دوایی خزمەتێکی بەرچاو لە یانەکەیان، دواجار #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# و (عەمار حسێن) ی ڕاهێنەری تیمی پێشکەوتوانی تۆپی پێی یانەکە دەستبەرداری یەکدی بوون.
لەو بارەیەوە #وسام محەمەد بازگ# سەرپەرشتیاری گشتی تیمەکانی تۆپی پێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت ئەو هەواڵەی پشت ڕاست کردەوە و وتی، لە وەرزی 2024ی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی ئێراق یانەی پێشمەرگە متمانەی بەخشیە عەمار حسێن و بۆ ماوەی دوو قۆناغی چوون و هاتنی یارییەکان و قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینیش ناوبراو سەرکردایەتی تیمەکەمانی کرد، هەروەک ناوبراو ئاماژەی پێدا کە دوای گفتوگۆیەکی برایانە و دۆستانە بە ڕەزامەندی هەردوولا گرێبەستی ڕاهێنەر کۆتایی پێهات و وەک یانەی وەرزشی پێشمەرگە سوپاسی دەکەین کە لەو ماوەیەدا بێ وچان هەوڵی داوە تیمەکەمان بەرەو پێش بەڕێت.
بازگ وتیشی کە لەم وەرزەدا تیمی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە ئاستێکی بەرزی پیشان داوە لە یارییەکانی خولی نایابی یانەکانی ئێراقدا و ئەوەش دوایی پاڵپشتی و هەوڵەکانی جێگری سەرۆکی یانەکەمان و کارگێڕی کە بەردەوام و لە نزیکەوە هاوکار و پاڵپشتمان بوون و وە دووپاتیشی دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین و ناوی پێشمەرگە و ئاڵاکەی دەگەیەنینە خولی ئەستێرەکانی ئێراق لە داهاتوودا.[1]