چوومە کوێستانان بە بێری و مەشک هاتمەوە خوارێ بەبێ ڕوون و کەشک
لە دێرزەمانەوە لە کوردستاندا پیشەی شوانکارە هەبووە و مەڕدار و ئاژەڵدارەکان کۆچی ستونیان کردووە، زستانان لە پێدەشتەکاندا کە پێشی وتراوە: گەرمیان، یان خوارێ هەواریان هەڵداوە و ئاژەڵەکانیان لەوەڕاندووە، بەڵام لە بەهاردا کۆچ و کۆچبار بەرەو کوێستانەکان و ناوچە شاخاوییەکاندا ڕۆیشتووە کە پێی وتراوە: کوێستان یان ژووروو، ئەو ماڵە مەڕدارەی بەرەو کوێستانان چووە ڕانەمەڕ و بێری و مەشکەی لەگەڵ خۆیدا بردووە، بژوێنی کوێستان و ئاوی سازگار و هەوای فێنک مەڕوماڵات تێروپڕ دەکات بەمەش بەرهەمەکانی شیر و ماست زیاد دەکات و بێرییەکان ڕۆژانە مەڕەکان دەدۆشن و بەروبوومەکانی کەرە و ڕوون و کەشک و دۆ و پەنیریان لێ درووست دەکەن، کاتێک زستانان بەرەو خوارەوە یان گەرمیان دەکێشن هەردوو بەرهەمی ڕوون و کەشک کۆدەکەنەوە، ئەوە بووە بە ئیدیۆم و هەندێک جار کارێک دەکرێت کەچی هیچ بەرهەمێکی لێ هەڵناگیرێتەوە بۆیە وتراوە: چوومە کوێستانان بە بێری و مەشک هاتمەوە خوارێ بەبێ ڕوون و کەشک.[1]