چۆن #کەرکووک# بکەینە شاری پێکەوەژیان؟
نووسینی: #شوان خورشید#
کەرکووک شارێکە جیاواز لە شارەکانی دەوروبەری و تەنانەت لە هیچ شارێکی تری وڵات ناچێت، جیاوازییەکەشی بوونی فرەنەتەوەیی و فرە ئایینییە و هەر یەک لە نەتەوەکان خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی کەرکووک ئەژمار دەکەن و بەهۆی درووستبوونی ئەو ناکۆکیانەی نێوان پێکهاتەکانەوە، ڕق و قینە و ناکۆکی و دووبەرەکی زۆر کەوتووەتە نێوان دانیشتووانەکەیەوە، کە لە دێرزەمانەوە لەژێر یەک بنمیچ و ڕووبەرێکی دیاری کراوی شارەکە، پێکەوە بە بەرژەوەندی هاوبەشەوە دەژین و هەر ڕووداوێکی ئەرێنی و نەرێنی ڕووی لە شارەکە کردبێت بەرۆکی سەرجەم پێکهاتەکانی گرتووەتەوە بەبێ جیاوازی، جا ئەو ڕووداوە سرووشتی بوبێت یان سیاسی و ئابووری و سەربازی.
سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک بە کورد و عەرەب و تورکمان و کریستیانەوە، بە سونە و شیعە و بەهائی و کاکەی و سائیبیەوە، ئەوەی کۆی کردوونەتەوە پێی دەڵێن کەرکووک، کەواتە بمانەوێت و نەمانەوێت دەبێت لەگەڵ ئەو ژینگە ئاڵۆزەی کەرکووک هەڵ بکەین و باشترین بژاردەی بەردەمیشمان بریتییە لە خۆگونجاندن لەگەڵ کەشی ململانێ و ئەو بەریەکەوتنانەی کە هەیە، بەڵام دەبێت لەو ڕاستییە بگەین کە کەرکووک چارەنووسی هەمووانە و هەمووان بەخۆشی و ناخۆشی لە ڕووبەرێکی ئاڵوزکاوی وەک کەرکووک کۆی کردوینەتەوە، بۆیە دەبێت تاک بە تاکی پێکهاتەکان بە بیروڕا ئایینەکانیانەوە ئەوە بزانن چارەنووسیان کەرکووکە و دەبێت هەمووان کار بۆ ئەوە بکەین وەک کەرکووکی یەکتر قبووڵ بکەین، پەرە بە پەیوەندی برایەتی بدەین لە شارەکەدا، بە جۆرێک هەموو ئەو هۆکارانە دەستنیشان بکەین کە دەبێتە هۆی ناکۆکییەکان و هەوڵ بدەین چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە، لەگەڵ سەرجەم ئەو چارەنووسە هاوبەشانەی نێوانیان و پەرەپێدانیان، بە مەبەستی زیاتر لێک نزیک بوونەوە و لێک گەیشتن، لەبەر ئەوەی کەرکووک لەڕوی ئەنتۆگرافیەوە نەک لە شارێک، بەڵکوو لە وڵاتێکی بچوک دەچێت دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت چارەنووسی هاوبەش، ژیانی هاوبەش، بەرژەوەندی هاوبەش پەرە پێ بدرێت، تا سەرجەم پێکهاتە و ئایینزاکانی شارەکە لەو ڕاستییە بگەن کە هەمووان کەرکووک چارەنووسیانە و بە ئاشتییانە و لێکگەیشتن ژیانێکی تەندرووست و دوور لە تەشەنوج فەراهەم بکەن نەک ئەوەی کە هەیە، چونکە گەر کەرکووکییەکان بیریان بەگەڕ نەخەن لە جیاتی برایەتی و پێکەوە ژیان دۆخێکی ئاڵۆزوو پڕ لە کێشمە کێش و تەنگ و چەڵەمە بۆ خۆمان درووست دەکەن، بە جۆرێک داهاتوی نەوەکانی داهاتوو ڕووبەڕووی مەترسی دەکەنەوە، بۆیە دەبێت تاک بە تاکی دانیشتووانی کەرکووک کار بۆ پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن بکەن، بە تایبەت ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانی شارەکە دەبێت پێشەنگ بن لەو پڕۆژەیەدا و لە هەوڵی ئەوەدا بن هەرچی دەکرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی پێکهاتەکانی کەرکووک دریغی نەکەن و ڕێگاچارەی پێویست دەستەبەر بکەن بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی کەرکووک لەو ڕاستییە بگەن کە چارەنووسی هەمووان پێکەوە گرێ دراوە و دوا بژاردەی سەرجەمیان، یەکتر قبووڵکردن و دەست خستنە نێو دەستی یەکە لە پێناو ژیانێکی ئارام و پێکەوە ژیانی سەرجەم خەڵکی کەرکووک بە جیاوازی نەتەوەیی و ئایینیشیانەوە.[1]