#بافڵ تاڵەبانی#، سەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە دەباشان پێشوازی لە کەسایەتی دیاری بارزان و کوردستان بەڕێز شێخ ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی کرد.
لە دیدارێکدا کە د. هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوو، دواپەرەسەندنەکان لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان، ئێراق و ناوچەکە تاوتوێکرا و جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاری زیاتر لەنێوان هێزە شۆڕشگێڕەکان و دەربەستی کوردایەتی و کەسایەتییەکانی کرایەوە کە پەرۆشی بنیادنانی حکومڕانییەکی تەندرووستن.
لە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی وێڕای بە گەرمی بەخێرهێنانەوەی لە تەندرووستی پرسی و بەڕێزەوە لە ڕۆڵ و پێگەی بەڕێزیان و شێخانی بارزانی ڕووانی کە ڕۆڵیان لە خەبات و تێکۆشانی کوردایەتی و چاکەکاریدا دیار و بەرچاو بووە.
هاوکات شێخ ئەدهەم سوپاس و پێزانینی شێخانی بارزانی بە بافڵ تاڵەبانی گەیاند لە بەرانبەر وتارەکەی و نرخاندی بۆ پێگەی شێخی بارزان و شێخ ئەحمەدی بارزانی، وتی ئەوە جێگای ڕێز و تەقدیری هەموومان بوو و بە دڵ سوپاست دەکەین.
هەر لە دیدارەکەدا شێخ ئەدهەم پشتیووانی تەواوی بۆ سیاسەتەکانی بافڵ تاڵەبانی دەربڕی و ڕایگەیاند هەڵوێستەکانت لەسەر ئاستی کوردستان و ئێراق و بابەتە نەتەوەییەکان جێگای پێزانینمانە و وەک هەمیشە هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین. [1]