=KTML_Bold=ئەوەی لە کوردستان هەیە پەڕلەمان نییە!=KTML_End=
من خۆم باوەڕم بە سیستەمی پەڕلەمانی نیە. پێموایە هیچکات کرێکاران و هەژاران لەڕێگای پەڕلەمانەوە ناتوانن دونیایەکی باشتر بۆ خۆیان و کۆمەڵگا بەدەستبێنن، چونکە پەڕلەمان تەنها بۆ پارێزگاریکردنی سەمایەداران کاردەکات و یاساکانیشیان لەبەرژەوەندی ئەوانە. بەرای من پەڕلەمان یەکێکە لە ڕێگرە سەرەکیەکانی بەردەم ئاڵۆگۆڕی شۆڕشگێڕانە لەلایەن کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە، هەربۆیە بۆرجوازی برەو بە سیستەمی پەڕلەمانی دەدات. ئەگەر لە هەندێ وڵاتیشدا پەڕلەمان یاسای لەبەرژەوەندی چینی کرێکار دەرکردبێت ، ئەوە بەهۆی یەکگرتن و ڕێکخرابونی کرێکارانەوە بوە. هەرچەندە لە وڵاتانی ئەوروپا و بەشێکی زۆری وڵاتە سەرمایەدارە پێشکەوتوەکاندا پەرلەمان کەم تا زۆر توانیویەتی چاودێری کارەکانی حکومەت بکات و کەسانی یەکەمی حزبەکان لەناوپەڕلەماندا بەشداریان کردوە و توانیویانە پابەندبن بەو یاسایانەی کە خۆیان دەریدەکەن، هەوڵدەدەن کە حکومەت ئەو یاسایانە جێبەجێ بکات، هەرچەندە هیچکات لە ڕێگای پەڕلەمانەوە ئاڵوگوڕێکی ئەوتۆ ڕونادات کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بێت بەگشتی. بەڵام کریکاران دەتوانن نوینەرانی خۆیان بنێرنە پەڕلەمان بۆ بەرگری کردن لە خۆیان .
بەڵام ئەوەی لە کوردستان بەڕێوە دەچێت، هیچ پەیوەندی بەو سیستەمەوە نیە کە ناو نراوە پەڕلەمان. ئەوەی لەکوردستان هەیە پەڕلەمان نیە، بەڵکو دەزگایەکی کارتۆنیە و هیچ دەسەڵاتێکی نیە.
پارتی و یەکێتی پەرلەمانیان بۆ ئەوە دروست کردوە کە بە جیهان بڵێن ئێمە لە ڕێگای دەنگدانەوە و بە شێوەیەکی دیموکراتی دەسەڵاتمان گرتوە. چونکە خۆشیان باشدەزانن، ئەوەی دروستیان کردوە پەڕلەمان نیە، بەڵکو دیوەخانێکە و کۆمەڵێک موریدی حزبەکانی تێدایە و مۆر لە سیاسەتەکانی ئەوان دەدەن. چونکە ئەگەر سەرانی یەکێتی و پارتی پەڕلەمانیان بۆ گرنگ بوایە بێگومان بێجگە لەوەی کە کەسانی یەکەمی حزبەکان تیایدا بەشدار دەبوو، ئەوکاتە لەبەر کەسە نزیکەکانی خێزانی بەرزانی و تالەبانی بەر موریدە لاکەوتەکانی دەرجە سێیی حزبەکان نەدەکەوت.
پەڕلەمانتارەکانیش خۆشیان باش دەزانن کە پەڕلەمان هیچ دەسەڵات و گرنگیەکەی نیە لای حزبەکانیان، بۆیە ئەوانیش پەڕلەمان وەک چاخانەیەک سەیردەکەن، بێجگە لەوەی کاتی بەتاڵی خۆیانی تیابەسەردەبەن، پارەیەکی باشیشیان لێ دەست دەکەوێت. هەربۆیە بەشێوەیەکی یاسایی کەوتونەتە دزینی سەروەتی خەڵکی هەژاری کوردستان، ئەویش بەیاساییکردنی موچەیەکی خەیاڵی بۆ خۆیان، کە موچەکەیان 20 قاتو 30 قاتی مووچەی ئەو مامۆستایەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەوانی فێری نوسین و خوێندن کردوە. یاخود موچەکانیان 40 قاتو 50 قاتی کرێکارێکی ژینگەپارێزە کە ئەگەر ئەوان نەبن ژیان لە خەڵک هەراسان دەبێت.
پەڕلەمانتاران و دەسەڵاتدارانی حزبەکان باش دەزانن کە ئەم جیاوازی موچەیە بەو شێوەیە لەهیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا وجودی نیە. جا بۆیە ئەگەر پەرلەمانتارێک ئەوە بەهەقی خۆی بزانێت کە خۆی مانگانە بەیاسایی موچەیەکی خەیاڵی وەرگرێت و چەندەهای تریش بەدزی و چەپڵەلێدان بۆ دزە گەورەکان وەرگرێت، بیگومان نەک هیچکات لەبەرژەوەندی خەڵکی هەژاری کوردستان نایەتەدەنگ، بەڵکو ئەویش کەسێکە لە دزەگەورەکان و ئەگەر لەوان تاوانبارتر نەبێت وەک ئەوان تاوانبارە.
پەرلەمانتارانی کوردستان خۆیان ئەو یاسایانەی دەریدەکەن باوەڕیان پێی نیە و یەکەمین کەسانێکن کە یاساکە پێشێل دەکەن. بە گوێرەی یاسای هەموارکراوی ژمارە 15ی ساڵی 2008 ی پەرلەمانی کوردستان هیچ پیاوێک بۆی نیە زیاتر لە ژنێک بهێنێت مەگەر ئەوەی کە ژنی یەکەم نەخۆش یان نەزۆک بێت و پیاو توانای دارایی هەبێت و بەڵێنی دادپەروەری بدات لە نێوانیان و لە سەروی هەموشیەوە دەبێت ژنی یەکەمی ڕازی بێت، بۆیە ئەگەر ئەو هۆکارانەش هەبێت و ژنی یەکەم ڕازی نەبێت ئەوا هێشتا پیاو ناتوانێت ژنی دووەم بهێنێت. بەڵام سەرۆکی یەکێک لە حزبەکانی بەشداربوو لەپەڕلەمان و 7 ئەندام پەڕلەمانی خولی پێنجەم ژنی دووەم و سێهەم و چوارهەمیان هیناوە. خۆیان یاساکەی خۆیانیان پێشێلکردوە.
لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا حزبەکان بۆ ئەوەی بەربژێرە گوێ لەمستەکانی خۆیان بنێرنە پەرلەمان ، کۆمەڵێک بەڵێنی درۆ دەدەن بە خەڵکی کوردستان . هەربۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی کریکاراون و زەحمەتکێشانی فریوی درۆی حزبەکان و بەربژێرەکانیان نەبن.
چونکە ئەمانە ئەو کەسانەن کە خاوەنی هیچ بەڵینێکی خۆیان نین، هەمو دەبینین کابینە لەدوای کابینە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکارو هەژاری کوردستان لە خراپەوە بۆ خراپتر دەڕوات. بۆیە نابێت هیچ چاوەڕوانیەکیان لەپەڕلەمان هەبێت. لەڕێگای پەڕلەمانە هیچ ئاڵوگۆڕێک ناکرێت و کرێکاران و هەژاران لێی سودمەند نابن، تەنهاسودمەندی سەرەکی ئەو ئەندام پەڕلەمانە دەبن کە دەچنە پەڕلەمان و دەبن بە دەهۆڵکوتی حزبەکانیان. هەربۆیە بەشداری ئەم هەڵبژاردنە مەکەنو هەوڵبدەن بۆ ڕزگاری یەکجاری ئەویش بەهۆی یەکگرتن و کۆبونەوەمانە لەدەوری یەکتر و هەوڵدانە بۆ لەناوبردنی هەمو ئەو سیستەمەی کەئەمرۆ لە عێراق و کوردستان کاری پێدەکرێت. [1]
#مستەفا باهر#
#14-10-2024#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=