دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، #17-10-2024#، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری #هەولێر#، #مەسرور بارزانی# سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان#، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
دوای ئەوەی دۆخی کارەبای لە چەند ماڵ و شوێنێکی بازرگانی لە گەڕەکی شادی بەسەرکردەوە، سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا ڕوونیکردەوە کە پێش سێ مانگ، وەک قۆناغێکی ئەزموونی بۆ ئەم پڕۆژەیە، (گەڕەکی شادی) هەڵبژێردرا، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند پڕۆژەکە سەرکەوتوو دەبێت. ئەمڕۆ 17-10-2024 سەردانی چەند ماڵ و خاوەنکارم کرد و زۆر ڕازی بوون لەوەی کارەبای نیشتمانی 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.
سەرۆکی حکومەت وتیشی جگە لە گەڕەکی شادی کە وەکوو یەکەم گەڕەکی هەولێر بۆ قۆناغی ئەزموونی پڕۆژەکە پێشنیار کرا، لە قۆناغی دووەم و جێبەجێکردنی سەرتاسەری پڕۆژەکەدا، لە بەیانییەوە (گەڕەکی نازناز) و پاشانیش (گەڕەکی بەختیاری) دەچنە سەر کارەبای 24 کاتژمێری.
هاوکات لەگەڵ شاری هەولێر، ئەم خزمەتگوزارییە بۆ هەموو ناوچە و شار و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت. ئێستاش چەند گەڕەکێک لە شاری #سلێمانی# و #دهۆک# دەستنیشان کراون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بۆیە داوا لە دەسەڵاتی خۆجێی کراوە کە هاوکار بن و ڕێکارەکان بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە لەوێ و پاشان پارێزگای دهۆک و سەرجەم کوردستان جێبەجێ بکرێت. [1]