سۆران حسێن
کچە کوردێکی ڕفێنراوی ئێزدی لە گرتووخانەیەکی باکووری کوردستان دەدۆزرێتەوە. باوکی چووەتە گرتووخانەکە و دەڵێت: تورکیا داوای نووسراو لە ئێراق دەکات.
کچەکە ناوی ئاسیایە و کاتێک ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنراوە، تەمەنی 15 ساڵ بووە. کەمال چەتۆ، باوکی ئەو کچە کوردە ئێزدییە بۆ ناسر عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی ڕووداو قسەی کرد و دەڵێت: لە ڕێگەی پرسیار و بەدواداچوونەوە شوێنی کچەکەی ئاشکرا کردووە، کە لە زیندانێکدایە لە شاری ڕووهای باکووری کوردستان.
کەمال چەتۆ، کە ئێستا لە ئوسترالیا دەژی، بە ڕووداوی گوت، کچەکەی دوو مانگە لە شاری ڕووها دەستبەسەرە و بۆ ئازادکردنی، تورکیا داوای نووسراوێکی فەرمی لە ئێراقەوە دەکات.
باوکی ئاسیا دەڵێت: تورکیا دەڵێت لاریمان نییە لە ئازادکردنی، بەڵام بەڵگەمان دەوێت لە ئێراقەوە. ئاسیا دوو منداڵیشی لەگەڵدایە و تورکیا دەڵێت: دەبێت منداڵەکانیش ببەنەوە.
بە وتەی کەمال چەتۆ، ئاسیا سێ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ چەند خێزانێکی دیکەی #داعش# چووەتە تورکیا.
باوکی ئاسیا بۆ سۆراخی کچەکەی چووەتە ڕووها و دەڵێت: زیندانییەکە پڕ بوو لە خێزان و منداڵی داعش. چوومە باڵیۆزخانەی ئێراق لە ئەنقەرە و پێم وتن، تورکیا و بەڕێوەبەری زیندانەکە داوای نووسراوی #بەغدا# بۆ ئازادکردنی کچەکەم دەکەن.
بە وتەی خۆی، وێڕای بەدواداچوون و هەوڵدانەکانی بۆ ئازادکردنی ئاسیای کچی، تاوەکوو ئەمڕۆ بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە.
کەمال چەتۆ وتی، تکایە دەنگم بگەیێننە بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی#. تەنیا ئەو دەتوانێت دەردی ئێمە دەرمان بکات.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر #شەنگال# و دەوروبەری لە ئابی 2014، نزیکەی 5,000 ئێزدی کۆمەڵکوژ کران؛ هەروەها 6,417 کەسیش ڕفێنران.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی دەستی داعش، لەو کوردە ئێزدییانەی ڕفێنران، تاوەکوو ئەمڕۆ 3,577 کەسیان ڕزگارکراون و 2,840 کەسیان بێسەروشوێنن. [1]