پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی #11-10-2024#، #مەسرور بارزانی#، سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان#، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتیی کۆنگرێسمان سێپ مۆڵتن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندن و پێشھاتەکانی ئێراق و ناوچەکە و بەھێزترکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرا.
کۆنگرێسمان مۆڵتن، ئاماژەی بەوە کرد کە ھەرێمی کوردستان دۆست و ھاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ئەمەریکایە لە ناوچەکە و جەختی لە گرنگیی پشتیووانیکردنی پێشمەرگە و پاراستنی ئاساییشی ھەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیووانی و ھاوکاریی ئەمەریکای کرد و خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی پێشکەوتنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی #وەزارەتی پێشمەرگە#، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر گرنگیی پشتیووانیکردن و سەرخستن و خێراترکردنی چاکسازییەکان و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە.
گرنگیی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان و ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و دۆخی ئاڵۆز و شەڕ و گرژییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەوڵەکانی چەسپاندنی ئاساییش و سەقامگیری لە ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. [1]