بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگادار بوون و هەواڵ پرسین لە باری تەندرووستی خاتوو #لەیلا محەمەد ئەمین# ئەندامی لیژنەی یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز لە لیژنەی ئۆڵۆمپی ئێراق، کچانی تیمی کاراتێی یانەی پێشمەرگەی پاڵەوانی ئەو یارییە لەسەر ئاستی وڵات سەردانی دەکەن و چەپکە گوڵی پێشکەش دەکەن.
هەریەک لە یاریزانانی تیمی کچانی کاراتێی یانەی پێشمەرگە خاتوو (چراخان جەعفەر، سانا سەربەست، لانە کامەران، هەنی محەمەد و لەنێ محەمەد) سەردانی خاتوو لەیلا محەمەد ئەمین یان کردوو هیوای زوو چاک بوونەوەیان بۆ خواست کە لە ئێستادا 2024 باری تەندرووستی ناجێگیرە.
خاتوو چراخان جەعفەر یاریزانی تیمی کچانی کاراتێی یانەکە بە ناوی خۆی و دەستەی سەرپەرشتیار و ڕاهێنەران و تەواوی یاریزانانەوە هیوای خواست کە خاتوو لەیلا محەمەد ئەمین بە تەندرووستییەکی باشەوە بگەڕێتەوە سەر کار و چالاکییەکانی کە توانیویەتی پێگەیەکی بەهێزی لەنێو وەرزشی ئێراق دا هەبێت و خزمەتێکی بەرچاو بە ژێر خانی وەرزشی دەکات بە تایبەت وەرزشی خانمان و وەرزشکاران یان و وەک هەمیشە چاودێر بووە و هاوکاری کردوون لە تەواوی ئەو پاڵەوانێتی و خولانەی ئەنجام دراوە.
ئەو یاریزانەی تیمی کچانی کاراتێی یانەی پێشمەرگە ڕۆڵی خاتوو لەیلا محەمەدی بەرز نرخاند کە لە پاڵەوانێتی ئۆڵمپیادی عەرەبی دا هاوکارییەکی تەواوی تیمی کچانی کاراتێی یانەی پێشمەرگە بووە و خوازیار بوو کە بتوانن پێکەوە بەشداری لە چالاکی و پاڵەوانێتییە وەرزشییەکانی دەرەوەدا بکەن.
دواتر خاتوو لەیلا محەمەد ئەمین وێڕای بەخێرهێنا لە کچە پاڵەوانەکانی یانەی پێشمەرگە سوپاسی کردن کە سەردانیان کردووە و وتیشی من خۆم لە ساڵەکانی دەیەی ڕابردوودا ئەندامێکی یانەی پێشمەرگە بووم و خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە تیمە جیاوازەکانی کچانی یانەی پێشمەرگە بۆ هەمیشە لە لوتکەدا بیان بینین و ڕۆڵی یانەکەشی بەرز نرخاند کە هەمیشە پاڵپشتی وەرزشی کچان و ژنان یان کردووە.
لە کۆتایی ئەو سەردانەشیاندا کچانی کاراتێی یانەی پێشمەرگە چەپکە گوڵی ڕێزلێنانیان پێشکەش بە خاتوو لەیلا محەمەد ئەمین ی ئەندامی لیژنەی یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز لە لیژنەی ئۆڵۆمپی ئێراق کرد و بە چرکاندنی وێنەی یادگاری کۆتایی بەو میواندارییە هات.[1]