هێمن عەساف
#دەوڵەت باخچەلی#، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ڕاگەیێندراوێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی تەقینەوەکەی ئەنقەرە بڵاوکردەوە.
دوای هێرشەکەی سەر کۆمپانیای توساش لە ئەنقەرە، لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ڕایگەیاند ئەو هێرشە دڕندانەیە بە نەفرەت دەکەم کە کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگریی ئاسمانی (توساش) لە ناوچەی کاهرامانکازانی ئەنقەرە. داوای ڕەحمەتی خوا بۆ شەهیدانمان و شیفای بەپەلە بۆ برایانی بریندارمان دەکەم. سەرەخۆشی لە گەلی ئازیزمان دەکەم.
باخچەلی هەروەها ڕایگەیاندووە هیچ پلانێکی ناپاکانە و دوژمنانە سەرناگرێت. هیچ پڕۆژەیەک لە دژی برایەتی و یەکێتیی نیشتمانیمان سەرناگرێت. ئەوانەی بکوژانی بەکرێگیراو دەنێرنە گۆڕەپانەکان و وەکوو داردەستی نێو تاریکایی بەکاریان دەهێنن، ناگەنە هیچ ئەنجامێک. بەرەنگاربوونەوەی ئێمە بەردەوام دەبێت.
کاژێر 15:16 خولەکی ئەمڕۆ چوارشەممە #23-10-2024# هێرشێکی چەکداری کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگریی ئاسمانی (توساش) و بەگوێرەی وتەی عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی تورکیا، 4 کەس لە هێرشەکەدا کوژران و 14 کەسی دیکەش برینداربوون کە تەندرووستیی 3 لە بریندارەکان ناجێگیرە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە هێزی تایبەتیی جەندرمە و ئاساییش ناوچەکەیان گەمارۆدا و زوو هەردوو هێرشکارەکەیان کوشت؛ ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە هێرشکارەکان پیاو و ئەوی دیکەشیان ژن بووە. [1]