=KTML_Bold=یەکبوونی کورد ستراتیژی سەرکەوتنی کوردستانە=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
نزیکەی دەیەیەکە هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی دەستوری دانپێنراو لە چوارچێوەی عیراقی فیدڕاڵ بە هۆکاری سیاسەتی هەڵە و دژە فیدرالیزمی حکومەتی فیدڕاڵ، دوور لە بنەماکانی دەستور، ڕوبەڕووی ئالنگاری و قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئاسایشی جیاجیا بووە، کە لە هەندێ بارودۆخدا بەگشتی بۆتە مایەی هەڕەشە لەسەر سەقامگیری و یەکگرتنی هەرێم.
بۆیە زۆر گرینگە لە سایەی گۆڕانکارییەکانی هەرێمی و ئەو هەل و مەرجەی ئەمڕۆ ناوچەکە بە خۆیەوە دەیبینێ، هەردوو حزبی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان (#پارتی دیموکراتی کوردستان# و یەکێتی نێستمانی کوردستان) بەدوای فۆرمێکی نوێی پێکەوەکارکردن و هاوکاری بگەڕێن و ناکۆکییە قووڵەکانی نێوانیان تێپەڕێنن، تا بتوان لە ئاستی ئەو گۆڕانکاریانە بن و ڕێژەی هەماهەنگی نێوانیان بەرزبکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزییەکان و سوود لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان وەربگرن و ئامادەکاری بکەن بۆ وێستگە سیاسییە گرینگەکان، لەوانە هەردوو هەڵبژاردنەکان لە عیراق، بۆ نوێنەرانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و لە هەرێم بۆ دەستنیشانکردنی نوێنەرانی پەرلەمان، کە هەر دەبێ لە کات و ساتی دیاریکراوی خۆی لە سەرتای ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێ.
کۆبوونەوەی سێ شەممە، 7ی تشرینی دووەمی 2023 ی هەردوو حزبی سەرەکی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسییان لە پیرمام ئاماژەیە بۆ گواستنەوە لە قۆناغی ئاشتەوایی بۆ قۆناغی هەماهەنگی و یەکخستنەوەی سیاسەتەکان بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەی ئەو ئالنگاریو نائاساییانەی، کە بەڕاستی ئاراستەیەکی مەترسیداران گرتبووە بەر بەرامبەر بە یەکپارچەیی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.
یەکبوونی کورد ستراتیژی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم، لە ڕێگەی بەهێزکردنی خاڵە هاوبەشەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکان بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کوردستان گرینگی خۆی هەیە.
سەرجەم ئەو دەسکەوتنانەی تر، کە هەردوو حزبی سەرەکی مەبەستیانە لە ڕێگەی هەڵبژاردن بەدەستی بهێنن و بابەتەکانی تری وەکو کێشەی دارایی نێوان #هەولێر# و بەغدا، یان کێشەکانی پەروەردە و نەوت و پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، کەرەستەی لاوەکی حکومڕانین، دەکرێ لەسەر ئاستی ناوخۆ بە دیالۆگی ئەرێنی چارەسەر بکرێن.
دروستکردنی سەنتێز له ناوماڵی کورد و بەردەوامبوونی هەردوو حزب لەسەر کۆبوونەوە و دیداری فروانتر دەتوانێ دیدگای ستراتیژی بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە هەرێمییەکان لەسەر قەوارەی هەرێم بەهێزتر بکات.
ڕاستە کایەی سیاسیی ئێمه ئەمڕۆ له رابردوو فرەچەشنتر و ئاڵۆزتره، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵ کاتێ فشارەکانی بۆ سەر هەرێم زیاتر کردووە، کە بینیویەتی پەرتەوازەیی لەناو ماڵی کورد بوونی هەیە. ئێمە پێمان وایە ناکۆکییە فیزیکییەکان دەتوانن دابەشبوونی زیاتری کۆمەڵگەی کوردی و بەکارنەهێنانی پۆتانسیالە نەتەوەییەکانی لێ دەکەوێتەوە، کە زۆر پێویستن بۆ قۆناغەکانی نیشتمانسازیمان.
بە پێچەوانەوە تەبایی و هەماهەنگی زیاتری نێوان حزبە سیاسییەکان لە کوردستان دەتوانێ دینامیزمی گەورەی سیاسی بخوڵقێنێ، تا عەقڵیەتی یەکتر سڕینەوە کاڵبێتەوە و مامەڵەکردنی درووست بگیرێتە بەر بۆ زیاتر لە یەکتر نزیکبوونەوە و درووستکردنی هاوبەشی ڕاستەقینە.
ئامانج لە کۆبوونەوە دیدراەکان پێویستە بۆ لێک نزیککردنەوەی ڕوانگەکان و دروستکردنی سەنتێز لەسەر ئامانجەکان و شێوازی خەبات بێ بۆ گەیشتن بەو ئه و ئامانجانەی، کە یارمەتیمان دەدات لە هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کار و چاوەدێر و درووستبوونی دەستەبژێرێکی سیاسیی وڵامدەری ئەم قۆناغە هەستیارە.
گوتاری سیاسی کورد لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵ و بۆ دەرەوە پێویستە دووربێ لە دابەشکاری و پاشکۆیەتی، ئەو گوتارە پێویستە هەمەلاینگیر بێ و ڕەنگدانەوەی هەموو هەستیارییە فەرهەنگی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان بێ و لە خزمەت ئاراستەیەکی هاوبەشی نەتەوەیی بێت.
پێویستە فەلسەفەی کارکردنی حزبە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو قوربانیدانە بۆ کوردبوون و سەربەخۆیی کوردستان، دۆگماتیزم و دەماگیری تێپەڕێنێ و میتۆدەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی هەمیشە بە پێوەر و بنەمای کاری ئایندەییان دابنێن و باوەڕی تەواویان بە یەک مەرجەعی سیاسی هەبێت و لە ژێر ڕکێفی ئەو مەرجەعە سەربەخۆ و پشتبەستووە بە جەماوەری کوردستان سیاسەتەکانی خۆیان بۆ دەرەوە داڕێژن.
ڕێکەوتن لەسەر چوارچێوە و میکانیزمی یەکگرتن هەنگاوەکان ریکتر و هەماهەنگییەکان تۆکمەتر دەکات، دوور لە گرژی ناوخۆیی و لەکیسچوونی دەرفەتەکان.
ئێمە لەسەر لێواری جیهانێکی نوێین، تێیدا هەموو دامەزراوە مرۆییەکان لە ڕووی فەلسەفە و دامەزراوەوە دووبارە پێناسە دەکرێنەوە. یەکبوون و بە بەرزڕاگرتنی بەها مرۆییەکان و بە پشتبەستن بە لۆژیکێکی دوور لە سۆز، دەکرێ کار بۆ سەروەری نیشتمانی بکرێت، بە تایبەتی لە دیاریکردنی سیاسەتەکانی ناوخۆ و دەرەوە، بێ ئەوەی دەستێوەردانێکی دەرەکی بوونی هەبێ.
دواجار نیشتمان بنەمای ژیانێکی سەقامگیر و پارێزراوە و لە ژێر هەموو بارودۆخێکدا شکۆی ڕۆڵەکانی دەپارێزێت، بۆیە پێویستە یەک بگرین و ببین بە پەنا و پاڵپشتی ڕاستەقینەی سەرکردەمان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=