مێژووی جموجوڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی #کەرکووک# 01
شوان خورشید
شاری کەرکووک هەر وەک چۆن لە گۆڕەپانەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پیشەسازی و هونەری تەلارسازی و گەلێ شتی تر پێشەنگ بووە. لە هەمان کاتدا لە درووستکردن یان باوەش کردنەوە بۆ ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان و وەرزشییەکان بێ ئەرزش نەبووە. گرنگی شارەکەش وای کردووە ڕێکخراو و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێراق بیر لەوە بکەنەوە، کەرکووک وەک ناوەندێکی گرنگ ببینن تا بارەگا و بنکەی خۆیانیان لێ بکەنەوە، گەشە بە بزووتنەوە یان ئایدیاکەیان بدەن، لەبەر ئەوەی کەرکووک گرنگییەکی ستراتیژی جیهانی و ناوچەی هەیە بۆیە هەمیشە کەرکووک وەک ناوەندێکی حیزبی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی دەرکەوتووە گرنگی خۆی هەبووە.
بۆیە دەبینین گەلێک ڕێکخراو و حیزب و جووڵانەوە لە کەرکووک سەری هەڵداوە، یان بارەگا و لق و بنکەیان لەناو کەرکووک داناوە و گەشەیان کردووە، وەک حیزبی هیوا، کۆمەڵەی ڕزگاری، کۆمەڵەی دارکەر، ڕێکخراوی ئازادی کوردستان، لقی حیزبی شیوعی، لقی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، لقی ژ.ک، لقی حیزبی نەتەوەیی دیموکراتی، کۆمەڵەی یارمەتیی لێقەوماوانی ئەرمەن، کۆمەڵەی دیاری ئیسلام، کۆمەڵەی یارمەتیی قوتابییانی هەژار، کۆمەڵەی چاکەی سریانی ئەرسدۆکس، کۆمەڵەی ئۆتۆمبێل، کۆمەڵەی بەزەیی کارانی کوردستان، ڕێکخراوی هاجانا، بزووتنەوەی هاڵتۆس، کۆمەڵەی تۆرانچێتی، لقی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی، لقی نادی اخوان الحریە، حیزبی کەرانی کەرکووک، کۆمەڵەی شوان.
ئەوەی جیگای هەڵوێستە لێکردنە لە درووستبوونی ئەو بزووتنەوە و کۆمەڵە و ڕێکخراوانەی شاری کەرکووک هەر یەکەیان چەندین توێژو و چینی کۆمەڵی کەرکووکی لە خۆی گرتووە لەبەر ئەوەی کەرکووک شارێکی فرەنەتەوەیی و ئایینییە ڕێکخراوە سەرهەڵداوەکانیشی لەسەر ئاستی نەتەوەی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و مرۆڤایەتی ڕەنگیان داوەتەوە تەنانەت لە درووستبوونی هەندێک ڕێکخراویش دا ڕۆڵی گەورە هەبووە. لە تێکدان و ئاژاوە و شەڕ و نانەوەی دوبەرەکی و قین و بژێوی لەنێوان نەتەوەکانی کەرکووک دا.
جا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ئەو ڕێکخراوو کۆمەڵە و بزوتنەوانە کە لە شاری کەرکووک سەری هەڵداوە یان لق و بارەگایان لێ کراوەتەوە بۆ چ مەبەست و بەرنامەیان چی بووە. ئەو کەسایەتییانەی ڕۆڵیان گێڕاوە کێ و چ کارە بوونە. بۆیە لێرەدا هەوڵ ئەدەین گەشتێک بەناو مێژووی ئەو ڕێکخراو و جوڵانەوانەدا بکەین و بە خوێنەری ئەمڕویان ئاشنا بکەین.
٭ ڕێکخراوی ئازادی کوردستان
لە بیستەکان لە ناوچەی #کفری# سەری هەڵداوە لەلایەن کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرانی ناوچەکەوە وەک حەمە بەگی فەتاح جاف، شێخ جەمال تاڵەبانی، موفتی سەعید ئەفەندی سیوەیلی، وەستا ساڵحی جلدرو، تۆفیق ئاغای گەڵاڵی، مەلا محێدین مەلا سەعیدی زەلزەلە، ڕەئوف بەگی جەلالی کەرکووکی، سەید محەمەد جەباری، ئەم ڕێکخراوە نەیتوانی درێژەو بەردەوامی بەچالاکییەکانیان بدەن، چونکە زۆر لە ئەندامیان چونە ناو دەزگاکانی دەوڵەتی تازە درووستکراوی ئێراق و هەندێکیشیان بەهۆی کۆچکردنیانەوە ڕێکخراوەکە تەنیا بۆ مێژوو مایەوە.
٭ کۆمەڵەی دارکەر
لە نیوەی یەکەمی ئەیلولی 1937 کۆمەڵەیەکی بچوک بەناوی کۆمەڵەی دارکەر لە قوتابییانی قوتابخانەی ئامادەی مەرکەزی کەرکووک دایان مەزراند، کۆبوونەوەی یەکەمی سازدا و دوەم کۆبوونەوەیان لە ماڵی بورهان جاف ئەنجام درا، لە حوزەیرانی 1937 لەباخچەی (ام الربیعین) کۆنگرەی خۆی ئەنجام دا و 60 ئەندام بەشداری کۆنگرەکەیان کرد کە (دڵدار)ی شاعیر و (مارف بەرزنجی)وتاریان دەربارەی کۆمەڵە خوێندەوە، ناوی دارکەر لە کۆمەڵەی (کاربۆناڵی، خەڵوزفرۆشانی) ئیتاڵیا وە هاتووە، دکتۆر موکەڕەم تاڵەبانی دەڵێت کۆمەڵەی دارکەر بەرنامەی نووسراویان نەبووە. بەڵکوو بەرنامە و پەیڕەوی کۆمەڵەکە بەدەمی و لەسەر زار دەوترایەوە، کۆمەڵەی دارکەر لە #سلێمانی# و #هەولێر# و کۆیە و کفری و #چەمچەماڵ# و شەقڵاوە لقیان دامەزاند بوو زۆربەی ئەندامانیان لە مامۆستا و قوتابییان بوو، لە کەرکووک لەلایەن یونس ڕەئوف دڵدار، موکەڕەم تاڵەبانی، بورهان جاف، مارف بەرزنجی، ڕەشید باجەلان، فازیل تاڵەبانییەوە بەڕێوە دەبران.
٭ حیزبی هیوا
لە ساڵی 1939 لەسەر بناغەی ڕێکخراوی دارکەر دامەزرا، لاوانی دارکەر بۆ بەرەوپێشچونی ڕێکخراوەکەیان پەیوەندیان بە ڕەفیق حلمیەوە کرد ، لەسەر پێشنیاری حیلمی کۆمەڵەکە کرایە هیوا و خۆشی بووە. سەرۆکی کۆمەڵەی هیوا، حیزبی هیوا لە ڕۆشنبیران و قوتابییان و ئەفسەرانی کورد و ئاغا و دەرەبەگەکانی کوردستان پێک هاتبوو، ئەندامە لێهاتووەکانی حیزبی هیوا بریتی بوو لە محەمەد قەرەداغی، عەبدولقادر زەنگنە، وەهاب قەمبەر، عەبدولڕەحمان کەریم، تاهیر ساڵح عەتا تاڵەبانی، محەمەد نەجیب تاڵەبانی، ئەحمەد بابان، مستەفا جاف، شەوکەت جاف، ئەحمەد براحەمە، شێخ ئەحمەد شاکەلی، سابیر حاجی فەتحوڵڵا.
لە ساڵی 1943 بیروڕای چەپ لەنێوان هەندێک لە ئەندامانی هیوا گەشەی کرد تا لە ساڵی 1944 بە زەقی ئەو بیری بڵاو چەپگەراییە بووە، ئەمەش بووە هۆی درووستبوونی کێشە لەنێو ئەندامەکانی بۆیە لەنێوان ساڵانی 1945 و 1946 هیوا هەرەسی هێنا و ئەندامەکانی بڵاوەیان لێکرد.
٭ حیزبی نەتەوەی دیموکراتی
لقێکی بارەگاکەیان لە شاری کەرکووک دامەزراندوە، بەڵام ژمارەیەکی کەمی خەڵکیان لەگەڵ بووە. ڕۆژنامەیەکیان بە کوردی دەردەکرد سدیق بلوکێن سەرپەرشتی دەکرد بەناوی ڕای گەل کە چەند ژمارەیەکی کەمی لێ دەرچوو.
٭ لقی کۆمەڵەی ڕزگاری کورد
لە ساڵی 1945 حیزبی شیوعی کورد و هەندێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی هیوا و ژمارەیەک بێ لایەن درووست بوو، هەریەک لە ساڵح حەیدەری و نافع یونس و تەها محێدین و عەلی مەجید و نووری شاوەیس و جەعفەر حەمەکەریم و ڕەشید باجەلان و عەلی حەمید دامەزرێنەری ئەم کۆمەڵەیە بوون کە بارەگا و لقی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان هەبو، بەپێی چەند بەڵگەنامەیەکی سەردەمی پاشایەتی ناوچەی کفری و کەرکووک شوێنی گرنگی بڵاوبوونەوەی ئەم حیزبە بوون.
٭ لقی بزووتنەوەی (حالتوس)ی پێشڕەو
ئەم بزووتنەوەیە لە کاتی پشێوییە گەورەکە کە بە فەرهود ناسراوە لە حوزەیرانی 1941 دامەزراوە لەسەر بنەمایەکی نهێنی لەلایەن چەند جوولەکەیەکەوە بۆ ئەم کارە نێردرانە ئێراق ڕێکخراوەکەیان دامەزراند لەوانە سیرین، خضوری، جوتهان، لاوانی تەمەن 14 تا 17 ساڵانیان ڕێکدەخست، سەرەتا بزووتنەوەکە لە بەغداوە دەستی پێ کرد پاشان لقی لە هەولێر و کەرکووک و عەمارە و حلە کردەوە، لە ساڵی 1946 بزووتنەوەکە دەستی کرد بە وەرگرتنی لاوانی جوو لە کەرکووک، بەڵام پاش کۆچکردنی ئەندامەکانیان بۆ ئیسرائیل و بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی شیوعیەت و ئاشکرا بوونی ڕێکخراو شانە نهێنییەکانی ڕێخراوەکە بەرەو پاشەکشە هەنگاوی نا.
٭ لقی ڕێکخراوی هاجانا
لە ساڵی 1946 لە شاری کەرکووک لقی لێکرایەوە وەک ئەوەی لەبەسرە لقی هەبوو، بەڵام ئەم ڕێکخراوە چالاکییەکانیان بەرەو نەمان چون دوای ئەوەی لە ساڵی 1950-1951 لەبەر زۆری کۆچی یەهودییەکان بەرەو ئیسرائیل و پاش گیرانی شاڵام ساڵح کە چالاکترین ئەندامی ڕێکخراوی هاجانا بوو کە دەستی هەبوو لە هەڵگرتنی چەک لە (کنس)، ئەم ڕێکخراوە لەو چوارچێوەیە سەری هەڵدا کە تەنیا مەبەستیان کۆچکردن بێت بەرەو فەلەستین.
٭ لقی یانەی (اخوان الحریه)
نووسەری بەریتانی فریاستارک بیروکەی ئەم ڕێکخراوە بوو لە ساڵی 1941 لە بەغدا دامەزرا، لە ساڵی 1943 لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بڵاوبووە، نادی (اخوان الحریە) و بنکەی ڕۆشنبیری بەریتانی دوو دەزگای گرنگ بوون بۆ بڵاوبوونەوەی ڕۆشنبیری ئینگلیز لە بەغدا و موسڵ و کەرکووک و بەسرە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر هەموو چینەکانی کۆمەڵ و یەکە کارگێڕیەکانی ئێراق و شیکردنەوەیان لە بەرژەوەندی خۆیان، دەربارەی چالاکییەکانی کۆمەڵە لە کەرکووک ڕۆژنامەی کەرکووک سەبارەت اخوان الحریە نووسیویەتی دەستەی دامەزرێنەری ئیبراهیم ئیسماعیل ئال جەمیل بەڕێوەبەری ناوچەی سەروی ڕۆژهەڵات کۆبوونەوە و بڕیاردراوە مەکی سدقی شەربەتی موتەسەڕفی کەرکووک ئەندامێکی شەرەفی ئەم کۆمەڵەیە بێت و موتەسەڕیف داواکەیانی قبووڵ کردووە، بۆیە کۆبوونەوە لە 01-06-1943 کراوە و هەڵبژاردن بە شێوەیەکی نهێنی ئەنجام دراو ئیبراهیم ئیسماعیل ئال جەمیل بە سەرۆکی لقی کەرکووک هەڵبژێردرا.
٭کۆمەڵەی یارمەتیی لێقەوماوانی ئەرمەن
ئەم کۆمەڵەیە لە 13-06-1933 وەک کۆمەڵەیەکی کۆمەڵایەتی لە کەرکووک دامەزرا بۆ هاوکاری کردنی ئەرمەنە لێقەوماوەکان.
٭ کۆمەڵەی نهێنی تۆرانچی
ساڵی 1920 لە شاری کەرکووک دامەزرا، داوای گەڕانەوەی عوسمانییەکانیان دەکرد بۆ کەرکووک، کۆمەڵەکە دژی بەرژەوەندی بەریتانیا و بە قازانجی تورک بەشداری ململانێی سیاسیان دەکرد، شێخ قادر سیامەنسووری تاڵەبانی و عەشیرەتەکەی هاتبوونە ناو کۆمەڵەکەوە، کاتێک ڕێگای نێوان کفری کەرکووک لەلایەن شێخ قادر سیامەنسووریەوە گیرا چارەیەک بۆ (مێجر لۆنگریک) نەمایە و تەنیا هەڵکوتانە سەر دێی سیامەنسوورو و وێرانی کرد، کۆمەڵەکەش پەرتەوازە ببن و هەڵوەشایەوە.
٭ لقی کۆمەڵەی ژ.ک
ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی 1943 لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درووست بوو، هەر زوو پەلوپۆی بۆ زۆربەی کوردستان هاویشت وەک کەرکووک و هەولێر و سلێمانی و شەقڵاوە و #ڕواندز#و و تەنانەت لە باکوور و ڕۆژاواش لقی لێ دامەزرا، هەر زوو کۆمەڵەی ژ.ک پەلوپۆیلە سەرتاسەری کوردستان هاویشت و حسێن خانەقا بە لێپرسراوی لقی کەرکووک دانرا و سەعید محەمەد ناسراو بە سەعید تەتەر ڕێگە پێدراو بوو بۆ هاتوچۆکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کاروباری حیزب.
٭ کۆمەڵەی چاکە لە کەرکووک
لە ساڵی 1948 درووست بووە. ئامانجی خزمەتکردنی کڵێسە بووە. لە هەموو ڕوویەکەوە، بەتایبەت لایەنی ئابووری، سازدانی ئاهەنگی کۆمەڵایەتی بە قازانجی سندوقی کڵێسە بۆ یارمەتیی دانی لێقەوماوان و کەمدەرامەتەکان، ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی 1955 ماوەیەک لە چالاکییەکانی کەوت پاشان دووبارە ژیایەوە و تا ئێستا 2022 بەردەوامە بۆ خزمەتی کڵێسەکانی کەرکووک.
٭ لقی کۆمەڵەی منداڵپارێزی کەرکووک
ڕۆژنامەی کەرکووک لە ژمارە (1807) ی ڕۆژی 13-01-1963 لەباسی کۆمەڵەی منداڵپارێزی لقی کەرکووک نووسیویەتی لە کاتژمێر 10ی بەیانی ڕۆژی هەینی 25-01-1963 لە بارەگای کۆمەڵەکە هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵە کراو دکتۆر ڕەزا تاهیر بە سەرۆک، حسامەدین ساڵەیی بە جێگر، نازم ساڵەیی بە سکرتێر، شاکر شوکری بە سندوق دار، د. جۆرج نووری بە ئەندام، د. خەیری حەججاسی بە ئەندام، د. سابیر ڕەشید بە ئەندام، محەمەدی ساڵەیی بە ئەندام، حاجی عەبدولواحید بە ئەندام هەڵبژێردران.
٭ یانەی ئۆتۆمبێل
ئەم ناوە تەنیا لە (دلیل العراق الرسمی)دا لە 1960دا هاتووە، بۆیە هیچ شتێک دەربارەی یانەکە و ئەندامەکانی نازانرێت.
٭یانەی سەلام
ئەم یانەیەش هیچ شتێک دەربارەی نەزانراوە تەنیا لە (دلیل العراق الرسمی) لە 1960دا ناوی هاتووە.
٭ کۆمەڵەی دیاری ئیسلام
لە بەغدا لە 01-01-1930 دامەزراوە، لە 31-06-1933 لقی لە شاری کەرکووک کردووەتەوە، ئەم کۆمەڵەیە لە چلەکان دا دەوری باڵای هەبووە. لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی ئینگلیزەکان و یەهود و بزووتنەوەی سەهیۆنی لە فەلەستین.
٭ لقی حیزبی شیوعی ئێراق
لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئێراق بزووتنەوەی شیوعیەت لە کەرکووک کەوتە چالاکی نواندن، هەرچەندە پارتی لەناو قوتابییان و لاوان و کرێکارانی کورد دەوریان دەگێڕا، بەڵام دوای نیسانی 1959 کاتێک داود جەنابی بووە.
سەرۆکی فرقەی دوو لە وێستگەی شەمەنەفەر لە شاری کەرکووک ماوەی سێ مانگ مایەوە، لەو ماوەیەدا شیوعی لە کەرکووک زۆر پەرەی سەند، بارەگای گەنجان (شەبیبە) لە هەموو گەڕەکە کوردی و تورکمانییەکان کرایەوە، ڕێکخراوی ئافرەتان و جوتیاران ولاوان و قوتابییان و کرێکاران کەوتە دەست شیوعییەکان، بەڵام پاش ڕۆیشتنی داود جەنابی عەمید ڕوکن مەحمود عەبدولوەهاب بووە.جێگری قائید، زۆربەی تورکمانەکان لە ترسا لە حیزبی شیوعی هەڵگەڕانەوەو تەنانەت بوونە نەیاری حیزب. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=