تیمی بێچووە شێرانی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# لەسەر یاریگەی ڕاپەڕینی تایبەت بە یانەکەیان دوا مەشقی ئامادەکاریان ئەنجام دا.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە #06-07-2024# و لە کەشێکی گەرمی هاوینەدا، تیمی بێچووە شێرانی یانەی پێشمەرگە مەشقی کۆییان لەسەر یاریگەکەیان ئەنجام دا، ئەوەش بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەیان لە بەرانبەر یانەی نەفت میسان کە بڕیارە ئەو یارییە لە کاتژمێر 5:00 ی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە #08-07-2024# و لەسەر یاریگەی تاجی شاری #بەغدا# بەڕێوە بچێت.
سەبارەت بە ئامادەکاریان بۆ ئەو یاریە گرنگە کە دوا یاری قۆناغی ئاڵتونی خولی بێچووە شێرانی یانەکانی ئێراقە (فەرمان محەمەد) سەرپەرشتیاری هونەری تیمی بێچووە شێرانی یانەی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، تیمەکەمان بە فەزڵی خوای گەورە نمایشێکی سەرنجڕاکێشی لە یەکەم وەرزی خولی بێچووە شێرانی یانەکانی ئێراق ئەنجام دا و توانیمان لە تەواوی یارییەکان ئەنجاممان کاریگەر بێت تا گەیشتینە یاری کۆتایی ئەو خولەی بۆ یەکەم جارە لە مێژووی وەرزشی ئێراق دا ئەنجام دەدرێت و تیمێکی شاری #سلێمانی# بە ناوی پێشمەرگەکانی کوردستان دەگاتە یاری کۆتایی خولەکە، هەروەک فەرمان ئاماژەی پێکرد کە ئامادەکاری تەواویان هەیە و بۆ ئەنجام دەچنە شاری بەغدای پایتەختی ئێراق تا جامی یەکەمی بگەڕێنەوە شاری سلێمانی و یانەکەیان، یانەی وەرزشی پێشمەرگە.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە تیمی بێچووە شێرانی یانەی پێشمەرگە لە یاری پێش کۆتاییدا توانی بە ئەنجامێکی گرنگ و بە 4 گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە یانەی نەفتی بەغدا بباتەوە و بگاتە یاری کۆتایی خولەکە.[1]