=KTML_Bold=خوێندنەوەیەکی فەلسەفی بۆ پرسی نەتەوە و رۆحی نەتەوە=KTML_End=
نووسەر: #سامان سۆرانی#
ئەگەر چی زیاتر لە یەک سەدەیە گەلی کوردستان لە پێناو مانەوەی خۆی بەردەوام بووە لە تێکۆشان و قوربانیدان و کۆڵنەدان و خۆڕاگربووە بەرامبەر بە ئەو هەموو هەوڵانەی، کە لەلایەن داگیرکار و نەیارانی دراون بۆ قڕکردن و لەناوبردنی، ئەم گەلە هێشتا بە سەربڵندی لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە، چونکە باوەڕی بە ئایندەسازی هەیە و بەردەوام دەبێ لەسەر هەوڵەکانی بۆ دەوڵەتسازی.
شیکردنەوەی ڕووداوە سیاسییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانی دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەی، کە ئێمە هێشتا لەسەردەمی نەتەوە و دەوڵەت- نەتەوە دەژین.
سەرەڕای هەموو ئەو وەرچەرخانە گەورانەی، کە لە ڕەگەزی گلۆبالیزم ڕوویاندا و ئاراستەیان بەرەو یەکگرتوویی و درووستکردنی بلۆکی مەزنی نێوان وڵاتان گۆڕی و ئەو بیرۆکە گەردوونییەیان جاڕدا، کە دەڵێ پێویستە سنووری نەتەوە و ناسنامەکان تێپەڕێنرێت، چونکە نەتەوە و دەوڵەت- نەتەوە وەکوو گریمانە و خواست باویان نەماوە.
ئایا ئێمە دەتوانین نیشتمانیی و نەتەوەیی بگۆڕینەوە بە (کۆسمۆپۆلیتانیزم) گەردوونیبوون و لە ناو قاوغ و سنووری کیانی خۆمان بمێنینەوە، کە بە دڵنیاییەوە تەنگە؟
ئەمە پرسیارێکە، دەکرێ لە ئایندەدا زانستیانە وەڵامی بدرێتەوە، لە کاتێکدا گەلی کورد نزیکەی سەدەیەکە داوای سەربەخۆیی دەکات و مەبەستیە ئازادی بەدەست بهێنێ، بە ویژدانەوە دژ بە ستەمکار و داگیرکار خەباتی کردووە.
ڕووباری سیاسەتەکان بەناو شادەماری شۆڕشی ئەیلوول خوڕەی دەهات و سەرکردەیەکی مەزنی وەک مەلا مستەفا بارزانی (1903-1979) ڕێبەری دەکرد.
بارزانی نەمر وەکوو سیمبۆلێکی نەتەوەیی بە شێوەیەکی واقیعبینانە داوای مافی ڕەوای گەلی کوردستانی دەکرد و بە شانازییەوە ڕێبازێکی لە پاش خۆی بەجێهێشت، کە تەژییە لە ئاکاری بەرز، ئەو میراتە دەوڵەمەندە ئەمانەتێکی کردایی سیاسی و نەتەوەیی میللەتێکی بەرجەستەکردووە. مستەفا بارزانی، کە ڕابەری مەزنترین شۆڕشی مێژووی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە، پێی وابوو، ماف لە سەرووی هێزەوەیە و نەتەوە لە سەرووی حکومەتەوەیە.
نەتەوە ئەو ڕوحەیە سیاسەت و حوکمڕانی باش زیندوو دەکاتەوە و ئابوری و دادپەروەری و هزر و ئازادی و داهێنان و جوانییەکان دەورووژێنێ. نەتەوە دەوڵەمەندی لە فرەیی دەبینێ و کامڵبوون لە جیاوازییەکان.
ئەمڕۆ ئێمە شایەتی ململانێیەکی توندین لەسەر چەمکی هاوڵاتیبوون لە نێوان ستراتیژە جیاوازەکان.
لە نێوان پابەندبوون بە هاووڵاتیبوون وەکوو سیستەمێ، کە لە لایەن دەوڵەتی نەتەوەیی زامن دەبێت، لەگەڵ ئەوانەی، کە هەوڵ دەدەن، هاووڵاتیبوون لە دەوڵەتی نەتەوەیی جیا بکەنەوە و یاسا بۆ ئەو مافانە دەربکەن، کە گرینگی بە پەروەردەی نەتەوەیی نادەن، جیاوازی هەیە.
پێویستە دەوڵەتی نەتەوەیی و بنەمای سەروەری لە چوارچێوەیەکی گونجاوی بوونی کۆمەڵایەتی بمێنێتەوە و چەند پرنسیپەکانی هاووڵاتیبوون و دامەزراوەیی پەیڕەو بکرێ، ئەوەندە دەوڵەتی نەتەوەیی شەرعیەتی زیاد دەکات و قبوڵ دەکرێ. ئەو کات ئەو دەوڵەتە لە ئەنجامی ئەو کارانەیدا لە چاوی جیهان بەهێزتر و شایانی ڕێزلێنان دەبێ و پەیوەندی باشی لەگەڵدا دروست دەکرێ، لەسەر بنەمای پێکەوە ژیان. هەر ئەم پرنسیپانەش دەبنە هۆکارێ، کەوا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی سەردانەکانی بۆ وڵاتانی دەرەوە ڕێزی زیادی لێ بگیرێ و لەسەر بەرزترین ئاستی سیاسی و دیبلۆماسی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ.
میراتی نیشتمانیمان پێویستە ببێت بە وزەیەک بۆ هەموو تاکێکی کوردی نیشتمانپەروەر و بەرەو پێشەوە پاڵی بنێت، یان ببێت بە خۆراکێکی هزری بۆی، تا بتوانێت لەو ڕێگەیەوە ئەرکی ژیانی ئێستای جێ بەجێ بکات.
ئەگەر ئێمە مەبەستمان بێت ژیری و نیشتمانپەروەری لە کۆمەڵگەمان بڵاوبێتەوە، ئەوا لە ناو میراتی گەلەکەمان فێرگە هەبووە، کە بایەخی بە عەقڵ و ژیربیری و دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتمان داوە و بابەتە هزری و نیشتمانییەکانی بەرز نرخاندووە، دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ گەیشتنمان بە ئاواتمان، کە سەربەخۆیی و ڕزگاربوونمانە لە پاشکۆیی گەلان و ستەمکاران ودەسەڵاتدارانی باڵادەست لە دەوڵەتانی داگیرکار.
ئەگەر ئێمە خەون بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەبینین، ئەوا لە میرات و مێژووی ئێمە لاپەڕەی زۆر هەیە هەڵبدرێتەوە، تیایدا دەردەکەوێ، چۆن بیرمەندان پابەندی هزری شۆڕشگێڕی و بزاڤی شۆڕشگێڕی بوون. شێخ عبدالسلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی و #مەلا مستەفا بارزانی# هەر یەک بۆ خۆی قوتابخانەیەکی هزری و فەلسەفی و نیشتمانی گەورەیە. رۆحی نەتەوە دەتوانێ ببێ بە سەرچاوەی پێکەوەژیان و یەکگرتوویی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و هەستکردن بە ناسنامەی نەتەوەیی هاوبەش.
بە دڵنیاییەوە رۆحی نەتەوەیی تاک بەرەو یەکگرتوویی و خۆیەکخستن دەجوڵێنێ، هەستیان دەورووژێنێ، کە سەر بە وڵاتێکن و دەکرێ بەشدارییەکی چالاکانە بنوێنن لە گەشەکردن و پاراستنیدا. رۆحی نەتەوەیی بەهایەکی ئەخلاقییە لەسەرەتای درووستبوونی مرۆڤەوە بوونی هەبووە و تا کۆتایی ژیانیش بەردەوامی دەبێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=