=KTML_Bold=فەلسەفەی ریفراندۆم وەکو فاکتەرێکی گرینگ بۆ سەروەری کوردستان=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
هەرچەند سەروەری کوردستان مانای دەسەڵاتێکی باڵا و ڕەها و ئامرازێکی سەرەکیی پابەندکردن و بەڕێوەبردنی دەسەڵات و پەیوەندییەکانە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، دەبینین بیرۆکەی سەروەری بە چڕی گرێدراوە بە فەیلەسوفی سیاسی و بیرمەندی فەرەنسی جان بۆدان (1530-1596).
بۆدان، کە خاوەندی شەش کتێب لە بارەی کۆمارییەوە ڕاوێژکاری شا هێنری چوارەم (Henri IV) و هاندەری فەرمانڕەواییەتی ئەو پاشایە بووە.
لە ڕێگەی بڵاوکراوەکانی فەلسەفەی خۆی سەبارەت بە جیهانێکی نەخۆش و شڵەژاو خستۆتە ڕوو، جیهانێ کە ئارەزووی ڕێکخستنەوە و ئاشتی دەکرد.
لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان سەروەری نیشتمانی بە واتای مافی ڕەها بەسەر خاک و سەروەت و سەرچاوە و سامانە سروشتییەکان دێت، هەروەها باوەڕهەبوونێکی پڕ متمانە و ڕێژەیی بەوەی، کە گەلی ئازاد سەرچاوەی دەسەڵاتە، گرینگی خۆی هەیە، دوور لە ئایدیۆلۆژیای توند، بۆ دەربڕینی ماف و ڕێکخستن و هەڵبژاردنی نوێنەران بۆ حوکمڕانییەکی باش.
جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بڕیاری داوە لەسەر پرنسیپی یەکسانی لە سەروەری. لە چاڕنامەکە هاتووە، هەموو دەوڵەتێ لە ڕووی ماف و پابەندبوون بە ئەرکەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی تری ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان یەکسانە، بێ ڕەچاوکردنی ئەسڵ و پانتایی و شێوازی حکومەتەکەی.
ئەگەر چی پێنج دەوڵەتی زلهێز ئەو مافەیان بە خۆیان داوە، دەسەڵاتێکی لە ڕادەبەدەر و مافی ڤیتۆیان هەبێ، بەوەش پرنسیپی یەکسانی پێشێل دەکرێ، بەڵام ئەوەی ئێستا باوە، ئەوەیە، کە سەروەری بێجگە لە چەمکی سەروەری دەوڵەت، مانایەکی تری نییە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەستوری عیراقی ساڵی 2005، دەبینین ئەو دەستورە ڕێگەی بە هەرێمی کوردستان داوە، مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکات.
هەروەها ئەو دەستورە دان بە حکومەت و پەرلەمانی هەرێم و سەرجەم دامەزراوە فەرمییەکانی تری هەرێم دەنێ.
بەو شێوەیەش دەستوری عیراقی ساڵی 2005 دان بە هێزی پێشمەرگە دەنێ، وەکو هێزێکی یاسایی بۆ پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و ناوی بە (پاسەوانی هەرێم) هاتووە.
بەڵام سەربەخۆیی مانای هاتنە دی ئەو خەونە مێژووییەی گەلی کوردستانە، کە هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە گیانیان فیدای دەستەبەرکردنی کرد.
گەلی کوردستان بە درێژایی مێژوو لە پێناو سەربەخۆیی خەباتی کردووە و تێکۆشیوە و دووچاری ستەم و چەوسانەوە و دیکتاتۆریەت و جینۆساید بووە.
ئەم گەلە لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25-9-2017 مەبەستی بوو ببێ بە ئەکتەرێکی کارا لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و پشکدار بێت لە دەوڵەمەندکردنی شارستانیەتی مرۆیی.
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان خاوەند بڕێکی زۆر لە سامانی سرۆشتییە، ئەگەر بەراوورد بکرێ بە ژمارەی دانیشتوانی، کە نزیکەی 6 ملیۆنە، ئەوا دەکرێ بڵێین، هەرێم خاوەند یەدەگێکی زۆری نەوتە، کە بە 45 ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێ.
هەروەها یەدەگی گازی سروشتی نزیکەی 5،7 ترلیۆن مەتر سێ جایە، کە دەکاتە 3٪ی یەدەگی جیهانی گازی سروشتی.
بێجگە لەوەی، هەرێم خاوەندی زەوی کشتوکاڵییە بەپیتە و چەندین بەنداوی هەیە بۆ گلدانەوەی ئاو، کە دەتوانی زیاتر لە 10 هەزار ملیار مەتر سێ جا ئاو گلبداتەوە.
ڕاستە ئەمڕۆ وڵاتانی هەرێمیی دراوسێ و حکومەتی بەغدا ڕێگرن لە سەربەخۆیی کوردستان و بەردەوامن لەوەی، هەرێم ڕووبەڕووی کێشەی گروپە تیرۆریستییەکان و قەیرانی دارایی بێتەوە و چارەنووسی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم چارەسەر نەکرێن و سنوورەکانی دیاری نەکرێن، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە، کەوا هۆکاری نەگەیشتن بە چارەنووس تەنها دەرەکی نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بیرکردنەوانەی، کە لەناو عەقڵ و پێکهاتەی کەلتوری و لۆژیکی بیرکرنەوەی ئەو لایەنانەیە، کە باوەڕیان بە کوردستانێکی سەربەخۆ و گەلێکی ئازاد نییە.
ئەوانە کار دەکەن، تا هەرێمی کوردستان بە پاشکۆیەتی بمێنێتەوە و گوێڕایەڵی بڕیارەکانی ناوەند و دادگا فیدڕاڵییە بە سیاسیکراوەکەی عیراق بێت.
ئەو دادگایەی، کە بەڕاشەکاوی لە ژێر هەژموونی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئەجیندای دەرەکی بڕیار دەردەکات، تا هەرێم دەستبەرداری ئەو پێشکەوتنەی بێت، کە لە ڕووی فەرهەنگی و دیبلۆماسی و ئابووری و ژێرخانەوە بەخۆیەوە بینیویە.
هەرێم مەبەستی نییە بەرەو دواوە هەنگا بنێت، ئەو گرەو لەسەر ئەوە دەکات، کە وزەی خۆی بگۆڕێ بۆ هێزێکی کۆمەڵگەیی کارا، تا بتوانێ لەو ڕێگەیەوە دەرگا بۆ بونیادنانی دەوڵەت بکاتەوە و دەرفەت و فەراهەم بکات و خۆی لە خەونی عیراقی یەکگرتوو و کارەساتی ئاینی و تایفەگەری ڕزگار بکات و کراوە بێت بەرامبەر بە جیهانی پێشکەوتوو و دیموکراسی، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە ئاسایش و سەقامگیری بپارێزرێ و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ هاوڵاتیانی کوردستان دەستەبەر بکرێت، تیایداهەموو ئێتن و چین و توێژ و کەلتوورە جیاوازەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە پێکەوە بژین.
دەوڵەتی سەربەخۆ و ئازاد، کە باوەڕی بە پرنسیپەکانی دیموکراسی هەبێت، دەتوانێ ئاسانکاری بکات بۆ بڵاوبوونەوەی هۆشیاری کۆمەڵگەیی و سیاسی لە نێوان تاکەکانی گەلی کوردستان. هەروەها دەتوانێ ڕێگر بێت لەوەی، دەمارگیری مەزهەبی و تایفەگەری زاڵ بێت بەسەر فەرهەنگی هاوڵاتیبوون.
بەو شێوەیە ڕێگری دەکرێ لەوەی هاوڵاتیبوون گرێبدرێ بە تاک و حزب، یان بەو هێزانەی، کە کار بۆ بەرژەوەندی تەسکی خۆیان دەکەن.
بەهێزکردنی چەمکی هاوڵاتیبوون و پتەوکردنی متمانەی هاوڵاتی بە هێزە کاراکان هاوسەنگی درووست دەکات و دەبێتە هۆی دەرکردنی یاسای داپەروەرانە، کە بەرژەوەندی گشتی و هاوبەشی نیوان دەوڵەت و تاک لەخۆ دەگرێ.
ئەمەش پرۆسەی ئامادەبوونی دەروونی و کارابوونی هزری هاوڵاتی ئاسانتر دەکات بۆ خۆگرێدان بە نیشتمان، چ لە ڕووی مێژوو و خاکەوە بێت، یان لە ڕووی گەل و بەهاکانەوە بێت.
ئێمە ئەوەش دەزانین، ئەو دەوڵەتە زلهێزانەی هەژموونیان بەسەر ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و ئەو دەوڵەتانەی لەسەر ئاستی هەرێمی بەهێزن و وەکو دراوسێ قۆرخکاری بەرامبەر بە مافی پێکهاتەکانی ناو سنووری جوگرافیای سیاسییان ئەنجام دەدەن، بەرژەوەندییان لە جێ بەجێ نەبوونی ئەنجامی ریفرانۆمە.
بەڵام ئەوەی جێی داخە، ئەمڕۆ لەناوخۆ ی هەرێم دەنگێکی نەشاز پەیدا بووە، رێفراندۆم بە هەنگاوێکی نەزۆک ناوزەد دەکات و مەبەستی نییە ئەو زوڵمە مێژووییەی، کە دژ بە گەلی کوردستان ئەنجام دراوە، کە تا ئێستا سەروەر و سەربەخۆ نییە، کۆتایی پێ بێت.
بە زۆر درووستکردنی عیراقی یەکگرتوو لەسەر حیسابی گەلی کوردستان و برسی کردنی ئەم گەلە خەباتگێڕە ئەنجامی نابێت، چونکە ناسنامەی کوردستانی بەرهەمی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگ و مێژووی بەرخۆدانە، کە لەسەر دەستی بارزانی نەمر بە زیندووی ڕاگیرا و گەلی کوردستان لە کۆمەڵگەکانی تر جیا دەکاتەوە.
ئەو کەسەی خاوەندی ناسنامە و هزری خۆی نەبێت، بۆ ئەوەی خۆی و واقیعی خۆی درووست بکات، بە دڵنیاییەوە بە پەککەوتووی دەمێنێتەوە و کارابوون و دەسەڵاتی لە دەست دەدات و دەرفەت بۆ کەسانی تر دەڕەخسێنێ، تا کۆنتۆرڵی بکەن و لەبری ئەو بڕیار لەسەر چارەنووسی بدەن.
گەلی کوردستان مەبەستییە لەگەڵ عیراق و دەوڵەتانی دراوسێ و جیهانی ئازاد پەیوەندی هاوبەش و بەرپرسیارێتی دوولایەنە بونیاد بنێ و ڕێگە نادات، لایەنی تر بە هزری ناوەندێتی و باڵادەستی فەرمانڕەوایی بکەن و چارەنووسی دیاری بکەن.
دیالکتیکی مێژوو پێمان دەڵێ، لە کۆتاییدا سەروەری دەبێتە چارەنووسی نەتەوەکان و ئەو گەلانەی هەوڵ بۆ چەسپاندنی مافە دیموکراسییەکان دەدەن، دەتوانن پاش بڕیاردان لەسەر چارەنووسیان ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری درووست بکەن.
ئەو کەسەی لەو باوەڕەدا نەبێت، گەلێکی ئاشتیخوازی وەکو کورد، کە دەستی برایەتی و دۆستی بۆ گەلانی ناوچەکە درێژ دەکات، پاش سەربەخۆبوونیشی کۆتایی بە گرفتە مێژووییەکان ناهێنێ، ئەوا زۆر بە هەڵەدا چووە.
لە کۆتاییدا، کەس ناتوانێ ئەزموونی کوردستان بڕوخێنێ و ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێنێ و هەرێم بەرەو بنبەست بەرێ.
لە جیهانی ئەمڕۆدا گەلان دژ بە ناوەندێتی و ستەمکاری ڕادەوەستن. گەلی شکۆمەندی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات، دووبارە بکەوێتە ژێر دەستی ستەمکارانی بیانی، بۆیە دەڵێین ساڵیادی ریفراندۆم پیرۆزبێت و سەربەخۆیی کوردستان باش. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=