سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ھێزەکانی ئەڵمانیای لە ئێراق کرد و جەختیشی کردەوە کە ھێشتا #داعش# ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئێراق و ناوچەکە.
#نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: بەگەرمی پێشوازی لە بڕیاری حکوومەت و پەڕڵەمانی ئەڵمانیا دەکەم بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ھێزەکانیان لە ئێراقدا.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: داعش ھێشتا ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ئێراق و ئاساییشی و سەقامگیریی ناوچەکە، ھەروەھا ئامادەیی و ھاوکاریی ھاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمان لە شەڕی دژی داعش بەرز دەنرخێنم.
ئەمڕۆ پێنجشەممە #17-10-2024# پەڕڵەمانی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگی پەڕڵەمانتاران دەنگی لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی 15 مانگی دیکەی سوپای وڵاتەکەی لە ئێراق دا.
سوپای ئەڵمانیا کە ئێستا 500 سەربازیان لە ئێراقن، ئەرکی سەرەکییان لەچوارچێوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان، بریتییە لە مەشق و ڕاھێنان و ڕێگریکردن لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.
بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-10-2024ی پەڕڵەمانی ئەڵمانیا، سوپای ئەو وڵاتە تا #31-01-2026# لە ئێراق دەمێنێتەوە. [1]