ناونیشانی بابەت: شوێنەواری گوندی بنپەرێزە لە دەڤەری برادۆست
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
لە شوێنەواری گوندی بنپەرێزە لە سنووری قەزای #سیدەکان#، نزیکەی 20 ئێسکەپەیکەری مرۆڤ، لەگەڵ چەندین گلێنەی ساغ و پارچە گلێنەی شکاو و کەلوپەلی جوانکاری، وەک بازن و ئەڵقەی کانزایی لە جۆری مس و پاشماوەی ملوانکە و مۆری لە بەرد دروستکراو دۆزراونەتەوە.
شوێنەوارناس د.زێدان ڕەشید خان ئاودەل برادۆستی، لە لاپەڕەکانی (170-171) پەرتووکی (دەڤەری برادۆست .. جوگرافیا، مێژوو، شوێنەوار و کەلەپوور)، نووسیویەتی: «شوێنەوارە دۆزراوەکەی گوندی بنپەرێزە دەکەوێتە دۆڵی زەرزێ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی قەزای سیدەکان، یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی دەڤەری #برادۆست#ە، شوێنەوارەکە لە ئەنجامی دروستکردنی ڕێگای دۆڵی زەرزێ لە ساڵی 2013 بەدەردەکەوێت، کە لەلایەن هاووڵاتیی هەمەوەند حەسۆ، لە کاتی کارکردنی وەک شۆفێری حەفارە دەدۆزرێتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆرانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە.
ئاماژەش بەوەش کراوە: دواتر شوێنەواری #سۆران# بە هاوکاریی تیمێکی زانکۆی بۆستن و زانکۆی پنسلڤانیای ئەمریکی دەست دەکەن بە کاری کنە و پشکنین لە شوێنەکەدا، لەئەنجامدا بۆیان دەردەکەوێت، کە ئەم شوێنە گۆڕێکی بەکۆمەڵی لە بەرد دروستکراو، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو سەردەمی جیاوازی پێش سەردەمی ئیسلام، ئەم دوو سەردەمە بەهۆی چینە خۆڵێک بە ئەستووریی (40-60) سم، جیادەکرێتەوە و بە شوێنەوارێکی گرنگ دادەنرێت.
ئاشکراش کراوە، ئەم گۆڕە وەک ژوورێکە، کە بە بەردی ناوچەکە بە قەبارەی جیاواز بنیات نراوە، بەرزیی پێوانەکەی نزیکەی 2 و مەتر و فراوانیشی 2 مەتر، بەڵام بەداخەوە بەهۆی چاککردنی ڕێگاکە و ڕووخانی بەشێکی زۆری، پێوانەی تەواو دیار نییە.
هەروەک لەم گۆڕە شوێنەوارییە نزیکەی 20 ئێسکەپەیکەری مرۆڤ دۆزراونەتەوە، لەگەڵ چەندین گلێنەی ساغ و پارچە گلێنەی شکاو و کەل و پەلی جوانکاری وەک بازن و ئەڵقەی کانزایی لە جۆری مس و پاشماوەی ملوانکە و مۆری لە بەرد دروستکراو، بەپێی تاقیکردنەوەی کاربۆن 14 لەسەر پارچە ئێسقانەکان بەدەر کەوتوون، کە مێژووەەکەی ناوەڕاستی هەزارەی یەکەمی پێش زایین (512)ە.
قەزای سیدەکان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە دووریی 144 کیلۆمەتر دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری #هەولێر#. کەوتووەتە ڕۆژئاوای شاری شنۆوە و لە ڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین شارۆچکەی سنووری پارێزگای هەولێرە، زۆربەی دەڤەرەکە شاخاوییە و دەشتایی کەمە، هەروەها لە ڕووی کەلەپووری و مێژووییەوە بەناوبانگە و سەدان ناوچەی شوێنەواری و کولتووری لە ناوچەکە تۆمار کراون.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!