محەمەد شێخ فاتیح
کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان دەڵێت کورد چاوەکانیان زیندوون و بە دوای شتێکدا دەگەڕێن.
سینگ چۆل لیم، کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور لە #هەولێر# لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو دا ڕایگەیاند کە پڕۆژەیەکی هەیە لە بواری ئابووری دا بۆ هەرێمی کوردستان (دوو کەیز ئیکۆ) ناونیشانی پڕۆژەکەمە. لە زمانی کوردی و لە زمانی کۆری دا بە ژمارە (2) هەر دەگوترێت دوو. (کەی)یش بە مانای کۆریا و کوردستان دێت. (ئیکۆ)یش بە مانای ئابووری دێت. من پێم خۆشە سەرنجم لەسەر ئابووری بێت، بۆیە ناوم ناوە (دوو کەیز ئیکۆ). ( ئیکۆ) هەروەها بە مانای دەنگدانەوەش دێت. لەوێدا مەبەست ئەوەبووە با دەنگدانەوەی یەکتربین، با وەک یەک بین.
کۆنسووڵی کۆریای باشوور دەیەوێت بەشێک لە ئەزموونی ئابووری و بەڕێوەبردنی کۆریا بگوازێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان من دەمەوێت خەڵکی کوردستان پەیمانگەی خۆیانیان بۆ گەشەپێدانی کوردستان هەبێت. بۆ ئەو مەبەستەیش پێم خۆش بوو ئەزموونی کۆریا بخەمەڕوو.
هەڤپەیڤین: محەمەد شێخ فاتیح
ڕووداو: بە خێربێیت بۆ ڕووداو.
سینگ چۆل لیم: سوپاس. شانازی دەکەم کە لێرەم لەگەڵ ئێوەم و لە ڕووداوم. ئەم تۆڕە میدیاییە زۆر بەنێوبانگ و متمانەپێکراوە. بۆیە زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵتانم.
ڕووداو: ئایا هیچ زمانی کوردی فێربووی؟ پێم خۆشە بە کوردی سڵاوێک بکەیت؟
سینگ چۆل لیم: بەڵێ، فێربووم. دەتوانم بڵێم نیوەڕۆتان باش.
ڕووداو: نیوەڕۆ باش!
سینگ چۆل لیم: هەندێک جاریش هەر دەڵێم سڵاو.
ڕووداو: ئەها.
سینگ چۆل لیم: ئەگەر کەسێک دەنگوباسم بپرسێت، دەتوانم لە وەڵامدا بڵێم: هەموو شتێک باشە.
ڕووداو: ئەگەر ڕووخسەت هەبێت، دەمەوێت بپرسم: سینگ چۆل لیم مانای چییە؟
سینگ چۆل لیم: پرسیارێکی جوانە. ماناکەی بەم جۆرەیە: (سینگ) واتە (پەیوەندی درووست بکە). (چۆل) واتە (پاکوخاوێنی، زۆر پاک) و، (لیم)یش واتە (دارستان). کەواتە مانای ناوەکەم بەم جۆرەی لێدێت پەیوەستبوون بە پاکوخاوێنیی دارستانەوە.
ڕووداو: زۆر حەزم لەو ناوانەی وڵاتی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە. ناوی پڕ مانان و زۆر لە سرووشتەوە وەرگیراون. بۆیە حەزم کرد بزانم ناوەکەت چ مانایەکی هەیە. ناوەکەت زۆر خۆشە.
سینگ چۆل لیم: سوپاس.
ڕووداو: بەڕێز لیم، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پیرۆزباییت لە ڕووداو کرد بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ستیڤییەوە. دەمەوێت بزانم بە لای تۆوە ئەو خەڵاتانە چ بایەخێکیان هەیە؟ ڕۆڵی ڕووداو وەک دامەزراوەیەکی میدیایی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
سینگ چۆل لیم: پیرۆزبایی ئەو خەڵاتەتان لێدەکەم. هەستێکی زۆر باشم بەرانبەر بە تەلەڤزیۆنەکەتان هەیە. ئەوەیشم لە زۆر خەڵکی کوردستان بیستووە. بەڵگەفیلمەکەتان زۆر باشە. کاتێک سەردانی هەندێک کۆمپانیام کرد، وتیان لەبەر ئەو بەڵگەفیلمە باشەی ڕووداو، ئێمە دەتوانین ئەم کارە بە باشی بکەین. جگە لەو نموونەیە، کار و چالاکییەکانی دیکەیشتان شایانی ئەوەن ئەم جۆرە خەڵاتانەی وەک ستیڤی وەربگرن. من پیرۆزباییتان لێدەکەم.
ڕووداو: هەست دەکەم بڕوایەکت بۆ درووستبووە کە پێتوایە کورد زیرەکن و کەسانی لێهاتووییان تێدایە. دوای ئەوەی ڕووداو ئەو خەڵاتەی وەرگرت، ئایا ئەوەندەی دیکە بڕوات بەوە پەیداکرد کە بە ڕاستی کورد زیرەکن؟
سینگ چۆل لیم: بەڵێ، زیرەکن. دەتوانم بڵێم کە ئێوە زۆر زیرەکن. لە چاوەکانتانەوە هەست بە زیرەکیتان دەکەم. من هەر کاتێک کەسێکی کورد دەبینم سەرم سووڕ دەمێنێت کە چاویان لە چاویان جیایە لە چاوی خەڵکی دیکەی جیهان.
ڕووداو: چۆن؟
سینگ چۆل لیم: چاوەکانیان زیندوون. هەر کاتێک چاوی خەڵکی کورد دەبینم، دەیانەوێت شتێک بڵێن. دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن، چاوی خەواڵوو نین. هەمیشە زیندوون. بە دوای شتێکدا دەگەڕێن. هەر بۆیە لە ئینتەرنێت دا گەڕام بزانم بەڵگەی زیرەکیی خەڵکی کورد چییە. زۆر بەڵگەم دۆزینەوە. ئێوە لە زانست و تەکنەلۆجیا و بواری پزیشکیدا زۆر باشن. هەروەها پاڵەوانی شەتڕەنجتان هەیە کە تەمەنی 13 ساڵە. کچێک کە خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێناوە. کۆمپانیای زۆر باشتان هەیە. هەروەها پزیشک و بیرکاریزانی باش و پسپۆڕی ئاسمانیتان هەیە کە لە ناسا کار دەکەن. بازرگانی لێهاتووتان هەیە کە ئێستا خاوەنی کۆمپانیای زۆر گەورەیە. کەواتە بەڵگەی زۆر بۆ زیرەکیتان هەن.
ڕووداو: ئێستا من بە چاومدا دیارە کە لە کەسێکی زیرەک دەچم؟
سینگ چۆل لیم: بەڵێ، هەر زۆر زیرەکیت. بە ڕاستی چاوەکانت زیندوون.
ڕووداو: ئێمە پێشتر باسی چاومان لە بابەتی هۆنراوە و خۆشەویستیدا بیستووە و باسمان کردووە، بەڵام ئێستا باسی خوێندنەوەی زیرەکی لە چاوەکانەوە شتێکی نوێ بوو کە پێم خۆش بوو باست کرد.
سینگ چۆل لیم: ئەمە یەکەم جارمە باسی چاو لە ئەدەبەکەتاندا دەبیستم کە پێتان خۆشە وەسفی چاو بکەن. ئەوە شتێکی خۆشبوو بۆ من. هەوڵدەدەم ئەو جۆرە هۆنراوە و ڕۆمانانە بخوێنمەوە کە وەسفی چاویان تێدایە.
ڕووداو: جگە لە پێوەری چاو، ئایا هیچ پێوەرێکی دیکە هەیە ئەو باوەڕەت بۆ درووست بکات کە کورد گەلێکی زیرەکن؟
سینگ چۆل لیم: بەڵێ. پرسیارێکی زۆر باشە. ئەمەیان ئەزموونی خۆمە، لە زمان دا دۆزیومەتەوە. چەند هەفتە لەمەوپێش لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین دەستمان بە خولێکی زمانی کۆری کرد و من لە سەرەتاوە بەشداریم لەو خولەدا کردووە تا ئێستا. دەبینم کە زۆر خوێندکار بەخێرایی فێری زمانی کۆری بوون. زۆر بەئاسانی دەنگەکان گۆ دەکەن. چاوم بە هەندێک کەسی کورد کەوتووە کە دەیانەوێت فێری کۆری ببن و، منیش هەندێکم فێرکردوون. زۆر بەخێرایی فێربوون. جا ئەم جۆرە زیرەکییە پەیوەندی بە هەمەچەشنییەوە هەیە، چونکە فەرهەنگەکەتان هەمەچەشنە. ئێوە زۆر بەئاسانی لەگەڵ هەموو زمانەکاندا ڕادێن. ئێوە زۆر بەخێرایی فەرهەنگەکانی دیکە هەڵدەمژن. ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەی زیرەکیتانە.
ڕووداو: بەڕێز لیم، ئەوە نزیکەی ساڵێک دەبێت کە وەک کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور هاتوونەتە هەرێمی کوردستان - دیسانەوە بەخێربێن بۆ کوردستان - ئەو ماوەیەی کە ڕابرد چۆن بوو؟ خۆشە یان ناخۆش؟ ئەو ستافە کوردەی کە لەگەڵتدان ئایا کەسانی ڕژدن و لەگەڵیاندا ئاسوودەیت؟
سینگ چۆل لیم: دەتوانم لەسەر ئەم پرسیارە دوو شت بڵێم: یەکەم، من 10 تایبەتمەندیم لە کۆمەڵگە و خەڵکەکەتاندا بینیوە کە زۆر دڵسۆز و خۆڕابگرن. هەروەها زیرەک و میواندۆستن. بەڕێزن، هەمەچەشنن و بەرگەگرن. مەبەستم ئەوەیە لە فەرهەنگەکەتاندا بەرگەگری هەیە. شتێکی دیکە ئەوەیە کە دووانەیی لە کۆمەڵگەکەتاندا هەیە. جا من 10 تایبەتمەندیم لە کۆمەڵگەکەتاندا بینوە. من ماوەی ساڵێک کارم لەسەر ئەوە کردووە کە توانایی سیاسەتی گشتی باشتر بکەم و ئێستا دەتوانم هەندێک ئەنجام ببینم. من لە بەرنامەمدایە ئەوە زیاتر باشتر بکەم و، لە کۆمەڵگەکەتاندا پاشخانی سیاسەتێکی گشتیی باش درووست بکەم.
ڕووداو: کاتێک پێیان وتیت کە کاری نوێت ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان دەبیتە کۆنسووڵی گشتی، هەستت چۆن بوو؟ پێشبینیی چیت دەکرد؟ پێشتر هیچ زانیارییەکت لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوو؟
سینگ چۆل لیم: پرسیارێکی باشە. دوای ئەوەی گەیشتمە ئێرە، بەراورد بە ئێستا زۆر شتم زانیوە. وێنای کوردستان وێنای جەنگاوەر بوو لە خەیاڵمدا، چونکە ئێوە زۆر ئازایانە کۆمەڵگەکەتان لە #داعش# دەپاراست. بۆیە لە وێنای من دا خەڵکی کوردستان جەنگاوەر بوون. هەروەها لێرە هەست بە هەمان شت دەکەم، بەڵام وەک وتم شتی زۆر زیاترم بینی، وەک ئەو 10 تایبەتمەندییە. ئێوە زۆر شتی باشتان لە کۆمەڵگەکەتاندا هەیە.
ڕووداو: بەڕێز لیم، لێکۆڵینەوەیەکت ئامادەکردووە کە شتێکی زۆر باشە و لە ڕووی ئابوورییەوە باسی دەستەواژەی کەی دوو 2K دەکەیت. مەبەستت لەوە چییە؟ لەنێو ئەو لێکۆڵینەوەیەدا باسی چیرۆکی (مانجی) دەکەیت کە زۆر بەلامەوە سەرنجڕاکێش بوو. ئایا دەتوانیت ئەو چیرۆکە بۆ بینەرانمان بگێڕیەوە؟
سینگ چۆل لیم: زۆر باشە. (دوو کەیز ئیکۆ) ناونیشانی پڕۆژەکەمە. لە زمانی کوردی و لە زمانی کۆری دا بە ژمارە (2) هەر دەگوترێت دوو. (کەی)یش بە مانای کۆریا و کوردستان دێت. (ئیکۆ)یش بە مانای ئابووری دێت. من پێم خۆشە سەرنجم لەسەر ئابووری بێت، بۆیە ناوم ناوە (دوو کەیز ئیکۆ). ( ئیکۆ ) هەروەها بە مانای دەنگدانەوەش دێت. لەوێدا مەبەست ئەوەبووە با دەنگدانەوەی یەکتربین، با وەک یەک بین. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە با ستراتیجیی خەڵکی کوردستان لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە درووست بکرێت و بۆ خەڵکی کوردستان بێت. مانای ئەوەیە با براندی کوردستان بۆ گەشەپیدانی ستراتیجیی ئابووریی کوردستان بەکاربهێنرێت. ئەمە ئامانجی ئەم پڕۆژەیەیە. هەندێک جار من (مانجێ)م ڕوون کردووەتەوە. (مانجێ) بەرپرسی پەیمانگەی توێژینەوەی کوریا بوو کە ئێمە پێیدەڵێین KDI واتە (پەیمانگەی گەشەپێدانی کۆریا). (مانجێ) بەرپرسی ئەم پەیمانگەیە بوو. کاتێک بووە بەرپرسی ئەم پەیمانگەیە 37 ساڵان بوو و زۆر لێهاتوو بوو و ئابووریناسێکی زیرەک بوو. لەلایەن سێ شوێنەوە متمانەی پێکرابوو. لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە کە ڕابەری وڵاتە، لەلایەن بواری ئەکادیمییەوە و، هەروەها لەلایەن بیانییەکانیشەوە. ئەم سێ لایەنە متمانەیان پێکرد و بەم متمانەیە توانیی کارەکەی زۆر بە باشی بکات. ئەو ئابووری خۆشدەویست و خۆی بۆ گرنگیدان بە هاوکارەکانی تەرخان کردبوو.
ڕووداو: دەمەوێت بپرسم: ئایا هیچ جیاوازییەک هەیە لەنێوان ئەو ناوەندانەی توێژینەوە و ئەو کەسانەی ڕاوێژکارن و ڕاوێژ دەدەنە حکومەت و دامەزراوەکان؟
سینگ چۆل لیم: ڕاوێژکارەکان! من زۆر ڕاوێژکار لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران و نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران دەبینم. ئەم ڕاوێژکارانە زۆر ژیر و زیرەکن، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئەگەر ئەوان نەبن، ئەگەر واز لە کارەکەیان بهێنن، ئەوا هەرچی زانیارییە نامێنێت و ئەم زانیارییانە لە نووسینگەکاندا نامێننەوە و زانیارییەکەیان لەگەڵ خۆیاندا دەبەنەوە ماڵ، بەڵام ئەگەر پەیمانگەی توێژینەوەمان هەبێت، ئەوا ئەم پەیمانگەیە دەتوانێت زانیارییەکانی ئەو کەسە شارەزایانە هەڵبگرێت. تەنانەت ئەگەر ئەو شارەزایانە واز لە کارەکەیان بهێنن و بچنە پەیمانگەیەکی دیکەیش لە جێگەیەکی دیکە، زانیارییەکە هەر لە پەیمانگەکەدا دەمێنێتەوە. ئەمە سیستمە و ئەو کاتە دەتوانیت ئەم زانیارییانە بەکاربهێنین تاوەکوو سیاسەتێکی دیکە درووست بکەین.
ڕووداو: ئایا دەتوانین بڵێین (مانجێ) وەک (گادفازەر) یان باوکی ڕۆحیی ئابووریی کۆریای باشوور سەیر دەکرێت؟
سینگ چۆل لیم: تاوەکوو ڕادەیەک دەتوانین بڵێین وەک (گاد فازەرە)، چونکە کەسێکە خۆی تەرخان دەکات بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکەی، ئەوا ئێمە دەتوانین ناوی لێ بنێین (گادفازەر). ئینجا مانجێ خۆی تەرخان کردبوو تاوەکوو وابکات کۆریا لە ڕووی ئابوورییەوە گەشە بکات. بۆیە ئێمە دەتوانین بە (گادفازەر) ناوی ببەین.
ڕووداو: ئێمە چۆن بتوانین لە هەرێمی کوردستانیش ئەو چیرۆکی سەرکەوتنەی مانجێ دووبارە بکەینەوە؟ پێویستیمان بە چییە؟
سینگ چۆل لیم: ڕاستییەکەی من دەمەوێت خەڵکی کوردستان پەیمانگەی خۆیانیان بۆ گەشەپێدانی کوردستان هەبێت. بۆ ئەو مەبەستەیش پێم خۆش بوو ئەزموونی کۆریا بخەمەڕوو. هەندێک بەشی باسی چیرۆکی مانجێیە و هەندێک بەشیشی چیرۆکی سەرکەوتووانەی ناوەندی بیرکردنەوەمانە کە پەیمانگەی توێژینەوەمانە. هەروەها باسی دەستکەوتە ئەکادیمییەکانی زانکۆکانیش دەکەم. بۆیە پێم خۆش بوو چیرۆکی کۆریا بناسێنم.
ڕووداو: ئێمە وەکوو هەرێمی کوردستان زۆر خۆشمان لە کۆرییەکان دێت. ئێوە خزمەتگوزاریی زۆرتان هەیە. زیاتر لە سێ-یەکی ئۆتۆمبێلەکانی سەر شەقامەکانی کوردستان کۆرین. زۆربەی مۆبایلەکانمان کۆرین. ئێستایش زۆر تیپی زەیتوون-مان خۆشدەوێت. ئێوە پەرتووکخانەی گشتیی هەولێرتان درووستکردووە. حەزدەکەم یەکێک لە کارە جیددیەکانت دامەزراندنی ناوەندێکی توێژینەوەبێت لە کوردستان. دەمەوێت بپرسم: بۆچی کۆنسووڵخانەی کۆریای باشوور زیاتر لە بواری سیاسی گرنگی بە لایەنە ئابووری دەدات؟ ئەمە هیچ هۆیەکی دیاریکراوی هەیە؟
سینگ چۆل لیم: هەندێک هۆکار هەن. دوای ئەوەی گەیشتمە ئێرە، پاش مانگێک بیرم لەوە کردەوە کە ئایا دەتوانم بە چ ڕێگەیەک پشتیووانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد بکەم. ئەوە پرسیاری من بوو. ئیتر دوای مانگێک بۆ یەکەم جار بڕیارم دا ئابووری هەڵبژێرم، چونکە بە دیدگەی من گۆڕەپانی سیاسی پڕە لەلایەنی زۆر. گەلێک لایەنی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەن و تەنانەت هەندێک لایەنی خەڵکیش بەگشتی بە جۆرێک لە حیزبەکاندا ئەندامن. بۆیە زۆر لایەنی سیاسی لە گۆڕەپانەکەدان. ئینجا منیش ئەو گۆڕەپانەم جێهێشت و لە گۆڕەپانی ئابووری دا دەستم بە کار کرد. دوای ئەوەی لە گۆڕەپانی ئابووری دا شتێکم بەدەستهێنا، ئەو کاتە دەگەڕێمەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی، بەڵام بۆ ئێستا سەرنجم لەسەر ئابوورییە.
ڕووداو: کەمێک لەمەوپێش وشەی متمانەبەخۆبوونت بەکارهێنا و گوتت لەناو کورد دا لە چاویانەوە دەزانم زیرەکن. ئەی لە چاویانەوە دەزانیت کە بڕوایان بە خۆیان هەیە یان نا؟ من پێم وایە چەند گرنگە مرۆڤ زیرەک بێت ئەوەندەش گرنگە باوەڕی بە خۆی هەبێت. بۆچی پێتوایە باوەڕبەخۆبوون زۆر گرنگە؟ لە شوێنانی دیکەیش زۆر ئەم وشەیە چەند بارە دەکەیەوە.
سینگ چۆل لیم: لەم بارەیەوە دەتوانم سێ شت بڵێم: یەکەمیان ئەوەیە بۆچی پێویستمان بە متمانەیە؟ لە بۆچوونەکەم دا متمانە هۆی گەشەکردنی ئابوورییە و هەندێک بیرمەندی زۆر بەنێوبانگیش وادەڵێن. فرانسیس فۆکۆیاما کە بیرمەندێکی زۆر بەنێوبانگە دەڵێت کە بێ متمانەییی و نەبوونی باوەڕ جۆرێکە لە خەرجی زیادە بۆ کۆمەڵگە. ئەگەر متمانەت بە دراوسێیەکانت نەبێت، ئەوا دەبێت زۆر شت بدەیت تاوەکوو دڵنیابیت لەوەی کە کەسێکی متمانەپێکراوە یان نا. ئەمە خۆی لەخۆیدا خەرجی زۆر دەکات، بەڵام ئەگەر متمانەتان بە یەکدی هەبێت، ئەوا پێویستیت بەوە نییە ئەو جۆرە خەرجییانە بکەی. ئەوە یەکەمیان. هەروەها بۆ گەشەکردنی ئابووری پێویستیت بە سێ شتە . یەکێکیان پارەیە کە پێیدەڵێین سەرمایەی ئابووری. ئەوی دیکەیان سەرچاوەی مرۆییە کە دەبێتە سەرمایەی مرۆیی. ئەوی دیکەشیان سەرمایەی کۆمەڵایەتییە کە مەبەستم لێی متمانەیە. ئەگەر متمانەت نەبێت، هەرچەندە سەرچاوەی دارایی و مرۆییشت هەبێت، ئەم دوو سەرچاوەیە دەچنە دەرەوەی وڵات. ئەگەر متمانەت بەم کۆمەڵگەیە هەبێت، ئەو کاتە ئەم دوو سەرچاوەیە لە کۆمەڵگەکەتدا دەمێننەوە، بەڵام ئەگەر متمانە نەبێت، هەموو سەرمایەکەت دەچێتە دەرەوە و هەموو کەسێکی دەستەبژێریش دەیەوێت لە وڵاتێکی دیکە بێت نەک لە وڵاتەکەی خۆی. بۆیە سێیەم هۆکار متمانەیە. هەر بۆیە دەبێت حکومەت و کۆمەڵگە زۆر هەوڵبدەن تاوەکوو کۆمەڵگەیەکی متمانەپێکراو درووست بکەن. ئەوە بۆیە لە وردەکاریدا بیرکردنەوە لە متمانە گرنگە. ئەگەر متمانە نەبێت، ناتوانیت هەموو کۆمەڵگە یەکگرتوو بکەیت.
ڕووداو: پێتوایە درووستکردنی متمانە و باوەڕبەخۆبوون لە خێزان و قوتابخانە و پەروەردەوە دەست پێبکات؟ ئایا ئێوە وەک کۆری زۆر باوەڕتان بە خۆتانە؟
سینگ چۆل لیم: خۆی ڕێکارەکە بەو جۆرەیە. وتم ناوەندی توێژینەوە گرنگە. ناوەندی توێژینەوەی کۆریا کاری خۆیان دەکەن و لە ساڵانی ڕابردوودا کاری خۆیانیان کردووە. ئەم ناوەندە ساڵی 1971 دامەزراوە کاتێک ئێمە گەشەمان بە ئابوورییەکەمان دا، ئەم ناوەندە ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو. کاتێک دەمانەوێت متمانە درووست بکەین، دەبێت حکومەت دوو شت بکات: یەکەمیان ئەوەیە سیاسەتێکی باش درووست دابڕێژت و، دووەمیان ئەوەیە بە باشی ئەو سیاسەتە جێبەجێ بکات، ئەم دوو شتە پێویستن.
یەکەم شت ئەوەیە پێویستیمان بە سیاسەتێکە بە باشی داڕێژرابێت و بۆ درووستکردنی سیاسەتێکی باشیش پێویستیمان بە ناوەندی توێژینەوەیە. بۆچی؟ چونکە حکومەت زۆر سەرقاڵە و کاتی پێویستیان بۆ بیرکردنەوەی قووڵ نییە و، کەسانی ئەکادیمی زیرەکن و کاتی زۆریان بۆ بیرکردنەوە هەیە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئاگایان لە دنیای ڕاستەقینە نییە. بۆیە لەنێوان دنیای ڕاستەقینە و دنیای خەیاڵیدا پێویستیمان بە ناوەندی توێژینەوە هەیە کە هاوکات ئاگایان لە دنیای ڕاستەقینە و ئەکادیمییە. پاشان لەم ناوەندەدا ئەگەر سیاسەت دابڕێژین، ئەوا ئەم سیاسەتە بە بەڵگەوە سەلمێندراوە و دەتوانرێت لەلایەن خەڵکەوە متمانەی پێبکرێت.
ڕووداو: بەڕیز لیم، زۆر خۆش باسی پەیمانگەی گەشەپێدانی کۆریا (KDI) دەکەیت، داوایەکت لێدەکەم کە کاری سەرەکیت لێرە ئەوەبێت کە KDIەکی دیکە بە ناوی +KDI درووست بکەیت. پێم وایە زۆر پێویستیمان پێیەتی و ئێمەش لە ڕووداو هاوکار دەبین. بەڵێن دەدەیت؟
سینگ چۆل لیم: ئەوە پرۆپۆزەڵێکی باشە لەلایەن کاک محەمەدەوە. بەڵێ، ئەوە ئەو شتەیە هیوای بۆ دەخوازم کە لێرە بیکەم و بۆ ساڵێکە هەوڵمداوە ئەم بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و سیاسییەکان و هەندێک لە ئەکادیمییەکان و ناوەندەی توێژینەوەی ڕووداو و دەزگای زانستیی دیکەدا باس بکەم. زۆربەیان ئەم بیرۆکەیان بە دڵە و، بەم نزیکانەیش هەندێک ڕازیبوونم لە نووسینگەی چەند بەرپرسێکی باڵاوە وەرگرت کە ناتوانم ئاماژەیان پێبکەم، بەڵام نووسینگەکانی هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران بەم بیرۆکەیە ڕازین. بۆیە زۆر متمانەم هەیە کە ئەم ناوەندە درووست بکەین. ئەگەر لەلایەن ڕووداویشەوە هەندێک یارمەتیی هەبێت، ئەوا دەتوانین ئەم پڕۆسەیە زیاتر بە پیشەیی بکەین و بەئاسانی بیکەین.
ڕووداو: زۆر خۆش شتەکان باس دەکەیت. هەست دەکەم خۆشخۆریش بیت. بیستوومە کە پەنیرخۆرێکی سەیریت، وایە؟
سینگ چۆل لیم: بەڵێ، هەموو بەیانییەک بە چێشتلێنەرەکە دەڵێم هێلکەوڕۆن بە پەنیرم بۆ درووست بکات. هەموو بەیانییەک چێژ لە پەنیرەکەتان وەردەگرم. زۆر بەچێژە.
ڕووداو: حەزت لە چ جۆرە پەنیرێکە و چۆن چۆنی دەیخۆیت؟
سینگ چۆل لیم: حەزم لەو جۆرە پەنیرەیە کە کاتێک بە چەقۆ هێلکەوڕۆنەکە دەبڕم، هێلکەکەی بەئاسانی ببڕدرێت، بەڵام پەنیرەکە بەئاسانی نەبڕدرێت. زۆر حەزم لەم پەنیرەکەیە. هەمیشە پەنیرەکە بۆ من ئاسان خۆی بە دەستەوە نادات و تووندە، بەڵام کە دووەم جار چەقۆی پێدا دەهێنم مل دەدات. حەزم لەم جۆرە پەنیرەیە.
ڕووداو: ئەو پەنیرە پەنیری چ وڵاتێکە و حەزت لە چ جۆرێکە؟
سینگ چۆل لیم: هیوادارم ئەم پەنیرە لە کوردستان درووست بکرێت، بە درووستی نازانم پەنیری کوێیە.
ڕووداو: هەست دەکەم تا ئێستا تامی پەنیری کوردستانت نەکردووە.
سینگ چۆل لیم: جارێک کە سەردانی کۆمپانیایەکم کرد کە پەنیریان بەرهەم دەهێنا کە کۆمپانیایەکی شیرەمەنی بوو، هەندێک پەنیریان پێدام تاقی بکەمەوە. هەر لەوێ تامم کرد، زۆر خۆش بوو. حەزم لێی بوو.
ڕووداو: ئینشاڵڵا تامی پەنیری زۆر تایبەتیی کوردستان دەکەیت. شاری وان لە باکووری کوردستان بۆ بەنێوبانگیی تێشت (نانی بەیانی) ناوی چووەتە نێو پەرتووکی گینسەوە، لەبەر ئەوە پێویست دەکات کە پەنیری کوردی بخۆیت.
سینگ چۆل لیم: باشە. بە دڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی نزیک دا هەوڵدەدەم.
ڕووداو: بەڕێز لیم، کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان، زۆر دڵخۆش بووم کە گفتوگۆم لەگەڵ کردیت. هیوادارم لە مانگەکانی داهاتوودا جێپەنجەت بەسەر ئابووری کوردستانەوە ببینم. من زۆر بەم گفتوگۆیە دڵخۆش بووم، تۆیش هەمان هەستت هەبوو؟
سینگ چۆل لیم: زۆر دڵخۆش بووم کە ئەم بیرۆکانەم لەگەڵ میدیایەکی زۆر بەڕێزدا خستنەڕوو کە هێندە نییە سێ خەڵاتی وەرگرتووە. زۆر خۆشحاڵم. زۆر سوپاس.
ڕووداو: زۆر سوپاس. بەخێربێیت.
سینگ چۆل لیم: زۆر سوپاس. [1]