ناونیشانی بابەت: لە سۆران پارێزگاریی لە سەدان پارچە شوێنەواری مێژوویی و کەلەپووری کراوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
لە مۆزەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پارێزگاریی لە سەدان پارچە شوێنەواری مێژوویی و کەلەپووریی پڕ بایەخ کراوە، کە گوزارشت لە شارستانییەت و مێژوویی کۆنی مرۆڤایەتی دەڤەرەکە دەکەن.
د. #عەبدلوەهاب سلێمان#، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری #سۆران#، بە (باسکورد) ڕاگەیاند: هەزاران ساڵ لەمەوبەر ژیانکردنی مرۆڤایەتیی لە ناوچەکەماندا هەبووە، بەڵگەش ئەوەیە، کە زیاتر لە هەزار شوێنی شوێنەواری لە سنوورەکەمان هەن، پێویستیان بە لێکۆڵینەوە و کاری کنە و پشکنین هەیە، هەروەک لە ساڵانی ڕابردوو تا ئێستاش، لە چەند شوێنێکی شوێنەواری بە هاوبەشی لەگەڵ شوێنەوارناسە بیانییەکان، کاری هەڵکۆڵینییان تیادا کراوە و ئەنجامی باشی هەبووە، بەتایبەت لەڕووی سەلماندنی مێژوو و شوێنەوار و کولتووری دەڤەرەکە.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، دەشڵێت: لە ئەنجامی کنە و پشکنینەکانماندا، تا ئێستا سەدان پارچە شوێنەواری مێژوویی پڕ بایەخ دۆزراونەتەوە و لە مۆزەخانە بچووکەکەی بەڕێوەبەرایەتیمان دانراون و پارێزگارییان لێ کراوە، کە بریتین لەو جۆرە پێداویستی و کەرستانەی، کە سەردەمانێک لەلایەن باب و باپیرانمان بۆ کاروباری ڕۆژانە بەکار هاتوون، بێ گومان هەڵگرتن و پاراستنی ئەمانە، پارێزگاریکردنە لە ناسنامە و مێژووی نەتەوەکەمان.
د. عەبدلوەهاب سلێمان، ئەوەش دەخاتە ڕوو: بە دامەزراندن و دروستکردنی مۆزەخانەیەکی هاوچەرخ و پێشکەوتوانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەتوانین ئەو پارچە شوێنەوار و کەلەپوورییانە بگوازینەوە و لە مۆزەخانەکە دایان بنێین، هەروەها بەردەوامیش لە کاتی کنە و پشکنینەکان هەر شتێک بدۆزرێتەوە، ببردرێتە مۆزەخانەکە، تا پارێزگاریی زیاتریان لێ بکرێت، بۆ مانەوە و لە لەناونەچوونیان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=