کۆسار عوسمان
ڕۆژی 01-10-2024 تەوقەکردنی #دەوڵەت باخچەلی#، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی، ڕۆژەڤی پڕۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایەوە بەرباس.
ڕۆژی سێشەممە 22-10-2024 باخچەلی لە گوتاری فراکسیۆنی مەهەپە لە پەڕڵەمان هەنگاوێک زیاتر بەو ئاڕاستەیە ڕۆیشت و داوای لێ کرد کە ئەگەر گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان هەڵگیرا بچێتە پەڕڵەمان و کۆتاییهێنان بە 'تیرۆر' ڕابگەیێنێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ڕایگەیاند، ئەگەر گۆشەگیری لەسەر ڕێبەری تیرۆریست هەڵگیرا، با بێت بۆ پەڕڵەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت، تیرۆر بەتەواوی کۆتاییهاتووە و ڕێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە.
کەمێک دوای ئەو گوتەیە، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی بابەتەکە قسەی کرد. تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، دەبێت گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجەلان هەڵبگیرێت. با گۆشەگیری هەڵبگیرێت، با بەڕێز ئۆجەلان بێتە دەرەوە، قسە بکات و هەموومان پێکەوە بزانین باسی چی دەکات. پێویستە هەنگاوی دەستبەجێ بۆ ئەم مەبەستە بنرێت.
سەرۆککۆماری تورکیاش لە کۆبوونەوەیەکی پارتەکەیدا پشتگیریی خۆی بۆ هەڵوێستەکەی باخچەلی نیشاندا.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، دەمانەوێت هەمووان بزانن کە لە داهاتووی تورکیادا شوێنێک بۆ تیرۆر و تاریکیی تیرۆر نییە. هیوادارم ئەو پەنجەرەیەی کە دەرفەتێکی مێژووییە و لەلایەن (هاوپەیمانیی جمهوور)ەوە کراوەتەوە، نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تاکەکەسی. دەمانەوێت دامەزراوە سیاسییەکان، پەڕڵەمان، کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕاگەیاندن، ئەکادیمییەکان و تەواوی خەڵک بە یەکەوە تورکیایەکی دوور لە تیرۆر و تووندوتیژی دابمەزرێنین.
سەرۆکی جەهەپەش لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە گرتووخانەی ئەدیرنە کۆبووەوە و دواتر باسی لە هەوڵەکانی چارەسەری پرسی کورد کرد.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە ڕایگەیاند، ئەگەر کەسانێک ئەم جۆرە بانگەوازانە بکەن کە هەرگیز چاوەڕێمان نەدەکرد، ئەمە شتێک نییە ڕەتی بکەینەوە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت هەنگاوی درووستە لە بەرژەوەندیی تورکیا. جەهەپە لەم بابەتەدا نابێتە ئاستەنگ.
یەکێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان بە ڕووداوی گوت، 44 مانگە هەواڵیان لەبارەی ئۆجەلانەوە نییە.
ئیبراهیم بیلمەز، پارێزەری ئۆجەلان ئەوەی بە ڕووداو گوت، ئەگەر هەنگاوی پێویست بنرێت، بەڕێز ئۆجەلان و زیندانییانی هاوشێوە ئازاد دەکرێن.
یەکەمجارە لایەنە سەرەکییەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیادا لە بابەتی پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورددا هاوڕان؛ بەڵام هیچ وردەکارییەک بە فەرمی ڕانەگەیێندراوە.[1]