پەنگی خواردبووەوە. ئەو چی بەو ژنەی کە لەگەڵی پیر ببوو و بەو لاوەی کە مەرگ دەستی لە ئەوکی نابوو گوتبایە؟
هێشتا شەو پەڕ و باڵی ڕەش و شوومی هەڵنەوێزنیبوو کە کوڕ پشووی لێ بڕا و پیرەمێرد داخدار و تازیەبار بوو:
«من تەمەنم لە شێست و پێنجی هەڵبوارد،
ڕەوا نەبوو بە زێڕ و زیوی بگۆڕمەوە،
مەگەر سوودێک لە پەندی خۆم وەرگرم،
بیر لە مەرگی ڕۆڵە خۆشەویستەکەم بکەمەوە
نۆرەی من بوو بڕۆم ئەو لاوە ڕۆیشت
لەبەر دەردی ئەو لاشەی بێگیانم».
لێرەدا بوو کە ناچاریی تەنگی پێ هەڵچنی و قورساییی باری کارەسات شانی چەماند، شانامەی کە ئاوێنەی ڕەنج و ئەوین و هەستی بەتینی خۆی و ئازایەتی و مێرخاسی دلێرانی ئێران بوو بەناوی سوڵتان مەحموود تەواو کرد. لەو کارەدا ئەبولعەبباسی فەزلی کوڕی ئەحمەد نەخشێکی گرنگی هەبوو.
لە کۆڵانی «دو دختران» لەژێر پیرە چنارێک کە گەلێکی مۆمی نیوەسووتاوی لەبن کەوتبوون، پیاوێک کە سەر و ڕیشی هەموو سپی ببوو شەوێک دەستی کتایونی بە دەستە لەرزەکانی گرت و گوتی:
- شانامە تەواو بوو هەتاوی لاوەتی من و تۆش ئاوا بوو!، کتایون کە کوڵمەکانی چرچ و بێڕەنگ و چاوەکانی پرووش ببوون گوتی:
- لەو ماڵەدا هێشتا مۆمێک دائیسێ.
- هێشتا ژیان درێژەی هەیە.
- هێشتا دڵێک لێ دەدا. فیردەوسی زەردەیەکی خەمناکانەی هاتێ، خەمناکانە بەڵام بەرزەفڕانە و گوتی:
- ئەو مۆمە هێشتا ڕۆنەمرکاوە، ئێستا هەزار شێعر، شێست هەزار زێڕی پێ دەدەن.
بەیانی پیری چیرۆکبێژ بەرەو غەزنەین کەوتە ڕێ. فەزلی کوڕی ئەحمەد لەسەر کار نەمابوو و دەرکرابوو، خاوەنی شانامە لە بارەگای سوڵتان مەحموود دۆست و پشتیوانێکی نەبوو کێ ئەو چارەنووسە دەناسێ؟ ئایا پیاڵەی بەرزەفڕی و خۆڕاگریی پیاوە نەمرەکان بە دەستی کێ دەشکێ؟ بۆ چارەنووسی کەڵە پیاوان، زانایان و هونەرمەندان هەر تاریکی و تاریکییە؟
فیردەوسی بە پلیکانی مەڕ مەڕی کۆشکی سوڵتان مەحمووددا سەردەکەوت، سەربەرز بوو وەک هەڵۆکانی دوندی چیا، شانامەی وەک خەزنەیەکی دارماڵ لە گەوهەر و دوڕی نایاب لەبن هەنگڵدا بوو، شانامە نەبوو، ئاوێنەیەک بوو کە دیمەنی ئاوات و ئارەزووەکانی لاوەتی و ڕەنج و ژان و دەرد و کوێرەوەری پیری خۆی تێدا دەبینی. تەمەنی لە هەشتا نیزیک ببووەوە، دەستی دەلەرزین و شانامەش گران بوو بەقەد گراناییی مێژووی کۆنی ئێران. هێزی کەم بوو، ئەژنۆی دەلەرزین، چاوێکی بە دەوروبەری خۆیدا گێڕا:
- کوان قارەمانەکانی من؟ پاڵەوانەکانی شانامە لە کوێن؟ کوان گیو و گودەرز و ڕۆستەم و تووس تا باسکی من بگرن؟
حەکیم ئەبولقاسمی فیردەوسی لە بارەگای سوڵتان مەحموود ڕاوەستا بوو. سوڵتان بە ڕێزەوە تێی ڕاما شانامەی کە لە حەوت بەرگدا بە خەتی عەلی دەیلەمی نووسرابوو لێ وەرگرت و چەند شێعرێکی خوێندەوە و ڕووی گرژ کرد و گوتی:
- ئەوەیە شانامە؟
- فیردەوسی وەڵامی دایەوە:
- ئەوەیە چیرۆکی کۆنی مێرخاسان و گەورە گەورانی ئێران.
- بەڵام من جگە لە باسی ڕۆستەم هیچ لەو کتێبەدا نابینم، لە لەشکری مندا هەزار پیاوی وەک ڕۆستەم هەیە.
فیردەوسی سەری هەڵێنا، ملی قەف کرد، سینگی دەرپەڕاند، ڕاستەوخۆ و بێپەروا چاوی لە سوڵتان مەحموود بڕی و گوتی:
- نازانم لە لەشکری سوڵتاندا چەند پیاوی وەک ڕۆستەم هەیە؟ بەڵام ئەوەندە دەزانم دایکی ڕۆژگار ڕۆڵەیەکی لە وێنەی ڕۆستەم نەدیوە.
ئەوەی گوت و ئیزنی وەرگرت و ڕۆیی، سوڵتان مەحموود بە وەزیرەکەی گوت:
- ئەو پیاوە بە منی گوت درۆزن، بەڵام من بەو حاڵەشەوە لەسەر ئەوەم جایزەکەی بدەمێ.
زۆر شەوان شانامەیان لە کاتی خەودا بۆ سوڵتان مەحموود دەخوێندەوە. بەڵام ئەو ناڕەحەت دەبوو، ئێرەییی ئازاری دەدا، ئازایەتی و پاڵەوانی و داوێنپاکی قارەمانانی شانامە دەیڕەنجاند هێندی ڕق هەڵدەستا وەختابوو شێت بێ.
لە ئەنجامدا دووزمانی پیاوخراپان کاری خۆی کرد. ئایا ئەوە خواجە حەسەنی میمەندی بوو کە ئەو کارە دزێوەی کرد و بە سوڵتان مەحموودی گوت: «قوربان! شاعیرێکی وا هەر دەبێ چەند درەمی بدرێتێ»، سوڵتان مەحموودیش بیست هەزار درەمی زیو جایزە بۆ نارد.
ئاگری ڕقی فیردەوسی بڵێسەی سەند، هەستی کرد ناپیاوان دەیانەوێ بیشکێنن بەڵام ئەو وەک کۆنە شوورێکی قایم خۆی ڕاگرت و هەرەسی نەهێنا. لە تووڕەییی سوڵتان نەترسا بە ماندوویی و ڕق هەستاوی چووە حەمام. تەواوی دراوەکەی دا بە کیسەکێش و ئاوگر و حەمامچی و لە غەزنەین وەدەرکەوت و سەری خۆی هەڵگرت.
ئەو گەورەپیاوە شار بە شار ڕایدەکرد و سێبەری شوومی پیاوەکانی سوڵتان مەحموودی بە شوێنەوە بوو. تا خۆی گەیاندە مازندەران ئەو مەڵبەندەی کە زۆر لاپەڕەی شانامەی پڕ کردۆتەوە.
شەوێکی تاریک بوو، زەنگی کاروان دەشتی بێدەنگی پڕ زرینگە زرینگ کردبوو، فیردەوسی لە مازندەرانڕا بەرەو خوراسان دەچۆوە. کە گەیشتە دەروازەی «تابران» لەرزی و فرمێسکی گەرمی بە ڕیشی سپیدا هاتە خوار و لەبن لێواندا گوتی:
- کوا لاوەتیی من؟ بۆ کوێ چوون پاڵەوانەکانی من، هەموو ئاوا بوون. ئاسمان بێ ئەستێرەیە و وجوودی من بەتاڵ و بێدەنگە. ئێستا تەمەنم نیزیک هەشتا ساڵە، هیوام بە جارێک با بردی.
ڕۆژی دیکە تێپەڕبوون، ساڵی تر بەسەرچوون، تا لە بەرەبەیانی ساڵی 411 یا 416ی کۆچیدا، باڵندەی زامدار، ئەستێرەی شکاو و ئاوێنەی تۆزگرتوو و هەتاوی گیراو، خراپە و دووڕوویی و فێڵبازییەکانی ئەم جیهانەی لێ ون بوون و مرد. دەنگێک لە ئاسمانی خوراسانەوە هات: فیردەوسی مرد، خودای شێعر مرد!.
یاریی ڕۆژگار ببینن، هەر لەو ڕۆژانەدا بوو کە سوڵتان مەحموود پەشیمان بۆوە و فەرمانی دا تا شێست هەزار دیناری زێڕ بۆ فیردەوسی بنێرنە تووس.
ئەمە گاڵتەی دزێوی ڕۆژگار بوو، زێڕەکانیان گەیاندە بەر دەرکی فیردەوسی کچەکەی کە لە شینی باوکیدا فرمێسکی دەڕشت و مووی دەڕنیوە کە جایزەی شانامەی چاو پێکەوت وەک شێتان پێکەنی و بە تووڕەیی گوتی:
- بڕۆن، بڕۆن نامەردینە، ئەو بەخششە بەرنەوە خەزنەی سوڵتان، من هەرگیز وەری ناگرم! لێگەڕێن با گیانی باوکم لە ئاسماناندا هەروا بەرزەفڕ بێ هەروا بەرزەفڕ بێ... بەرزەفڕ. [1]
وەرگێڕ: #هێمن موکریانی#
سەرچاوە: #هەواری خاڵی#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=