نوێنەر فاتیح
ئەندامی پەڕڵەمانی هەرێمی ڤییەننا لە نەمسا دەڵێت: کۆمەڵگەی کوردی لە نەمسا بەوە ناسراون کە زۆر لیبراڵن و دۆستایەتییەکی زۆرمان هەیە و نزیکن لە دڵمانەوە و خوازیارین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێبدەین لە هەموو بوارەکان.
هەیدی سیکوێنز، ئەندامی پەڕڵەمانی هەرێمی ڤییەننا لە نەمسا لە بەرنامەی ڕووداوی ئەمڕۆ وتی: دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ نەمسا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە، پەیوەندییەکانمان چوونەتە قۆناخێکی زۆر باشترەوە و ژمارەیەک کۆمپانیای نەمسایی ئێستا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن و ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاش خواستیان هەیە کە بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، بەڵام پێویستە پێشتر بێن سەردانی بکەن و تێبگەن کە دۆخی ئێرە ئارامە و جیاوازە لەو دۆخەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی تێدایە.
وتیشی، پلانیان هەیە بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەو خوێندکارە کوردانەی ساڵانە دەچنە نەمسا بۆ خوێندن.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ هەیدی سیکوێنز، ئەندامی پەڕڵەمانی هەرێمی ڤییەننا لە نەمسا:
ڕووداو: ناوەندی کۆمەڵگەی نەمسایی لە زانکۆی کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، ئایا بۆ نەمساش گرنگە؟
هەیدی سیکوێنز: پێم وایە هەمیشە دەتوانین لەیەکترییەوە فێربین و ئەوە هەر لە ئێستاشەوە دەستی پێ کردووە، ئاڵوگۆڕی خوێندکار لەگەڵ زانکۆی لیۆن هەیە کە شارێکە نزیکە دوو کاژێر و نیو لە باشووری ڤییەننایە و لە ئاستی جیهان بەوە بەناوبانگە کە پسپۆڕی بەرهەمدێنێت، لە ڕاستیدا باشترینەکانی جیهان لە درووستکردنی تونێلی هێڵی ئاسنین و جۆرەکانی دیکەی تونێل، سەرنجیشیان زیاتر لەسەر چارەسەرەکانە بە تەکنەلۆژیای ژینگەیی و سەوز، ئەوەشم بیستووە کە زانکۆی کوردستانیش سەرنجێکی زۆری لەسەرتوێژینەوە ژینگەییەکانە و خوێندکاران لە سەرانسەری ئێراقەوە دێن و لەم زانکۆیە دەخوێنن، بۆیە پێم وایە ئەمە هاوبەش و هاوکارێکی زۆر بەهێزە کە هەمانە.
ڕووداو: کاری ئەم مەڵبەندە و ئاڵوگۆڕی پسپۆڕییەکان چۆن دەکرێت، ئەمە لەنێوان کوردستان و نەمسا چۆن دەبێت؟
هەیدی سیکوێنز: تاوەکوو ئێستا وەکوو وتم، ئاڵوگۆڕی خوێندکاران هەبووە، بە گشتی 20 خوێندکاری ئێراقی لە هەولێرەوە چوونەتە زانکۆی لیون و ساڵی داهاتووش 25 خوێندکاری دیکە دەچن، ئەمە پرۆگرامی ماستەرە دەستی پێ کردووە و خوێندکاران ئێستا دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن، هیوادارین ئەمە دەستپێک بێت و ئەمە باڵ بکێشێت بۆ بوارەکانی دیکەش وەکوو ئەوەی کە خەڵک بێن و لێرە لە زانکۆکان وانە بڵێنەوە، ڕەنگە بۆ ساڵێک نەبێت، بەڵکوو وەکوو مامۆستای میوان و ئاڵوگۆڕی کولتووری.
ڕووداو: پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و نەمسا لە ڕووی سیاسییەوە بەهێز و باشە، بەڵام ئەو بەهێزییە نابینین کاتێک تەماشای بوارەکانی دیکە دەکەین، مەبەستم سیاسی نییە، بەڵکوو بازرگانی و کولتووری، بۆچی؟
هەیدی سیکوێنز: لە ڕاستیدا چەند کۆمپانیایەکی نەمسایی لێرە وەبەرهێنانیان کردووە لە کوردستان، بۆ نموونە پول ڕاخ کە گوشراوی میوە بەرهەمدێنن، هەروەها کۆمپانیایەکی دیکە کە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە درووست دەکەن، من لەم ڕۆژانە قسەم لەگەڵ نوێنەرێکی ژووری بازرگانی دەکرد و پێی وتم ڕۆژانە نزیکەی 10 تەلەفۆنی لە کۆمپانیا نەمساییەکانەوە بۆ دێت کە حەز دەکەن بێن لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
ڕووداو: تۆ خۆت ئێستا لە کوردستانی و لەبارەی کوردستانیشەوە دەزانیت، بێگومانیش ئاگاداری نەمسای، کوردستان و نەمسا چۆن دەتوانن زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن؟
هەیدی سیکوێنز: پێم وایە دەستپێکێکی باش ئەوەبوو کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەردانی سەرۆکی ئێمەی کرد لە مانگی حەوت، نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا، هەروەها وەزیری دەرەوەش سەردانی کرد و ئێستا ئێمە جارێکی دیکە لە ساڵی پارەوە باڵیۆزخانەمان لە بەغدا هەیە، بۆیە پێم وایە هەموو ئەمانە ئاماژەی بەرەوپێشچوونن، پێم وایە گرنگترین شتیش ئەوەیە کە ئەو وێنەیە بگوازرێتەوە ئێرە شوێنێکی پارێزراوە، چونکە خەڵک لە ئەوروپا بیرۆکەی جۆراوجۆریان هەیە لەبارەی ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕوودەدات، بەتایبەتیی ئێستا پێم وایە لەبەر ئەمە گرنگە کە خەڵک خۆیان بێن و بزانن کە ئێرە شارێکی خۆش و پارێزراوە و پێویست ناکات دوودڵ بێت و پێویستە ناکات لەبارەی وەبەرهێنانەکەتەوە دوودڵ بیت، ئەوەی کە خەڵک خۆیان بهێنیتە ئێرە، مەبەستم لە ئاڵوگۆڕ ئەمەیە.
ڕووداو: تۆ ئەندامی پارتی سەوزی و بەگوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی جیهان کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، نەمسا چۆن دەتوانێت هاوکاریی ئێراق و کوردستان بکات لەم ڕووەوە؟
هەیدی سیکوێنز: دەزانم چۆن دەکرێت، ئاماژە بە چەند پڕۆژەیەک کە ئەنجاممان دا، پارتی سەوز پارتێکی بچووکە، ئێمە تەنیا 14٪ی دەنگەکانمان هێنا لە دوایین هەڵبژاردن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاری زۆرمان کرد و من ئاماژەم بەوانە کرد کە دەکرێت ئەنجام بدرێن، لە ڕووی گواستنەوە و پلانی شارسازییەوە، من لێرە لە هەولێر تەنانەت یەک هێڵی پاسکیلیشم نەبینی، پێم وایە ئەمە شتێکە کە دەکرێت بهێنرێتە کوردستان.
ڕووداو: تۆ لە هاوینیشدا لێرە بوویت و کاریگەریی گەرمات بینیوە؟
هەیدی سیکوێنز: بەڵێ بینیومە، لەگەڵ ئەوەش بەزەحمەت لێرە پانەڵی وزەی خۆر دەبینم لە وڵاتێکدا کە تیشکی خۆر تێیدا هەمیشە هەیە، بەڵام پێم وایە تاوەکوو نرخی سووتەمەنی هەرزان بێت ئەوە پڕۆژەیەکی باش نابێت و وەبەرهێنان تێیدا هیچ واتایەکی نابێت نازانم، بەڵام دەکرێت شتێکە کە من ڕاستەوخۆ دەیکەم.
ڕووداو: بەهۆی دۆخی ئابووری و سیاسی لەم ناوچەیەی جیهان، ئێستا کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەواشی هاتووەتە سەر، لە وڵاتانی وەکوو ئێراق، سووریا، ئێران و تورکیا، هەروەها کورد لەم وڵاتانە، خەڵک کۆچ دەکەن بۆ نەمسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، کە ئێستا ئەمە کێشەیە بۆ یەکێتیی ئەوروپا، سیاسەتی کۆچبەری نەمسا چۆنە؟
هەیدی سیکوێنز: نەمسا خۆی سیاسەتێکی دیاریکراوی کۆچبەری نییە، نەمسا ئەندامی یەکێتیی ئەوروپایە، ئێمە ئێستا ڕێککەوتنی دوبلینمان هەیە، کە کار ناکات، من ڕاستەوخۆ دەتوانم ئەوە بڵێم کە کار ناکات، ئەمە ڕێککەوتننامەیە واتە کەسەکە دەبێت لە یەکەم وڵات کە دەچێتە ناوی داوای ڤیزا بکات، بۆ نموونە کە دێن بۆ ئەوروپا یەکەمجار دەچنە بولگاریا یان ڕۆمانیا، بەڵام کۆچبەران لەوێ نامێننەوە و دەیانەوێت بچنە نەمسا و ئەڵمانیا، ئەمەش بە ڕاستی کێشەیە و زۆرینەری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا پڕۆسەی یاساییان ڕاگرتووە بۆ کۆچبەران و ئێستا نەمسا و ئەڵمانیا تاکە وڵاتن کە پڕۆسەی یاسایی گەڕان بە شوێن پەناخوازاندا هەیە و هاوتای یاساکانی یەکێتیی ئەوروپایە هەموو وڵاتانی دیکە چیدیکە ئەوە ناکەن، وەکوو هەنگاریا، ئەوان دەڵێن بەلامانەوە باشترە سزای دارایی بدەین وەک لەوەی هیچ کۆچبەرێکمان هەبێت لە وڵاتەکەمان، بۆیە کێشەکە هەر ئەوە نییە کە ئەم هەموو کۆچبەرەبەرەو دوو وڵات دێن، بەڵکوو ئەوەی دەیبینین ئەوەیە لە هەموو ئەم وڵاتانە پارتە ڕاستڕۆکان دەسەڵات دەگرنەدەست، ڕاستڕۆکان بەهێزترین پارت بوون لە دوایین هەڵبژاردنی نەمسا، لە ئەڵمانیاش لە هەڵبژاردنی هەرێمەکاندا دەنگی زۆریان بەدەستهێنا، ئەمەش بەهۆی ڕێژەی زۆری کۆچبەرانەوە، کە کێشەیەکی گەورەیە.
ڕووداو: کەواتە کۆچبەریی خەریکە بەشێوەیەک ئێستا نەخشەی سیاسی وڵاتانی ئەوروپا لەنێوخۆدا دەگۆڕیت؟
هەیدی سیکوێنز: بەڵێ بێگومان، بێگومان بە ئاڕاستەی ڕاستڕۆکان.
ڕووداو: ئێستا ڕاستڕۆکان لە هەڵکشانن، بەڵام هێشتا ڕەنگە بتوانین بڵێین وڵاتانی ئەوروپا هێشتا سۆشیال دیموکرات و پارتەکانی نێوەڕاست تێیدا بەهێزن، ئایا ئەمان هیچ کارێک دەکەن بۆ گۆڕینی دۆخەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە، لانی کەم شتێک بکەن بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێننەوە؟
هەیدی سیکوێنز: پێش هەموو شتێک من بەتەواوی هاوڕا نیم لەگەڵ ئەوە، بۆ نموونە ئەگەر تەماشای ئیتاڵیا بکەیت ئێستا پارتێکی ڕاستڕۆ لە دەسەڵاتە، پارتی ئوربانی ڕاستڕۆ لە دەسەڵاتە لە پۆڵەندا ئێستا حکومەتێکی جیاواز هەیە، بەڵام ئەوەی دەیبینم جێی متمانە نییە و ناتوانن لەسەر سیاسەتێکی هاوبەش ڕازی بن، ئەوەی دەیبینم ئەوەیە هەموو کەسێک دەکشێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی و پێیان وایە دەتوانن تەیمانێک بە دەوری وڵاتەکەیاندا درووست بکەن و ڕێگریی بکەن لەوەی خەڵک بچێتە وڵاتەکەوە، بێگومان ئەمە کار ناکات بۆیە پێم وایە ئێستا لە کێشەیەکی گەورەدان چونکە ناتوانن لەسەر شتێک ڕێکبکەون کە کار بکات. یەکەم کار من بیکەم ئەوەیە، کە گرنگی زانکۆکە لەمەدا گرنگە، ئەوەیە کە خەڵک پەروەردە بکەیت و وا لە خەڵک بکەیت لە وڵاتی خۆیاندا بمێننەوە و لێرە ڕوانینیان هەبێت.
ڕووداو: باسی نەتەوە یەکگرتووەکانمان کرد کە چۆن لە ئاستی کێشەکانی وەکوو ئۆکراینا و دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چیدیکە کارا نییە کەواتە بە جۆرێک یەکێتیی ئەوروپا وەکوو دامەزراوە ئێستا کارا نییە لەمبارەیەوە، بۆیە هەر وڵاتێک دەگەڕێتەوە بۆ نێوخۆی خۆی؟
هەیدی سیکوێنز: بەڵێ، لەم ڕووەوە بەڵێ دەڵێن با تەیمانی خۆمان درووست بکەین.
ڕووداو: زانکۆی کوردستان و زانکۆکانی دیکەش ساڵانە ژمارەیەکی کەسی باشی بەتوانا بەرهەندێنن، کە ئامادەن بۆ کارکردن و توانایەکی باشیان هەیە بەڵام کێشە هەیە لە هەلی کاردا لەم بەشەی جیهان، لەنێوانیاندا کوردستان، وەکوو نەمسا چۆن دەتوانن هاوکاری کوردستان بکەن لەم ڕووەوە بۆ ڕەخساندنی کار؟
هەیدی سیکوێنز: بۆ درووستکردنی هەلی کار لە ڕاستیدا لە ئەوروپا ئێستا دۆخێکی جیاوازمان هەیە، خەڵکمان نییە کار بکات، لە دوای کۆرۆناوە وا دەردەکەوێت کە خەڵک لەناکاو ون بوون، زۆر کرێکاری کۆچبەر کە خەڵکی هەنگاریا و پۆڵەندا بوون گەڕانەوە و چیتر نەگەڕانەوە.ئەوەم بیستووە کە کێشەیەکی گەورە لە ئێراق دامەزراندنی خەڵکە چونکە ڕێژەی بێکاری زۆر بەرزە، بەڵام پێم وایە پەیوەندی بەوەشەوە هەیە کە ژمارەی دانیشتووان چۆن گەشە دەکات، پێم وایە ئەوە جۆرێکە لە تەقینەوە، بۆیە ئەمە شتێکە کە دەبێت سەرەتا ڕووبەڕووی ببیتەوە هەروەها کاری واتادار درووست بکەیت، نەک ئەوەی کە کەمێک پارە بە خەڵک بدەیت بۆ ئەوەی بمێننەوە و بە زۆر بژین. لە کاتێکدا هیچ کارێکی وا نەکەن.
ڕووداو: تۆ ئاماژەت بەوە کرد ئەو خەڵکانەی چوونەتە هەنگاریا و پۆڵەندا چیتر نەگەڕانەوە لە دوای کۆرۆنا، کەواتە نەمسا ئێستا پێویستی بە کرێکارە، حکومەتەکەت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشەیە دەکات؟
هەیدی سیکوێنز: نەخشە پلانێک هەیە پێی دەگوترێت سوور سپی سوور، ئەوە ڕەنگەکانی ئاڵاکەیە، سوور، سپی، سوور.. ئەوەش کار ناکات، من پێمباشە نەمسا سیاسەتێکی وەکوو ئەوەی کەنەدای هەبێت کە ئەو خەڵکانە هەڵدەبژێرێت کە دەیەوێت، بۆ نموونە پێویستمان بە کەسانی ئای تی هەیە، یان پەرستار، هەڵیبژێرین کە ئەمە و ئەوەمان دەوێت.
ڕووداو: ئێستا ئەڵمانیاش ئەوە دەکات، لە ڕاستیدا ئێستا کار لەسەر یاسایەکی نوێ دەکەن کە لە پەڕڵەمان تێدەپەڕێندڕیت لە بووندستاگ و وا دەکات چوونە ئەڵمانیا زۆر ئاسانتربێت بەراورد بە ئێستا، تاکوو خەڵک بەشێوەیەکی یاسایی کۆچ بکەن بۆ ئەڵمانیا، بەڵام چ جۆرە خەڵکێک، خەڵکی بەتوانا و بەهرەمەند، پێتوایە لەگەڵ هەڵکشانی دەنگی ڕاستڕەوەکان لە نەمسا، دەرفەت دەبێت یاسایەکی لەو شێوەیە لە پەڕڵەمان تێپەڕێت؟
هەیدی سیکوێنز: پێم وایە دەکرێت تێپەڕێت، بەڵام پێم وایە ناڕەزایی هەیە لەلایەنی جیاوازجیاوازەوە، وەکوو ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە دەڵێن پێویستە پەنابەریی بدرێتە هەموو کەسێک، ئایە کێ مافی پەنابەربوونی هەیە؟ بێگومان هەموو کەسێک کە لە سووریا و ئەفغانستانەوە دێن مافی پەنابەرییان هەیە، بەڵام کێشەکە هەر ئەوە نییە، بۆ نموونە ئێستا لە ئەڵمانیا یەک ملیۆن سووری دەژین کە هەموویان پەنابەر نین، بەڵکوو بەشێکیان خێزانەکانیان کە دواتر هاتوون ئێستا لە ڤییەننا هەموو مانگێک 300 منداڵمان هەن کە لە سووریاوە دێن
ڕووداو: 300 منداڵ لە سووریاوە، ئەی هیچ ژمارەیەکت لەبارەی ئێراقەوە هەیە؟
هەیدی سیکوێنز: نەخێر، پێموانییە خەڵکی زۆرمان هەبن کە لە ئێراقەوە بێن، ئەوان لە تورکیاوە دێن.
ڕووداو: هەڵکشانی ڕاستڕۆکان لە نەمسا بە شێوەیەکی سەرەکی چی لە نەمسا دەگۆڕێت؟
هەیدی سیکوێنز: هیچ، ئەوان چارەسەریان ناوێت نایانەوێت ئەم کێشەی کۆچبەرانە چارەسەر بکەن چونکە خۆیان لەسەری دەژین، دەزانیت ئەگەر ئەو کیشەیە نەمێنێت ئەوانیش نامێنن.
ڕووداو: کەواتە پێشبینی دەکەیت ئەم کێشەیە بمێنێتەوە؟
هەیدی سیکوێنز: ڕاشکاوبم، لە ڕاستیدا من زۆر گەشبین نیم.
ڕووداو: ئایە کۆچبەری تاکە هۆکارە کە وای کردووە خەڵک دەنگ بە ڕاستڕۆکان بدەن، یان هۆکاری دیکە هەیە وەکوو ئابووری؟
هەیدی سیکوێنز: من دەڵێم دوو شت هەن، یەکێکیان کۆچبەری کە با ئەوەش ڕوون بێت ئەو خەڵکەی دەنگ بە ڕاستڕەوەکان دەدەن خەڵکی هەژار نین، پێتوانەبێت کە هەژارەکانن، بەڵکوو ئەو خەڵکانەن کە بە شتێک گەیشتوون و ترسی ئەوەیان هەیە ئەو سەروەتە لەدەستبدەن، بۆیە دەکرێت هۆکارەکە کۆچبەریی بێت هۆکاری دیکە قەیرانی ئابووریی بەڵام ترسی لەدەستدانی ئەوەی خەڵکی پێیگەیشووە وا دەکات دەنگ بە ڕاستڕۆکان بدەن.
ڕووداو: ڕاستڕۆکان لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە لە هەندێک ناوچەی ئەوروپا نەیانبردووەتەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بۆ من دەمەوێت تێڕوانینی تۆ بزانم، چی وا لە خەڵک دەکات دەنگ بە ڕاستڕەوەکان بدەن لە ئەوروپا، ئایا تەنیا کۆچبەرییە یان هۆکاری دیکە؟
هەیدی سیکوێنز: بەشێکی گەورەی کۆچبەرییە، بەڵام دیسان دەیڵێمەوە ترسی لەدەستدانی ئەوەیە کە هەیانە. من لەو شارە بوون لە ئەڵمانیا و یەکێکە لە جوانترین ئەو شارانەی کە بینیومن و هەموو شتێک نایاب بوو وەکوو چیرۆک وابوو، چێشتخانەکان پڕبوون لە خەڵک و خەڵک دەیانخواردەوە و ئاهەنگیان دەگێڕا، دەگەڕان و دەموت باشە لە چییان کەمە؟ لە چییان کەمە؟ بۆچی دەنگ بە پارتی ڕاستڕەو دەدەن و کە هیچیان بۆ ناکات. لە ڕاستیدا ترسە وایان لێدەکات، ترسێکی عەقڵانیش نییە بەڵکوو میزاجییە.
ڕووداو: باشە، لێرە شتێکم بیرکەوتەوە کە باسی ڕاستڕۆکان دەکەین. قسەیەکی سلاڤۆی ژیژەکم بیرکەوتەوە، ڕەنگە بیناسیت، زۆر بەناوبانگە و کەسێکی چەپە، خۆی وەکوو هێگیلیانێکی مارکسی دەناسێنێت، خەڵکی سلۆڤینیایە ئەو بە مەترسیدارترین فەیلەسووفی جیهان ناوەزاندکراوە کە لە ژیاندا بێت لەلایەن گۆڤاری تایمزەوە. ئەو جارێک شتێکی سەرنجڕاکێشی گوت، وتی ناکرێت لۆمەی تاستڕۆکان بکەین کە دەیبەنەوە، ئەو کاتە باسی سەرکەوتنی ترەمپی دەکرد لە هەڵبژاردن کە ئەم قسانەی دەکرد، لەگەڵ هەڵکشانی ڕاستڕۆکان لە ئەوروپا، مەبەستی ئەوەبوو سەرکەوتنی ڕاستڕۆکان واتای ئەوە نییە کە شتێکیان پێیە بۆ خەڵک بەڵکوو ئەگەر نیشانەی شتێک بێت نیشانەی ئەوەیە کە چەپ و شۆشیال دیموکرات و لیبراڵەکان لە چەند دەیەی ڕابردوودا شکستیان هێناوە لەو بەڵێنانەی بە خەڵکیان داوە تۆ چی دەڵێیت لەمبارەیەوە، پێتوایە سەرکەوتنی ڕاستڕەوەکان لانی کەم لە نەمسا، ئەوە نییە کە خەڵک ترسیان لەوە هەیە شتێک لەدەست بدەن بۆیە دەنگ بە ڕاستڕەوەکان دەدەدن، بەڵکوو هۆکارەکە ئەوەیە کە چیتر متمانەیان بەو بەڵێن و سیاسەتەکانی لایەنەکان دیکە نییە و کە چەندین دەیە تاقییان کردەوە و ئێستا دەزانن کار ناکات؟
هەیدی سیکوێنز: بۆ نموونە ڤییەننا لانی کەم بۆ سەد ساڵ لەلایەن سۆشیال دیموکراتەکانەوە بەڕێوەبرا، جگە لە کاتەکانی جەنگ و ئەو شتانە کە خۆت دەیزانیت، تەنانەت بۆ منیش کە لە پارتی سەوزم، ڤییەننا یەکێکە لە گونجاوترین شارەکانی جیهان بۆ ژیان، هەموو ساڵێک وەکوو گونجاوترین شار بۆ ژیان دەنگی بۆ دەدرێت، هەندێک جاریش دەپرسێت بۆچی خەڵک وا دەکەن و دەنگ بە ڕاستڕەوەکان دەدەن، چونکە خانووبەرە هەرزانە و گواستنەوەیەکی گشتی زۆر باشیان هەیە لەگەڵ سیستەمێکی پەروەردەی باش، سیستەمێکی باشی تەندرووستی، لەگەڵ ئەوەشدا لە خۆت دەپرسی چی وا دەکات دەنگ بە ڕاستڕەوەکان بدەن، کاتێک قسە لەگەڵ خەڵکیش دەکەیت دەڵێت ئاخر ئەو خەڵکە گەنجە ئەفغانییانە لە وێستگەکانی شەمەندەفەر دەبینین و دەترسێین.
ڕووداو: لێیان دەترسن؟
هەیدی سیکوێنز: میدیاش پاڵ بەمەوە دەنێت، بەشێکی زۆری میدیایە
ڕووداو: میدیا یان سۆشیال میدیا؟
هەیدی سیکوێنز: سۆشیال میدیا بە دیاریکراوی، بە شێوەیەکی سەرەکیش تیکتۆک، دەتوانم بڵێم بە دڵنیایی تیکتۆک
ڕووداو: کەواتە تیکتۆک پلاتفۆرمی سەرەکییە؟
هەیدی سیکوێنز: بەڵێ، کاتێکیش دێتە سەر ڕاستڕەوەکان تیکتۆکە، لەلایەکی دیکەشەوە ئیسلامییەکان، ئەوانیش ڕاستڕەون، چونکە بۆ من، ئیسلامی و ڕاستڕەوەکان دوو دیوی یەک دراون ئەوان لە نەمسا لە ڕێگەی تیکتۆکەوە بە منداڵان دەگەن، لە ڕێگەی میدیای سەرەکییەوە ناتوانی بەم خەڵکە بگەیت چونکە درۆ دەکەن، ئەوان هەر درۆ دەکەن، بۆیە لە ڕێگەی گرووپی واتساپ و ئەم شتانەوە زانیاری بڵاودەکەنەوە.
ڕووداو: لە ڕاستیدا ئێمەش لێرە کێشەمان لەگەڵ تیکتۆکدا هەیە کە کاریگەریی لەسەر منداڵان هەیە، کچان و کوڕان، بەڵام نەک لە ڕووی سیاسییەوە بەڵکوو کێشەکانی ئێمە جیاوازن لەگەڵ ئەوەدا بەڵام ئێوەش هەمان کێشەتان هەیە، بە دیاریکراوی لەگەڵ تیکتۆک؟
هەیدی سیکوێنز: زیاتر ئیسلامییەکان کاریگەرن لە تیکتۆک چونکە ئەمە ئامرازە سەرەکییەکەیە کە بەکاریدێنن و زۆر باشن تێیدا، من قسەم لەگەڵ گەنجێکدا کرد کە لە سووریا بووبوو و بە جۆریک هەستی بەوە کرد ئەوەی کردوویەتی زۆر پووچە، ئێستا ئەو قسە بۆ منداڵان دەکات و باسیی ئەوەیان بۆ دەکات کە چی بەسەرهاتووە و چۆن کراوە بە تووندئاژۆ، ئەو دەڵێت کە ئیسلامییەکان زۆر بەتوانان لەو بوارەدا، ئەوان بەتوانان لەوەی کە دەیکەن لەلایەکی دیکەوە ئامارمان هەن کە پێمان دەڵێت چیدیکە لە ڕیگەی میدیای ئاساییەوە ناگەینە گەنجان، تەنانەت لە ڕێگەی سۆشیال میدیاشەوە پێیان ناگەین، ئێستا ئەوان لەناو گرووپەکانی واتساپی خۆیانن و هەموو کەسێک شوێنێک تایبەتیی خۆی هەیە و تەنیا گوێیان لەوە دەبێت کە خۆیان دەیانەوێت.
ڕووداو: لە سۆشیال میدیا کێشەکە ئەوەیە کە لە ڕاستیدا تۆ بە هەموو خەڵکەوە گرێدراو نیت، بەڵکوو ئاڵگۆریزمەکە بەشێوەیەک ئاڕاستەت دەکات کە لە کۆتاییدا لەناو بازنەکەیدای تەنیا ئەو شتانە دەبینیت کە خۆت حەزیان پێ دەکەی
هەیدی سیکوێنز: بەڵێ، ئەوەی دەتەوێت بیبیستی، بەڵێ.
ڕووداو: پەیوەندیت لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی لە ڤییەننا چۆنە؟
هەیدی سیکوێنز: دەتوانم بڵێم زۆر نزیکە و هەمیشە هەر وابووە، نامەوێت باسی هەموو ژیانی خۆمت بۆ بکەم بەڵام تەنانەت کاتێک خوێندکاربووم و لە بەشی نێوخۆیی بووم، خوێندکاری کوردمان لەگەڵ بوو و ئەوان بانگهێشتان دەکردم بۆ ئاهەنگەکانیان، بۆیە بەم شێوەیە نزیکی ئەوان گەورە بووم، کورد هەمیشە ئەو وێنەیەیان هەیە کە لیبراڵترین کەسەکانن، ئەو کەسانەن کە بە ڕاستی دەیانەوێت پەیوەندییان لەگەڵماندا هەبێت ئێستاش من پەیوەندیم لەگەڵ هەموو کۆمەڵە کوردییەکاندا هەیە و هەمیشە بانگهێشت دەکرێم بۆ قسەکردن، تەنانەت چاودێری هەڵبژاردنەکان بووم لە هەرێمی کوردی لە تورکیا، بۆیە بەڵێ دەڵیم کە پەیوەندیم زۆر باشە من بەڕێز ڕەمەزانیش دەناسم کە بەرپرسی نووسینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ڤییەننا، نزیکن لە دڵمەوە.[1]