لەژێر چاودێری پارێزگاری نەینەوا و بەسەرپەرشتی یەکێتی ناوەندی شەتڕەنجی ئێراق و بە هاوکاری لقی نەینەوای ئەو یەکێتییە لە شاری نەینەوا یەکەمین پاڵەوانێتی ڕافیدەینی نێودەوڵەتی دەستی پێ کرد.
لەو پاڵەوانێتییەدا کە ماوەی 6 ڕۆژ دەخایەنێت 38 یاریزان لە هەردوو ئاستەکانی کوڕان و کچان بەشدارن و ڕکابەرییەکانیشی لەنێو هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی (نینوی-اندلوس) بەڕێوە دەچێت، سەبارەت بەو پاڵەوانێتییە #ئەسعەد ئیسماعیل# ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و سەرپەرشتیاری گشتی پاڵەوانێتییەکە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، لە ماوەی 6 ڕۆژدا ڕکابەرییەکانی ئەم پاڵەوانێتییە بەڕێوە دەبەین و یارییەکانی بە 9 جەولە بە کۆتا دێنین کە لە کۆتاییدا خاوەن پلەی یەکەم دەبێتە یاریزانی ژمارە پێنجی هەڵبژاردەی ئێراق بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتی شەتڕەنجی ئۆڵۆمپیادی جیهان کە یارییەکانی لە وڵاتی هەنگاریا و لە مانگی ئەیلولی 2024 بەڕێوە دەچێت.
ئەسعەد وتیشی حەوت یاریزانی بیرمەندی پێشمەرگە لەم پاڵەوانێتییەدا بەشدارن کە بریتین لە (#زۆزگ سەڵاح#، ئاکار عەلی، ئاریان عەلی، ئەحمەد جەزا، ڕەوەند حامید، شارۆ سەمیر و خاتوو کارین کەمال) و لە ڕکابەری سەرسەختدا دەبن بۆ گەیشتنیان بە ڕیزی هەڵبژاردەی ئێراق تا نوێنەرایەتی یانەکەیان و شاری #سلێمانی# و کوردستان بکەن لە ڕیزی هەڵبژاردەی ئێراقدا.[1]