ناو: سادق
ناوی باوک: عوسمان شێخ عارف سازانی
ساڵی لەدایکبوون: 1951
شوێنی لەدایکبوون: #هەڵەبجە#
$ژیاننامە$
سادق شێخ عوسمان شێخ عارف سازانی، لە بەهاری ساڵی (1951) لە گوندی سازانی هەڵەبجە لەدایکبووە، هەر لە سازان چووەتە بەر خوێندن. لە پۆلی پێنجەمی سەرەتاییدا بۆ درێژەدان بەخوێندن چووەتە هەڵەبجە و ناوەندییشی هەر لەوێ تەواوکردووە.
ساڵی خوێندنی (1967-1968) چووەتە #سلێمانی# و خانەی مامۆستایانی لە ساڵی (1970) دا تەواوکردووە. سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی بێ مانەوە و بەپلەی بەرز بڕیوە.
پاشان چووەتە خزمەتی سەربازی و دواتر لە ساڵی (1973) بە مامۆستای سەرەتایی لە گوندی مۆردین دامەزراوە. دواتر لە گوندەکانی دەرەقەیسەری هەورامان، تریفەی نزیک هەڵەبجە، خزمەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا کردووە.
دوای ڕاگواستنی گوندەکان بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێکان لە ساڵی (1978) دا درێژەی بەپیشەی مامۆستایی داوە لە کۆمەڵگەی سیروان لە هەڵەبجە.
ساڵانی (1981 تا 1987) لە (ناوەندیی شارەزور، ناوەندی نێرگس، دواناوەندیی ئەحمەد موختار) لە هەڵەبجە وانەکانی زمانی عەرەبی و پەروەردەی ئیسلامیی وتۆتەوە. هەر لەو دەمەداو تا کیمیابارانی هەڵەبجە دوو ساڵیش لە قوتابخانەی شارای کۆمەڵگەی عەنەب مامۆستایی کردووە.
دوای گەڕانەوە لە ئاوارەیی دوای کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئێرانەوە لە سلێمانی نیشتەجێیە و لە قوتابخانەکانی (هەرەوەز، پێشکەوتن) بەردەوام بووە لە خزمەت وەک مامۆستا.
ساڵی (1998) بووە بە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی پاش (41) ساڵ لە خزمەت کردن لە بواری پەروەردە و تەواوکردنی ماوەی یاسایی ساڵی (2014) خانەنشین دەکرێت.
کەسایەتییەکی دیاری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی بووە لە ساڵانی خزمەتیدا و لە ناوەندەکانی خوێندندا جێدەستی دیاربووە. هاوڕێیانی و خەڵکی ناوچەکە-لەنێویشیاندا مامۆستایان و گوندنشینەکانی ناوچەی قەرەداغ کە پتر لە (10) ساڵ لەو سنوورەدا سەرپەرشتیار بووە، ئەو گەواهیە دەدەن.
=KTML_Bold=چالاکی و بەشدارییەکانی:=KTML_End=
نێوان ساڵانی (2009-2013) بە فەرمانی (#وەزارەتی پەروەردە#)ی هەرێم ئەندامی لیژنەی وەزاری بووە بە مەبەستی دانانی پرۆگرامی خوێندنی بنەڕەتی و نوێکردنەوەی و پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکاندا بەتایبەتیی بۆ وانەکانی (زانستەکان، زمانی عەرەبی و پەروەردەی ئیسلامی).
ساڵانی (2000-2002) لەگەڵ ڕێکخراوی (Ask) لە بواری وەرگێڕان و پێداچوونەوە بە پەرتووکدا کاری کردووە، هاوکات لە ناوەندی بەدلیسی ڕۆشنبیریشدا لە بوارە ناوبراوەکان و ڕاوێژکاریدا ماوەیەک خزمەتی بە ڕۆشنبیریی کوردی کردووە.
هەروەها ئەندامی دامەزرێنەری ڕێکخراوی (دۆستانی هەڵەبجە)ی فەرهەنگی و کولتووری بووە لە ساڵی (2018) دا.
لە ساڵی (2015) وە لە ڕێکخراوی یەکێتی خانەنشینانی کوردستاندا وەک ئەندامی دەستەی باڵا و وتەبێژی ڕێکخراوەکە چالاکی بەرچاوی بە بەردەوامی هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا وەک بەرگریکار و نوێنەری خانەنشینانی هەرێم دەیان بەرهەمی نووسین و دیدار و لێدوانی ڕادیۆیی ئەنجامداوە، هاوکات بەشداربووە لەپتر لە (100) بەرنامەی (تیڤی) دا لە پێناو هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم بە ئێراقی فیدراڵ. هەر بەو مەبەستەش ساڵی (2022) سکاڵایان لە دادگای باڵای فیدراڵی ئێراقدا تۆمارکردووە و ناوبراو لە بەردەم سەرۆکی دادگادا وەک بەرگریکار و نوێنەری خانەنشینان ڕۆڵی کارا و پڕ بەرهەمی گێڕاوە و لە ئاکامدا دادگا مافەکەیانی سەلماند.
=KTML_Bold=نووسین و بەرهەمەکانی:=KTML_End=
دەیان پەرەگراف و بابەتی پەروەردەیی و ڕۆشنبیریی بڵاوکردووەتەوە لە ڕابردودا بەتایبەت لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، #هەولێر#، گۆڤاری بڕیار، ڕێنوار، پەروەردە…..
هەروەها نامیلکەیەکی هۆنراوەی بەناوی (هەستانەوە) لە یەکەم ساڵڕۆژی دوای کیمیابارانی هەڵەبجە ئامادەکردووە و پاشان دوای ڕاپەڕین چاپیکردووە، پەرتووکی (لەئامێزی سازان دا) ی ئامادەکردووە و ساڵی (2015) بەچاپی گەیاندوە کە لە وەسفی ژینداریی جارانی گوندەکە و بەشێکیشی بۆ مێژووی ژیانی باپیرەی پیاوچاکیان (شێخ موئمینی سازان)ە.
چەندین تێکستی هۆنراوە و پەخشان و بابەتی تری بە دەستنووس ئامادەیە بۆ چاپکردن لە ئاییندەدا.
مامۆستا چەندین پەرتووکی فەرهەنگی و ئایینی و مێژوییشی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی لەسەر ڕاسپاردەی مەڵبەندی زەهاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فیکری؛ لەوانەش: (هکذا ظهر جیل صلاح الدین وهکذا عادت القدس، الزرادشتیة تأریخها وعقائدها، (60) عاماً بین الشرق والغرب).
پێشتریش وەرگێڕان، یان پێداچوونەوەی کردووە بە چەند بەرهەمێکی وەرگێڕراو بۆ ڕێکخراوی Ask؛ لەوانەش: دلیل التدریب القیادي (وەرگێڕان)، المرأە والعمل السیاسی ڕؤية اسلامیة، الإعلان العالمي لحقوق (الإنسان، المرأة، الطفل) لە بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (پێداچوونەوە).
لەڕووی زمانزانییەوە ناوبراو بەهەردوو شێوەزاری هەورامی و بادینانیش دەتوانێت ئاخاوتن بکات، هاوکات شارەزاییەکی زۆرباشی هەیە لە ئاخاوتن بە زمانی عەرەبی و زمانی فارسیشدا. لە زمانی ئینگلیزیشدا ئەندازەیەکی گونجاو شارەزایی لە قسەکردندا هەیە.
ساڵی (1973) ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی (پێنج کچ و کوڕێکە). [1]
ئامادەکردنی: نیهایەت مەحمود