ناو: عەبدوڵڵا
نازناو: سەید عەبدوڵڵا
ناوی باوک: محەمەد عەلى
ساڵی لەدایکبوون: 1936
ڕۆژی شەهیدبوون: #26-05-1976#
شوێنی لەدایکبوون: #حاجی ئۆمەران#، #چۆمان#
شوێنی شەهیدبوون: حاجی ئۆمەران
$ژیاننامە$
عەبدوڵڵا محەمەد عەلی ناسراو بە (سەید عەبدوڵڵا) لە ساڵی 1936 لەدایک بووە، بەهۆى نەبوونى قوتابخانە هاوشێوەی زۆرێک لە هاوتەمەنانی، سەید عەبدوڵڵاش بێ بەشبووە لە خوێندن، بەڵام ئارەزووی ئەو بۆ فێربوون، تەنیا دەرفەتی ئەوەی پێدا کە ببێتە خاوەن خوێندەوارییەکی سەرەتایی و توانای نووسین و خوێندنەوە لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە بەدەستبهێنێت.
سەید عەبدوڵڵا لە کوێستانى سنووری حاجی ئۆمەران چاو دەکاتەوە، بژێوی ژیانی لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبینێتەوە، بۆیە ئەویش دەست بەو کەسابەتەوە دەگرێت و حەز و خولیای بۆ سوارچاکی و نیشانشکێنی دەیکات بە باشترین ئەسپسوار و تفەنگچی.
خانەوادەی سەید عەبدوڵڵا لەو ماڵباتە کوردپەروەرانە بوونە کە ئەگەر بە چەکیش نەبووبێت بە نان و ئاو خزمەتی پێشمەرگە و دۆزە ڕەواکەیان کردووە، بۆیە لەپاڵ ئەو دیوەخانە گەرمەی کە بۆ پێشوازی لە میوانان لە حاجی ئۆمەران دایان نابوو، باس و خواسی کوردایەتی و ئازادی و سەربەستی کوردستان بەشێک لە گفتوگۆی مەجلیسەکانیان پێکدەهێنا.
$خەباتنامە$
کاتێک پەیوەندییەکانی #مەلا مستەفا بارزانی# و حکومەتی ئێراقی لە ساڵی 1961 تێکدەچێت، لە نیسانی هەمان ساڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی و زۆرێک لە دۆست و هاوسەنگەرانیان کە لەنێویاندا سەید عەبدوڵڵاش ئامادەیی هەبووە، خەباتی چەکداریی لە دژی حکومەتی عەبدولکەریم قاسم ڕادەگەیەنن و شاخەکانی ناوچەکە دەکەن بە سەنگەر و جەنگ بەرپادەکەن، لە بەرانبەردا قایمقامی ئەو کاتی شارۆچکەی #ڕواندز# هێزێکی سەیار بەفەرمانداریەتی نەقیب مەحمود دەنێرێتە حاجی ئۆمەران و ماڵی پێشمەرگەکان دەسوتێنن.
ئەو هەڵوێستەی حکومەتی ئێراق هەرچەندە بۆ چاوترساندن و پاشەکشەپێکردنی پێشمەرگە بووە، بەڵام سەید عەبدوڵڵا و هاوسەنگەرانی بڕیاردەدەن تا یەک سەربازی ئێراقی لە ناوچەکەیان ماوە لە بەرگری بەردەوام بن، بۆیە لەو داستان و قارەمانەتیانەی کە بوونە هۆی نەهێشتنی شوێنپێی دوژمنانی کورد وەکوو شەڕەکانی لێدانی قافڵەی سەربازی لە ئۆمەراوە و گرتنی مەخفەری ڕایات، گەرووی بێشێ، شەڕەکانی چیای گۆڕەز، گەلی عەلی بەگ، دۆڵی شەهیدان، شەڕەکانی پشدەر، #قەڵادزێ#، دارە قەسپ و دەیان داستانی تری شۆڕشی ئەیلوول بەشداری دەکات و تا ڕێککەوتنە شومەکەی جەزائیر 1975، ئەوانیش بڕیاری ژیانی ئاوارەیی دەدەن و لە وڵاتی ئێران دەگیرسێنەوە.
دەرئەنجامی ئەو گوشارانەی کە حکومەتی ئێراق بە هەماهەنگی حکومەتی ئێران دەیخستە سەر پەنابەرانی کورد، زۆرێک لە خانەوادەکان گەڕانەوە ئێراق و خانەوادەی شەهید عەبدوڵڵاش لەنێویان بوون و لە حاجی ئۆمەران نیشتەجێ بوونەوە، بەڵام هەستی شۆڕشگێڕی خانەوادەکەیان و ئەو سیاسەتە توندوتیژەی بەرانبەر شۆڕشگێڕان لەلایەن حکومەتی ئێراقییەوە دەگیرایە بەر، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی شەوی 28 لەسەر 27-04-1976 کە بەسەرپەرشتی هەڤاڵ #مەسعود بارزانی# بەڕێوەچوو و بڕیاردرا ڕۆژی 26-05-1976 جاڕی شۆڕش بدرێت، پێشمەرگەکانی کوردستان کە بە قۆناغ و کاتی جیاواز بۆ شوێن و ناوچەی کوردستان گەڕابوونەوە، لە دامەزراوە سەربازیەکانی حکومەتی ئێراقی هاتنە دەست و قولە و ڕەبایە و سەربازگەیەکیان وەکوو شوێنی ئارام بۆ نەهێشتنەوە و بە چەکە سادە و ساکارەکەی خۆیان، کە تەنیا ئیرادە و هێزی ڕۆحی کوردستانیان لە پشت بوو بە درووشمی (کوردستان گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتە) شۆڕشی گوڵانیان هەڵگیرساند.
سەید عەبدوڵڵا و 22 لە هەڤاڵانی پاش بەدەستهێنانی چەند پارچە چەکێک، لە شەوی 24 لەسەر 25-05-1976 ناوچە شاخاوییەکانی سنووری حاجی ئۆمەران دەکەنە مۆڵگەی بەرگریکردن، بەڵام چاودێری بەردەوامی فڕۆکەکانی دوژمن ناچاریان دەکەن هەر ساتە و لە شوێنێک بگیرسێنەوە، بۆیە لە بەرەبەیانی ڕۆژی 26-05-1976 لەو دەمەی هەواڵی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانیان پێدەگات، دەکەونە ناو بۆسەی دوژمن و لەگەڵ برینداربوونی دوو لە هەڤاڵانی سەید عەبدوڵڵا شەهید دەبێت و لە گردی لاوان لە گۆڕستانی حاجی ئۆمەران بەخاک دەسپێردرێ.[1]