ناونیشانی بابەت: داوای دەرەنجام و لێکۆڵینەوە لە تابووتی گۆڕە شوێنەوارییەکەی باڵەکایەتی دەکرێت
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو کنە و پشکنین لە گۆڕێکی شوێنەواری و مێژوویی لە گوندی #ماوان# سەر بە ناحیەی #سمیلان# لە دەڤەری #باڵەکایەتی# ئەنجام درا، لە ئەنجامدا ئێسکەپەیکەرێک دۆزرایەوە، کە لەناو تابووتێکی گلێنەیی لەسەر شێوەی بەلەمێک دروست کرابوو، کە مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ سەرەتای هاتنی ئایینی مەسیحی.
لەمبارەیەوە، ڕۆشنا ئیبڕاهیم، لێکۆڵەر و مامۆستای مێژوو، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: بەهۆی کۆنی و مێژوویی شارستانیەتی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەندین شوێنی شوێنەواری و مێژوویی گرنگ لە دەڤەرەکە هەن و پێویستە بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمە شوێنەوارناسە جیهانییەکان لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەسەر بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە بەشی شوێنەواری لە زانکۆی سۆران بکرێتەوە، تا شان بە شانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران و تیمە شوێنەوارناسە جیهانییەکان، کاری زیاتر لەسەر کنە و پشکنین و ناساندن و دۆزینەوەی شوێنەوارەکان بکرێت.
گوتیشی: دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی خەڵکەکە بۆ گوندەکان، لە کاتی دروستکردنی خانووەکەی گۆڕێکی شوێنەواری لەلایەن باپیرم لە گوندی ماوان سەر بە ناحیەی سمیلان لە سنووری قەزای #چۆمان# دۆزرایەوە، باپیرم بەبێ دەستکاریکردن دایدەپۆشێت و پارێزگاریی لێ دەکات، دواتر تیمەکانی شوێنەواری لێ ئاگادار دەکاتەوە و ساڵی ڕابردوو تیمەکان دەستیان کرد بە کاری کنە و پشکنین لە شوێنەکە.
دەشڵێت: لەئەنجامدا دەرکەوت، کە گۆڕەکە بریتی بووە لە تابوتێکی گلێنەیی لەسەر شێوەی بەلەمێک دروست کراوە، وێنەی خاچێکی لەسەر بوو، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی شوێنەوارناسان، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هاتنی ئایینی مەسیحی بۆ ناوچەکە، کە مێژووەکەی بۆ 1800 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
ئاماژە بەوەش دەدات: لە چاوەڕوانیی ئەوەداین، جارێکی دیکە تیمەکانی شوێنەواری سۆران سەردانی ئەم شوێنە بکەنەوە، کە کۆڕەکەی تیادا دۆزرایەوە و دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی دۆزینەوەی ئەم گۆڕە شوێنەوارییە بخەنە ڕوو. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=