هێمن عەساف
ڕزگارکردنی کچێکی کوردی ئێزدی بە ناوی فەوزییە کە لە غەززە بووە، بووەتە ڕۆژەڤ، ئیسرائیل دەڵێت کچەکە لەلایەن ئەوانەوە ڕزگار کراوە، بەڵام حکومەتی فەلەستینی دەڵێت: کچەکە بە هەوڵی ئەوان بە کەسوکارەکەی شاد بووەتەوە.
غازی حەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی ڕووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند: ئەوپەڕی هاوکاریمان پێشکەشی کچە ئێزدییەکە کردووە.
سبەی دووشەممە، ساڵێک بەسەر هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل تێدەپەڕێت، کە هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیلی بەدواداهات و بەهۆی شەڕەکەوە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 41 هەزار کەس لە فەلەستین کوژراون.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس باسی دۆخی غەززەی کرد و وتی: دۆخی غەززە زۆر بە هەموو واتایەکەوە کارەساتبارە. وتیشی: ڕۆژانە 60 -70 کەس لە غەززە دەکوژرێن.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ غازی حەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس:
ڕووداو: دڵنیام ئاگاداری چیرۆکی ئەم کچە ئێزیدییەیت کە خەڵکی باشووری کوردستانە و لە غەززە ڕزگارکراوە و گەڕێندراوەتەوە ئێراق. چیرۆکە ڕاستەقینەکە چییە و چۆنە؟
غازی حەمەد: بەڕێزتان باش دەزانن ئیسرائیلی دوژمن هەوڵدەدات هەموو چیرۆکێک بۆ بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە. بۆ ئەوەی ڕووخساری خۆی پێ جوان بکات، دوای ئەم هەموو تاوان و کۆمەڵکوژییەی لە دژی ڕۆڵەکانی گەلی فەلەستین بە ژن و منداڵەوە کردوویەتی. لەپاڵ ئەمەش هەزاران ماڵ و دەیان نەخۆشخانە و سەتان دامەزراوەی حکومی خاپوور کردووە، بۆیە دەیەوێت هەموو شتێک بقۆزێتەوە و چیرۆکێکی ساختە بهۆنێتەوە بۆ ئەوەی ڕووخسارە ناشیرینەکەی خۆی پێ جوان بکات. لەم چوارچێوەیەدا هەوڵدەدات دەستکەوت بۆ خۆی تۆمار بکات، بەڵام ڕوونە چیرۆکەکە ساختە و درۆیە و دوورە لە ڕاستی. خۆم بۆ ماوەی پێنج ساڵ بریکاری وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بووم، لە وەزارەتدا چاوم بەم کچە کەوت و بە تێروتەسەلی چیرۆکەکەیم بە باشی زانی، بەڵام دوای ئەوەی زانیمان گەیشتووەتە کەرتی غەززە، چاودێریی کۆمەڵایەتیمان کرد و هەموو و جۆرە هاوکاری و یارمەتییەکمان پێشکەشکرد بۆ ئەوەی لەناو ماڵی خۆی و لەنێو منداڵەکانیدا بژیت. زۆر ئازاد بوو، بەویستی خۆی بۆ هەر کوێیەک ویستبایە دەڕۆشت. بەهیچ شێوەیەک دەستبەسەر نەکراوە. بەهیچ شێوەیەک هیچ جۆرە کۆت و بەندێک بەسەریدا نەسەپێنرابوو. وەکوو وتم بەردەوام ئاگاداری بووم و تەنانەت هاوئاهەنگیمان لەگەڵ دامەزراوەکانی خێرخوازی لە غەززە کردبوو بۆ ئەوەی هەموو پێداویستییەکی ژیانی بۆ بڕەخسێندرێت و ڕەخسێندرا. بە چاوی ڕۆڵەیەکی خۆمان مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرد و ڕێزی لێدەگیرا. هەوڵی دەدا بگەڕێتەوە ئێراق، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی میسر هەوڵمان دا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە بچێتە دەرەوەی غەززە و لە میسەرەوە بەرەو ئێراق، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی سەلمێندراو و پاسپۆرت، کارەکە زۆر سەخت بوو.
زۆر بە جدی هەوڵمان دەدا کچەکە بگەڕێنینەوە نێو خێزان و ماڵباتەکەی لە ئێراق. هەموو ڕێگەیەکمان گرتەبەر، بەڵام دۆخی ئاڵۆزی کەرتی غەززە هاوکار نەبوو. بە کورتی دەڵێم، ئەوەی زایۆنی دوژمن بڵاویکردەوە، چیرۆکێکە پڕە لە درۆ بەهۆی ئەوەی کچەکە ژیانێکی زۆر ئاسایی لە غەززە هەبوو. بەهیچ شێوەیەک ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی نەکرد بۆ ڕزگارکردنی یان باشترکردنی گوزەرانی. وەکوو وتم، ئەم کچە ژیانێکی سرووشتی و ئاسایی هەبوو، لەلای کەسوکاری هاوژینەکەی دەژیا. ئێمەش چاودێریی دۆخیمان دەکرد و ئاگاداری بووین، چونکە ئەرکی ئێمەیە و دەمانزانی دۆخەکەی چۆنە و دایکی دوو منداڵە و هەموو توانایەکمان خستەڕوو بۆ هاوکاریکردنی، بۆیە چیرۆکەکەی ئیسرائیل تەنیا هەوڵێک بووە بۆ شێواندنی نازناوی کەرتی غەززە و بۆ ناوزڕاندنی موجاهیدانی غەززە بۆ ئەوەی ڕووخساری خۆی پێ باش بکات.
ڕووداو: دەمەوێت بزانم بارودۆخ لە غەززە چۆنە، دۆخی خەڵک لەوێ چۆنە، شەڕ لە کوێیە و بەشێوەیەکی گشتی ژیان و گوزەران چۆنە لە غەززە؟
غازی حەمەد: دۆخی غەززە زۆر بە هەموو واتایەکەوە کارەساتبارە. لە مێژوودا کارەساتی وەها ڕووینەداوە. ئیسرائیل ئەم شارە ئاوەدانەی کردە وێرانە کە بەهیچ شێوەیەک بۆ ژیان ناشێت و ژێرخان و سەرخانی خاپوور و وێرانکرد. هیچ ئاماژەیەکی ژیانی تێدا نەهێشتەوە. هەڵە نییە ئەگەر بڵێم لەوەتەی 7ی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکوو ئەمڕۆ 6ی ئۆکتۆبەر ڕۆژانە کۆمەڵکوژی و کاولکاری تۆمار دەکرێت و جەنگ نەوەستاوە، کوشتن و خوێنڕشتن ڕانەگیراوە، کۆمەڵکوژی ڕۆژانە بەری لێ نەگیراوە. ڕۆژانە لانی کەم 60-70 هاووڵاتیی فەلەستینی دەکوژرێن، کە زۆربەیان منداڵانی غەززەن. قوتابخانە، دامەزراوەکانی ئۆنۆروا و تەنانەت ئەو کەمپ و خێوەتانەی بۆ ئاوارەکان تەرخانکراوە، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی داگیرکەران بۆردوومان کرا. ڕۆژانە تۆپبارانی چڕ لە تەواوی غەززە و باشووری لوبنان دەکرێت. ژن و منداڵ دەکوژن، خانووبەرە و مزگەوت و قوتابخانەکان خاپوور دەکەن، ئەمە سیاسەتی داگیرکەرانی زایۆنیزمە لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ فەلەستینی و لوبنانییەکان. ڕۆژانە کوشتار و کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی ژێرخان بەردەوامە. زۆر بەداخەوە دۆخی غەززە زۆر خراپە، قەیرانی ئاوی خواردنەوە هەیە، تەنانەت نەخۆشخانەکانیش بێ دەرمانن و ناتوانن خزمەتگوزاری پێشکەشی بریندار و نەخۆشەکان بکەن. دەمێکە بە دوای وشەیەکدا دەگەڕێم لە ئاست قەبارەی ڕووداو و کارەساتەکاندا بێت، بۆم نادۆزرێتەوە.
ڕووداو: سبەی 7ی ئۆکتۆبەرە، ساڵێک بەسەر هێرەشەکەی حەماس تێدەپەڕێت بۆ سەر ئیسرائیل و لەو ڕۆژەوە جەنگ بەردەوامە. چارەنووسی ئەم جەنگە چی دەبێت، ئیسرائیل ڕادەوەستێت؟
غازی حەمەد: دوژمنی زایۆنیزم دەستبەرداری جەنگە کارەساتبارەکە نابێت و لەلایەکی دیکەشەوە ئومەتی عەرەبی و ئیسلامیش بەدەمەوە ناچن و ئازار و کۆژانەکانیان ساڕێژ ناکەنەوە و لە دژی ئەم داگیرکارییە ناوەستنەوە. لە کاتێکدا دوژمن بە پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕۆژاوا هێرش دەکاتە سەر فەلەستین و لوبنان و ئێراق و سووریا و یەمەن. ڕۆژی حەوتی ئۆکتۆبەر هاوسەنگی مێژوویی، سیاسیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی گۆڕی. ڕاستە جیهان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و پشت بە خوای گەورە ئەمە سەرەتای لەنێوچوونیانە. ئەم قەوارەیە وەک تەنێکی نامۆ و شێرپەنجەیە لەنێو جەستەی وڵاتانی عەرەبیدا. بەداخەوە وڵاتانی ئیسلامی کە لەبەرچاویاندا ئەم کۆمەڵکوژییە دەکرێت و هیچ وەڵامێکیان نەبووە و بەدەمەوە نەچوون، بەپێچەوانەوە پاڵپشتیی بەردەوام بۆ ئیسرائیل هەیە لە چەک و پارە و میدیا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووکانی ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتانی ڕۆژاوا. سەرباری هەموو نەهامەتییەکان، ئێمە گەلێکی ئازا و بەهێز و خۆڕاگرین. خۆمان بەدەستەوە نادەین و ئاڵای دۆڕاندن بەرز ناکەینەوە، گەلێکین نازانین دۆڕاندن و خۆبەدەستەوەدان چییە و پەیوەندییەکانمان ئاسایی ناکەینەوە، پشت بەخوا تێکۆشانمان لە دژی دوژمن بەردەوامە و ناوەستین. لە کۆتاییدا داگیرکار سەرناکەوێت و خەونەکانی بەدی ناکات و چۆک بە موقاوەمەت دانادات و تەنانەت ناشتوانێت خۆی بەسەرماندا بسەپێنێت. ئێمەی گەلی فەلەستین بە هێزەوە دەمێنینەوە. باجەکەی چەند قورسیش بێت دەستبەرداری مقاوەمە نابین.
ڕووداو: ئێستا چەند بارمتە لەژێر دەستی حەماس ماون؟
غازی حەمەد: ئامارێکی وردم نییە، بەهۆی ئەو دۆخەی تێیداین کە دۆخێکی زۆر سەختە. ئێستا لە قۆناخی دانووستاندنداین، بەڵام زۆر ڕوونە داگیرکەر نایەوێت درێژە بەم دانووستاندنە بدات و دەیەوێت دۆخەکە بقۆزێتەوە لە پێناو درێژەدان بە کۆمەڵکوژییەکانی لە کەرتی غەززە. هەروەها جیهان فریو دەدەن بەوەی ئەوانیش دەیانەوێت دانووستاندن بکەن، بەڵام وانییە لە 10 مانگی ڕابردوودا هەرچەندە دەستپێشخەری جۆراوجۆر هەبوو بۆ دانووستاندن، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەر هیچ کات هەڵوێستێکی ئەرێنی نەبووە، بەپێچەوانەوە پێداگر بووە لە پڕۆسەی کوشتن و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە بارمتەکانی کوشتووە. دەتوانم بڵێم 50-60 بارمتەی کوشتووە و سوپای داگیرکەر بە ئەنقەست بارمتەکانی کوشتووە. ئێمە هەڵوێستی ڕوونمان پیشاندا بۆ پرسی بارمتەکان و ئامادەیی خۆمان ڕاگەیاند بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان بە بارمتەکان لە چوارچێوەیەکی ڕێکخراو و پێم وایە هەمووان ئاگاداری دۆخەکەن.
ڕووداو: هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵ و دەستپێشخەری هەبوون بۆ ئاگربەست بەتایبەتیی لە غەززە، هەوڵەکان شکستیان هێنا. دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە و حەسەن نەسروڵڵا، شەڕەکە فراوانتر بوو و لوبنانیشی گرتەوە. ئێستا هیچ دەرفەتێکی ئاگربەست هەیە؟
غازی حەمەد: هەڵوێستی ئێمە لە حەماس، کاری لەپێشینەمان ڕاگەیاندنی ئاگربەستە بۆ ئەوەی کۆتایی بەم دوژمنکارییەی دژی گەلی فەلەستین بوەستێندرێت. کۆمەڵکوژییەکان بوەستێندرێت، کوژرانی منداڵ و ژن و بەساڵاچووەکان بوەستێندرێت، خاپوورکردنی ماڵ و دامەزراوەکان بوەستێندرێت. بەڵام ڕوونە تاوەکوو ئێستا گوشارێکی ڕاستەقینە بۆ ڕاگرتن و وەستاندنی هێرشی دوژمن نەبووە. پێمسەیرە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئێران و لیبیا، سوودان و یەمەنیان سزا دەدا بە بیانووی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتیی، کەچی ئیسرائیل ئەمڕۆ دۆسیەکەی لە دادگەی تاوانی نێوەدەوڵەتییە و بە تاوانی جەنگ و پاکتاوی نەژادی و قڕکردنی میللەتێک بە ئەنقەست تۆمەتبار کراوە. جگە لە لەناوبردنی دامودەزگاکان و خانووبەرەی هاووڵاتییان. سەرباری هەموو ئەم تاوانانە، کەچی گوشارێکی ڕاستەقینە نییە بۆ ئەوەی جەنگەکە ڕابگرێت. دوو ڕۆژ پێش ئێستا هێرشی کردە سەر یەمەن و پێشتریش ئیسماعیل هەنییەی لە ئێران شەهید کرد و دواتر حەسەن نەسڕوڵڵای شەهید کرد و ژمارەیەک لە سەرکردەی مقاوەمەی کردە ئامانج. بەڵام وەک وتم تاوەکوو ئێستا هیچ کارێک نەکراوە بەر لە داگیرکاری و دوژمنکارییەکەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بهێنرێت. بۆیە پێدەچێت ئەم جەنگە درێژە بکێشێت، بەڵام سەرباری ئەوەی دوژمن بەردەوامە لە هێرشکردن و کوشتنی خەڵکی سڤیل بەڵام هەرگیز ناتوانێت خەونەکانی بەدی بێنێت.
ڕووداو: پێشبینی دەکەن شەڕەکە لە ناوچەکەدا فراوان بێت بۆ نموونە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێراقیش؟
غازی حەمەد: دەوڵەتی داگیرکەر نیازی ڕوون و ئاشکرایە و دەیەوێت جەنگەکە فراوانتر بکات. هەڕەشەکانی بۆ ئێران و یەمەن و ئێراق و سووریا و لوبنان. کۆمەڵکوژییەکانی لە کەرتی ڕۆژاوا و غەززە بەردەوامە. بۆیە ئەمە وڵاتێکی شێتە و کۆنترۆڵ ناکرێت، دەوڵەتێکە گوێ بە یاسا نادات. ئەو دەیەوێت بکوژێت و بکوژێت. دەیەوێت بیسەلمێنێت کە هێزێکە کەس ناتوانێت بەرەنگاری ببێتەوە. زۆر بەداخەوە ئەمریکا پاڵپشتی بێ سنووری لێ دەکات لە چەک و ڕووماڵی سیاسی و پاڵپشتی لۆجیستی. ئیسرائیل سەرچاوەی هەموو کێشە و ناسەقامگیرییەکانە. بۆیە پێمسەیرە ئەو وڵاتانەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دوژمن ئاساییکردووەتەوە هەڵوێستی ئەمانە دەزانن کە چەندە خراپە. بە چاوی خۆیان دەبینن ڕۆژانە منداڵ دەکوژن، کەچی ئاڵای ئیسرائیل لە وڵاتەکانیاندا هەڵدەکەن. داوا لە هەموو وڵاتان دەکەم کۆتایی بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بهێنن و گەمارۆ بخەنە سەر ئەم دەوڵەتە دوژمنە بۆ ئەوەی ڕێگری لێ بکرێت لە کردنی تاوان و هەموو جۆرە خراپەکارییەک و داپلۆسێن و پێشێلکاریکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.[1]