پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە #15-10-2024#، بەڕێز #نێچیرڤان بارزانى#، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازیى لە بەڕێز د. محەمەد ئەلحەسسان، نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق و بەرپرسى نوێى تیمى نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق (یوونامى) کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لە بەڕێز ئەلحەسسان کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەروەها هەموو پشتگیرییەکى هەرێمى کوردستانى بۆ سەرخستنى ئەرکى یوونامى، دووپات کردەوە.
لاى خۆیەوە بەڕێزى، وێڕاى نیشاندانى خۆشحاڵى بە سەردانى بۆ هەرێمى کوردستان، سوپاسى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ هاوکارییان لەگەڵ تیمى نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە ئێراق.
هەردوولا هەڵبژاردنى پەڕڵەمانى کوردستان و پەیوەندییەکانى #هەولێر#-#بەغدا# و دۆخى پێکهاتەکان، بەتایبەتى ئێزدییەکانیان خستە بەر باس. لەمبارەیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سوپاسى هاوکاریى نەتەوە یەکگرتووەکانى بۆ کۆمیسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کرد.
دەربارەى کێشەکانى هەولێر-بەغداش، بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان دووپاتى کردەوە کە تاکە چارەسەر جێبەجێکردنى تەواوەتیى دەستوور و پاراستنى ئارامى و سەقامگیریى ئێراقە، هەروەها باشکردنى دۆخى ئێزدییان و گێڕانەوەى ئارامى بۆ ناوچەکانیان و گەڕانەوەى ئاوارەکانیان بۆ سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، بە پێویست و گرنگ لە قەڵەم دا.
چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو. [1]